ڕاپۆرتی هەژێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان: ٢٠٢٥ ساڵی سەرکوت و لەسێدارەدان لە ئێران

نوسراو لە بەرواری 2026 , January 01
0 0

لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥، مای ساتۆ، ڕاپۆرتێری تایبەتی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری ئێران، بە بڵاوکردنەوەی هەڵسەنگاندنێکی نووسراو، پەردەی لەسەر توندبوونەوەی بێ‌وێنەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کۆماری ئیسلامی لادا و ساڵی ٢٠٢٥ی وەک «یەکێک لە تاریکترین ساڵەکان» بۆ دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران وەسف کرد.

 

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بەدوای گرژییە سەربازی و ئەمنییەکاندا، فەزای مەدەنی لە ئێران زیاتر لە جاران داخرا و شەپۆلێکی بەرفراوان لە دەستبەسەرکردنەکان بە تۆمەتگەلێکی وەک «سیخوڕی» و «هاوکاری لەگەڵ دوژمن» سەریهەڵدا. ساتۆ جەخت دەکاتەوە کە دوای ئاگربەستەکەی مانگی جۆزەردان، نەک هەر گوشارەکان کەم نەبوونەوە، بەڵکوو سەرکوتی پێکهاتەیی پەرەی سەند.

 

بە وتەی ئەو، ڕۆژنامەنووسان، چالاکانی مەدەنی و کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان، لەوانە کوردەکان، بە شێوەیەکی نایەکسان بوونە ئامانجی سیاسەتە ئەمنی و دادوەرییەکان.

 

سەرەکیترین بەشی ئەم ڕاپۆرتە تەرخان کراوە بۆ زیادبوونی بەرچاوی لەسێدارەدانەکان. ساتۆ ڕایگەیاندووە کە تەنیا لە ١٠ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥دا، زیاتر لە ١٢٠٠ کەس لە ئێران لەسێدارە دراون؛ ئامارێک کە بە تێکڕای ڕۆژانە ٣ بۆ ٤ لەسێدارەدان، ئێرانی کردووە بە خاوەنی بەرزترین ڕێژەی جێبەجێکردنی سزای مەرگ لە جیهاندا.

 

ناوبراو دەشڵێت کە کەمتر لە ١٠ لە سەدی ئەم لەسێدارەدانانە بە فەرمی ڕادەگەیەنرێن و زۆرێک لە دۆسیەکان لەگەڵ دانپێدانانی زۆرەملێ و بێبەشبوون لە دەستڕاگەیشتنی کاریگەر بە پارێزەر هاوڕێ بوون.

 

هاوکات، ڕاپۆرتی ساڵانەی ماڵپەڕی مافی مرۆڤی «هرانا» هەواڵی لەسێدارەدانی لانیکەم ١٩٢٢ کەس لە ساڵی ٢٠٢٥ دەدات؛ ژمارەیەک کە بەراورد بە ساڵی پێشوو، بەرزبوونەوەیەکی ١٠٦ لە سەدی بەخۆیەوە بینیوە و باس لە بەدامەزراوەیی‌بوونی سزای مەرگ لە پێکهاتەی دادوەریی کۆماری ئیسلامیدا دەکات.

 

مای ساتۆ ڕاشکاوانە ڕایگەیاندووە کە لەسێدارەدان لە ئێران ئامرازێک نییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوان، بەڵکوو «چەکێکی سیاسییە بۆ چاوترسێنکردنی کۆمەڵگە» و هۆشداری داوە کە بەردەوامیی بێدەنگی و بێ‌تێچوو مانەوەی ئەم ڕەوتە، دەبێتە هۆی ئاسایی‌بوونەوەی کوشتاری دەوڵەتی و هەرەسهێنانی تەواوەتیی مافی ژیان و کەرامەتی مرۆڤ لە ئێران.

بۆچونی نوێ