ڕاگەیاندراوی ناوەندی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
بانگەوازێکی بەپەلە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی؛ دژی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بۆ پاراستنی پەنابەرانی سیاسی لە باشووری کوردستان
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، هەینی ڕێککەوتی ١٧/٧/٢٠٢٦، کۆماری ئیسلامی ئێران لە درێژەی کارە تێکدەرانە، تیرۆریستی و سەرکوتکارییەکانیدا، هێرشێکی مووشەکی دڕندانەی کردە سەر بنکە و بارەگاکانی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە پارێزگای سلێمانی. لەم هێرشە جینایەتکارانەدا، مخابن ٩ پێشمەرگەی بە ناوەکانی سیاوان نیکی خا، یاسین گیانپوور، زەکەریا فەقێ حەسەن، ئەحمەد مەحموودی، فەرهاد قەمەری، ڕەزا سادقی، سینا سەفەری، سروش نەسری، کەسرا رەحمانزادە شەهید بوون و ژمارەیەکی تریش لە پێشمەرگە قارەمانەکان بریندار بوون.
هەر لە هەمان ڕۆژدا، هێزە داگیرکەرەکانی ڕژێمی ئێران بە ٨ درۆنی هێرشبەر پەلاماری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانیان داوە.
لە دەسپێکی شەڕی ئێستای نێوان ئێران و تەوەرەی ئەمریکا-ئیسرائیلەوە، کۆماری ئیسلامی زیاتر لە ٨٠٠ جار هێرشی کردووەتە سەر خاکی باشووری کوردستان. لەو ژمارەیە، نزیکەی ٧٠٠ هێرش بەتایبەت بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ناوەندی نیشتەجێبوونی چالاکانی سیاسی و خەڵکی سیڤیلی پەنابەری ڕۆژهەڵات بووە کە لە باشووری کوردستان نیشتەجێن. لە ئەنجامی ئەم هێرشە بەردەوامانەدا، ژمارەیەکی بەرچاو لە پێشمەرگە و تێکۆشەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، و پارتی ئازادی کوردستان (پاک) شەهید و بریندار کراون.
ئێمە بە توندی ئەم دەستدرێژییە مووشەکی و درۆنییانەی کۆماری ئیسلامی و گرووپ و تاقمە تێرۆریستی و میلیشیا سەر بەوانە مەحکووم دەکەین، کە ئاسایش و سەروەری هەرێمی کوردستان و شوێنی ژیانی سڤیلی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتیان کردووەتە ئامانج.
ناوەندی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران هۆکار و بەرپرسی یەکەمی تێکهەڵچوونە ناوچەییەکان و شەڕی ئێستای ناوچەکەیە. ئەم ڕژێمە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی نگریسی خۆی دوو ڕێگای گرتووەتە بەر:
ناوەندی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان (UN)، ئەنجومەنی ئاسایش، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و سەرجەم دەوڵەتە ئازادەکانی جیهان دەکات کە چیدی لە ئاست ئەم تاوانە جەنگییانەدا بێدەنگ نەبن و هەڵوێستی بەکردەوەیان هەبێت:
١. پێشێلکردنی سەروەری خاک (بنەمای یاسای نێودەوڵەتی):
هێرشە بەردەوامەکانی ڕژێمی تاران، پێشێلکردنی ڕوونی ماددەی ٢(٤)ی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە دەستدرێژی بۆ سەر سەروەری خاک و سەربەخۆیی سیاسیی وڵاتان قەدەغە دەکات. پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ڕێکاری یاسایی و سزای توند ڕووبەڕووی ئەم دەستدرێژییانە ببێتەوە.
٢. پاراستنی پەنابەران (پەیماننامەی ١٩٥١ی جنێڤ):
تێکۆشەران و چالاکوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستاندا وەک پەنابەری سیاسی و مرۆیی دەژین. بەپێی یاسای نێودەوڵەتی و پرەنسیپی "ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی زۆرەملێ و پاراستنی پەنابەران" (Non-refoulement)، پاراستنی گیانی ئەوان و ڕێگریکردن لە پەلاماردانیان ئەرکێکی یاسایی و ئەخلاقی ڕاستەوخۆی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی فیدراڵی عێراقە.
٣. پشتگیری لە خەباتی ڕەوای گەلان:
داوا لە وڵاتانی جیهان دەکەین کە پشتیوانی لە نەتەوەکانی نێو ئێران و ماف و داخوازییە ڕەواکانیان بکەن و دژی دەستدرێژی و پەلامارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خەڵکی سڤیل لە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بوەستنەوە. بێدەنگی لە ئاست تاران، تەنها بێبەریبوونی زیاتری ناوچەکە لە ئاشتی و سەقامگیری لێدەکەوێتەوە.
سەربەرزی و نەمری بۆ شەهیدانی پێشمەرگە و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی کوردستان.
ناوەندی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
٢٥ی پووشپەری ٢٧٢٦