کورد لە پێشانگای کتێبی هێلسینکی - It's Over 9000!

کورد لە پێشانگای کتێبی هێلسینکی

نوسراو لە بەرواری 2023 , October 29

ڕۆژانی پێنجشەممە بۆ یەکشەممە ٢٦ بۆ ٢٩ی ئۆکتۆبر لە سەنتەری پێشانگا و کۆنگرەی هێلسینکی، پێشانگای کتێبی هێلسینکی بەرێوە چوو. لە ماوەی ئەم سێ رۆژەدا، دەیان هەزار لە خەڵکی پایتەخت و دەوروبەر سەردانی پێشانگاکە کرد. پێشانگای کتێبی هێلسینکی کە هەموو ساڵی لە کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەبر بەرێوە دەچێت وەشانخانەکانی گەورە و بچووکی فینلاندی لە خۆیدا کۆ دەکاتەوە و وەشان و بەرهەمەکانی خۆیان پێشکەش دەکەن.

ئەمساڵ جگە لە وەشانخانە نەریتییەکان وەشانخانەکانی دیجیتالی و وەشانی دەنگ و ئەنیمەیشن جێگەی تایبەتییان لە پێشانگادا هەبوو.  

لە ماوەی پێشانگادا بۆ دەیانکەس لە نووسەران و داهێنەران سمینار و کۆری تایبەت بەرێوە چوو. یەکێک لەو کەسانەی کە بەرهەمەکانی بڵاو کراوە و جێی سەرنج بوو کاری هاوبەشی زاگرۆس مەنووچێر و هاوژینەکەی لێنا پارکینێن (LEENA PARKKINEN) بوو لە ژێر ناوی "میوانی پاییز". بەرهەمەکە چیرۆکی مناڵانە کە لەودا سڤۆرەیەکی فینلاندی بەناوی پایوو و سۆڤرەیەکی کورد بە ناوی باروو دەبنە هاوسێی یەک. باروو کە ناچار بووە زیدی خۆی بەجێ بێڵێ  دێ دەبێتە هاوسێی پایوو. پایوو بەهۆی دەنگەدەنگی زۆری بنەماڵەی باروو تووڕە دەبێ و سەرەتا کێشەیان لەناو ساز دەبێ، بەڵام دواتر بە هۆی ڕووداوێکەوە ئەوان پێکەوە دەگونجێن و دەبنە هاوسێی چاک.

زاگرۆس مەنووچێر چیرۆکەکانی کتێبەکە بە شێوەی وێنەی مینیاتۆری ساز کردووە و ڕەنگێکی تایبەت بە وێنەکانی کتێبەکە بەخشیوە. تەوەرەی پەرتووکەکە بریتین لە خێزانی نوێ، پەراوێزخران، ئێرەیی خووشک و برا، کۆچبەری، فرەکولتووری، ژینگە، وەرزەکانی ساڵ، ئێکۆلۆژی، ڕیسایکڵکردن و دروستکردنی شتەکان بە دەست.

کتێبی میوانی پاییز بۆ مناڵانی ٣ بۆ ٦ ساڵە نووسراوە و هیوادارم دانەران و وەشانخانە ڕیگەی بەکوردی کردنی ئەو بەرهەمە بدەن.

 

 

بۆچونی نوێ