هونەری ئارام مانەوە و ستراتیژی بێدەنگی لە ڕێگەی سەرکەوتندا

نوسەر: د. مەجید حەقی
نوسراو لە بەرواری
0 0
16:05 2026 , May 17

مێشک؛ ئاغا یان نۆکەر؟

ئەم ڕۆژانە بە زۆر هۆی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کەشی سەردەمی شەڕ و چاوەروانیی ڕووداوەکان، زۆرجار زۆربەمان زوو تێک دەچین، تووڕە دەبین، کاردانەوە لە خۆمان پێشان دەدەین و یەکتر بە زۆر شتی ناشیاو تاوانبار دەکەین. چەند ڕۆژ لەمەوبەر خەریکی خوێندنی پەرتووکی "ناپۆلیۆن هیل" بووم، حەزم کرد ئەو ڕێنوێنییانەی ناپۆلیۆن لە پەرتووکەکەیدا بە خوێنەرانی دەدات، لەگەڵ ئێوەی خۆشەویستیشدا بەش بکەم؛ لەوانەیە بە کاری هەموومان بێت.

گەورەترین شەڕەکانی مرۆڤ لە پانتایی ژیاندا، هەمیشە بە قیژەوهۆڕ، کێشەکێش و قاڵوقەو ناچنە سەرێ؛ بەڵکوو جاروبار قووڵترین سەرکەوتنەکان لە قەڵەمڕەوی بێدەنگیدا سەر دەگرن. لە دنیایەکدا کە خەڵک بۆ چەسپاندنی ڕاستودروستیی خۆیان بەردەوام خەریکی دەمەقاڵە و هاوارکردنن، ئەو کەسەی ئارامیی خۆی دەپارێزێ و بیر دەکاتەوە، هەزاران فرسەخ لەوانی تر پێش دەکەوێ. "ناپۆلیۆن هیل"، نووسەر و بیردۆزیاری گەورەی سەرکەوتن، لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا «بیر بکەرەوە و دەوڵەمەند بە»، ڕاستییەکی قووڵمان وەبیر دێنێتەوە:

«پێش ئەوەی مێشکت کۆنترۆڵت بکات، تۆ کۆنترۆڵی مێشکت بکە.»

ئەم چەمکە، هێمای هاوبەشی هەموو ئەو مرۆڤانەیە کە دەستیان داوەتە خولقاندنی کارە مەزنەکان. مێشکی مرۆڤ وەک شمشێری دوودەم وایە؛ ئەگەر سەرپەرشتی و کۆنترۆڵی بکەی، دەبێ بە ئاغای بارودۆخەکە، بەڵام ئەگەر بەڕەڵای بکەی، مێشک دەبێتە ئاغات و تۆش دەکاتە نۆکەری دەوروبەر و مەرجە دەرەکییەکان.

 

بەشی یەکەم: جیاوازیی ژیاری لە نێوان «کاردانەوەی هەستیارانە» و «وەڵامی ژیرانە»

ژیانی ئێمە تێکەڵاوە لەگەڵ پێچولێچ و هەڵدێری کتوپڕ؛ قسەیەکی تاڵ، ناپاکی خزم و دۆستێک، تێکچوونی پێوەندییەک یان شێواوی لە بەرنامەکاندا. لەم کاتە قەیراناوییانەدا، زریانێک لە تووڕەیی، ئازار و فیز لە ناخی ئێمەدا هەڵدەستێ. ئەو جیاوازییەی کە سنووری نێوان مرۆڤێکی ئاسایی و مرۆڤێکی سەرکەوتوو دیاری دەکات، لە ڕاوەستان و ڕامانێکی چەند چرکەییدا شاردراوەتەوە؛ مەودایەکی کورت کە پیشانی دەدا ئایا ئێمە «کاردانەوە» لە خۆمان دەردەکەین یان «وەڵام» دەدەینەوە.

  • کاردانەوە (Reaction): ڕەفتارێکی کتوپڕ، خۆڕسک (غەریزی) و سەرچاوەگرتوو لە هەستی کوێر و "ئێگۆ"ی ناخییە. لە کاردانەوەدا، دەنگەکان بەرزن بەڵام بیرکردنەوەیەکی قووڵ لە گۆڕێدا نییە و هەر ئەم هەڵسوکەوتە پەلەپەلانە، ڕیشەی گەورەترین هەڵەکانی ژیانی مرۆڤن.
  • وەڵام (Response): کردەوەیەکە کە لە ژیری، هۆشیاری و تێڕوانینەوە سەرچاوە دەگرێ. وەڵامدانەوە پێویستی بە ڕامان و کەمێک ڕاوەستان هەیە؛ هەر ئەو ڕاوەستانە ۱۰ چرکەیییەی کە نیشانەی پێگەیشتوویی فکرییە.

پەندێک لە مێژوو (نموونەی یەکەم): ستیڤ جابز

نموونەی دیاری ئەم جیاوازییە، ستیڤ جابزە. کاتێک لەو کۆمپانیایەی کە خۆی دایمەزراندبوو (ئەپڵ) دەریانکرد، لە ناخەوە شکا؛ بەڵام تووڕەیی خۆی نەکردە ئاگرێکی وێرانکەر. هاواری نەکرد، کەسی بە تاوانبار نەزانی و بە پاراستنی ئارامیی خۆی، کۆمپانیا نوێیەکانی وەک «نێکست» و «پیکسار»ی خولقاند. خۆڕاگریی ئەو لەسەر هێوری بووە هۆی ئەوەی چەند ساڵ دواتر، ئەپڵ بە پاڕانەوە ناچار بێ بیگەڕێنێتەوە. جابز تێگەیشتبوو کە جاروبار باشترین تۆڵەسەندنەوە، «باشتربوون»ـە.

 

بەشی دووەم: شەڕی «ئێگۆ» لە دژی «ئامانج»

یەکێک لە کۆسپە گەورەکانی سەر ڕێگەی ئارامی، «ئێگۆ» (منی مێشکی یان فیز و کبریا)یە. ئێگۆ هەر ئەو دیوارە نادیارەیە کە ئێمە لە ڕاستی جیا دەکاتەوە. کاتێک مرۆب لەسەر بنەمای ئێگۆ دەجووڵێتەوە، دەیەوێ بە هەر نرخێک بێ بسەلمێنێ کە حەق بە دەستی ئەوە؛ ئەو بەدوای پەسندکردنی خەڵک، چەپڵەڕێزان و ڕازیبوونی کورتخایەندا دەگەڕێ. لە بەرامبەردا، «ئامانج» بەدوای کردنی کاری ڕاست، خولقاندنی تێڕوانین و بەهای ناخییەوەیە. ئێگۆ دەڕوانێتە دەرەوە تا ببێنێ کێ ڕێزی لێ دەگرێ، بەڵام ئامانج سەیری ناخ دەکات تا ببێنێ چی بەهایەکی ئافراندووە.

پەندێک لە مێژوو (نموونەی دووەم): مەهاتما گاندی

گاندی زۆر چاک دەیزانی کە ئیمپراتۆریی بریتانیا لە ڕووی چەک، سامان و هێزی سەربازییەوە زۆر لە سەرتر لە هیندستانە. بەڵام ئەو چەکێکی باڵاتری دۆزیبووەوە: «ئارامیی مێشک و پاکیی نییەت». فۆرمۆڵەکەی گاندی سادە بوو: بێدەنگی + ستراتیژی = سەرکەوتن. شەڕی گاندی لەگەڵ بریتانیا نەبوو، بەڵکوو لەگەڵ ترس، تووڕەیی و ڕقی ناخی خۆیدا بوو. ئەو بە زاڵبوون بەسەر هەستەکانی خۆیدا، دنیای هەژاند.

 

بەشی سێیەم: دەروونناسیی مۆدێرن و ڕیشە ناخییەکانی ئارامی

زۆر لە خەڵک بە هەڵە وا بیر دەکەنەوە کە ئارامی ئەو کاتە دێتە دی کە مەرجە دەرەکییەکان بێ‌خەوش بن و هەمووان لەگەڵیان میهرەبان بن. بەڵام ڕاستی کایەکە ئەوەیە کە ئارامی لە دەرەوە نایەت، بەڵکوو لێهاتووییەکی مانەوە و سەرچاوەگرتوو لە هێزی مێشکە.

زانستی دەروونناسیی مۆدێرن و دەمارناسی ئەم قسەیە پشتڕاست دەکەنەوە:

  • بەشی پێشەوەی توێکڵی مێشک (Prefrontal Cortex): کاتێک مێشک لە دۆخی ئارامیدایە، ئەم بەشەی مێشک چالاک دەبێ کە بەرپرسی بیرکردنەوەی لۆژیکی، چارەسەرکردنی کێشەکان، پاشەڕۆژنواڕی و بەرنامەڕێژییە.
  • ئامیگدالا (Amygdala): کاتێک تووڕە یان دڵەڕاوکێمان دەبێ، ئامیگدالا کۆنترۆڵی مێشک دەگرێتە دەست و مرۆڤ ناچار دەکات کە تەنیا لەسەر بنەمای غەریزەی ئاژەڵی و مانەوە (شەڕ یان ڕاکردن) کاردانەوە نیشان بدات.

ناپۆلیۆن هیل ئارامیی مێشک بە گەورەترین سامانی مرۆڤ دەزانێ؛ چونکە مێشکی ئارام لە هەر تەنگشەیەکدا «دەرفەتێک» دەبینێ، بەڵام مێشکی شێواو تەنانەت دەرفەتەکانیش بە شێوەی «مەترسی» دەبینێ. ڕێکارێکی کرداری بۆ گەیشتن بەم سامانە، تەرخانکردنی ۵ خولەک بێدەنگی لە سەرەتای هەر بەیانییەکی زوودایە؛ کاتێک بەبێ مۆبایل و سەرقاڵبوونی مێشک، بۆ چاودێریکردنی بیرۆکەکان و ڕێکخستنی لەرەلەری ناخی بێ، کە دەتوانێ تەواوی کاتەکانی ئەو ڕۆژە بپشێوێ و بگۆڕێ.

 

بەشی چوارەم: بێدەنگی وەک ستراتیژییەکی بەزیننەهاتوو

بەپێچەوانەی بیروباوەڕی گشتی کە بێدەنگی بە نیشانەی لاوازی، ترس یان بێدەسەڵاتی دەزانن، بێدەنگی ستراتیژییەکی هۆشمەندانەیە بۆ پاراستنی وزە. کەسێک کە لە بەرامبەر جووڵانەوە و هاندانی کەسانی تردا بێدەنگ دەبێ، پاشەکشەی نەکردووە، بەڵکوو وزەی خۆی بۆ شەڕە گەورەتر و بەماناترەکان پاشکەوت دەکات.

پەندێک لە مێژوو (نموونەی سێیەم): نێڵسۆن ماندێلا

ماندێلا دوای چەشتنی ۲۷ ساڵ زیندانیی سەخت، دەیتوانی بە تەقینەوەی تووڕەیی و تۆڵەسەندنەوە بێتە دەرێ؛ بەڵام ئەو ڕێگەی ژیری و هێمنی هەڵبژارد. ئەو زۆر چاک تێگەیشتبوو کە تووڕەیی و توندوتیژی، تەنیا خولێکی نوێ لە ئازار بەرهەم دەهێنێتەوە. ماندێلا دوای ئازادبوونی ڕستەیەکی نەمر و هەمیشەیی گوت:

«کاتێک لە زیندان هاتمە دەرێ، دەمزانێ ئەگەر تاڵی و ڕق لەگەڵ خۆم بهێنمە دەرێ، هێشتا هەر زیندانی دەبم.»

ئازادیی ڕاستەقینە واتە ڕزگاربوون لە بەندایەتیی تووڕەیی و کاردانەوە هەستیارییەکان.

 

دەرئەنجام: نواندنی خۆڕاگری و سەرکەوتنی کۆتایی

بەپێی ڕستە نەمرەکەی ناپۆلیۆن هیل: «سەبر، بەردەوامی و تێکۆشان، ئاوێتەیەکی بەزیننەهاتوون بۆ سەرکەوتن.» سەرکەوتن تریشقەیەکی کتوپڕ نییە، بەڵکوو ئاگرێکی کز و هێمنە کە ساڵانێک دەسووتێ و بۆ داگیرساو مانەوەی، پێویستی بە لەنگەرگەی ئارامی هەیە. مێشکی ئارام پاشەڕۆژ دەبینێ و مێشکی شێواو تەنیا ئازاری ئێستا هەست پێ دەکات.

لە کۆتاییدا دەبێ بگوترێ، خۆڕاگری و خۆبەدەستەوەنەدان (خویشتن‌داری) لووتکەی هێزی مرۆڤێکە. جەنگاوەری ڕاستەقینە ئەو کەسە نییە کە بە شمشێر یان دەنگی بەرز کەسانی تر لەپێ بخات؛ بەڵکوو ئەو کەسەیە کە بە بێدەنگی، زاڵبوون بەسەر خۆیدا و بەڕێوەبردنی ئێگۆی ناخی، سەرکەوتن سەرەتا لە ناخی خۆیدا ساز دەکات و پاشان بێ ئەوەی پێویستی بە هاوارکردن بێ، جیهانی دەوروبەری دەگۆڕێت. ئارام مانەوە لە دنیایەکی پڕ لە شێواویدا، خۆی گەورەترین سەرکەوتنە.

 

بۆچونی نوێ