خۆپیشاندانی کوردانی فینلاند بۆ شەرمەزارکردنی هێرشەکان بۆ سەر ناوچە کوردییەکانی حەلەب

نوسراو لە بەرواری 2026 , January 09
0 0

ڕۆژی هەینی ٩/١/٢٠٢٦ هاوکات لەگەڵ توندبوونەوەی هێرشەکان بۆ سەر ناوچە کوردییەکانی حەلەب، خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی بە بەشداریی بەرفراوانی کوردانی دانیشتووی فینلاندا و ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی فینلاندی دۆستی گەلی کورد، لە شاری هێلسینکی بەڕێوەچوو.

ئەم گردبوونەوە ناڕەزایەتییە لە بەردەم بینای پەرلەمانی فینلاندا و لە دۆخێکدا بەڕێوەچوو کە پلەی گەرما گەیشتبووە نزیکەی ٢٠ پلەی ژێر سفر. سەرەڕای سەرمای سەخت، خۆپیشاندەران بە ئامادەبوونی پڕژمارەی خۆیان، دژایەتیی توندی خۆیان بۆ هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ناوچە کوردنشینەکانی حەلەب ڕاگەیاند.

لەم خۆپیشاندانەدا، نوێنەرانی سەرجەم حزبە کوردستانییەکان ئامادە بوون. وتاربێژان و بەیاننامەی جیاوازی حزبەکان، جەختیان لەسەر پشتیوانی لە بەرخۆدان و خەباتی خەڵکی ڕۆژاوای کوردستان کردەوە و هاوسۆزیی خۆیان لەگەڵ خەباتی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیاند. بەشداربووان داوای کۆتاییهاتنی دەستبەجێی هێرشەکان، پاراستنی خەڵکی مەدەنی و ئاوڕدانەوەی جدیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییان بۆ دۆخی کوردەکان لە سووریا کرد.

 

پێشنیوەڕۆی هەمان ڕۆژ و پێش بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکەش، شاندێک پێکهاتوو لە نوێنەرانی ڕۆژاوای کوردستان و فیدراسیۆنی کوردانی فینلاندا لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی فینلاندا کۆبوونەوە. لەم دیدارەدا، داواکارییەکی فەرمی بە ئامانجی شەرمەزارکردنی هێرشەکان بۆ سەر ناوچە کوردنشینەکانی حەلەب و بەدەستهێنانی پشتیوانیی حکوومەتی فینلاندا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕادەستی بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە کرا.

 

ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە جەختیان کردەوە کە ئەم چالاکییە ناڕەزایەتی و دیپلۆماسییانە تا کاتی وەستانی هێرشەکان و مسۆگەرکردنی مافەکانی گەلی کورد بەردەوام دەبێت.

بۆچونی نوێ