دەستبەسەرکرانی لانیکەم چوار هاووڵاتیی کورد لە ئەسەدئاوا

نوسراو لە بەرواری 2026 , January 01
0 0

بەدوای بەردەوامیی ناڕەزایەتیی بازاڕیان و هاووڵاتییان لە شارە جیاوازەکاندا، ئێوارەی سێشەممە ٩ی بەفرانباری ١٤٠٤، لانیکەم چوار هاووڵاتیی کورد لە ڕەوتی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خەڵک لە ئەسەدئاوا لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

 

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دەستبەسەرکراوەکان ئاریۆ مورسەلی، ڕامتین بەخشی، پارسا ڕەزایی و پەژمان ساڵحی-ن کە هەموویان خەڵکی گوندی چناران شێخ، سەر بە ئەسەدئاوان. ئەم کەسانە دەوروبەری کاتژمێر ٨ی شەو و لە ڕەوتی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان دەستبەسەر کراون.

 

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوای ئەم دەستبەسەرکرانانە، ژمارەیەک لە هاووڵاتییان لە بەردەم کەڵانتەریی ١١ی ئەسەدئاوا کۆ بوونەوە و داوای ئازادیی دەستبەجێی دەستبەسەرکراوەکانیان کرد. لەگەڵ ئەوەشدا، هێزە حکوومەتییەکان بە تەقەکردن بەرەو ناڕازییان هەوڵی بڵاوەپێکردنیانی دا.

 

لە درێژەی ئەم ناڕەزایەتییانەدا، زۆربەی دووکان و یەکە پیشەییەکانی ئەسەدئاوا مانیان گرتووە و چالاکیی خۆیان ڕاگرتووە. هەروەها سەرچاوە خۆجێییەکان هەواڵی هەڕەشە و گوشاری هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر بازاڕیان و خاوەنکاران بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە مانگرتنەکە دەدەن.

 

هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر شوێنی ڕاگیران، دۆخی جەستەیی و تۆمەتە ئەگەرییەکانی ئەم چوار هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوە لە بەردەستدا نییە.

بۆچونی نوێ