لە وتووێژێکی مەجید حەقی، چالاکوانی سیاسی و ڕاگەیاندنی "میدیا ڕۆژهەڵاتی کوردستان" و یەکێک لە دامەزرێنەرانی "ژینا میدیا" لە فینلاند، لەگەڵ محەممەدڕەزا ئەسکەندەری، ڕۆژنامەنووس و دەروونچارەسەرکاری نیشتەجێی هۆڵەندا، لێکەوتە دەروونی، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی بڕینی ئینتەرنێت لە ئێران و کوردستان تاوتوێ کراون. ئەسکەندەری دەڵێت بڕینی ئینتەرنێت تەنیا بێبەشبوون لە پەیوەندی نییە؛ بەڵکو چەشنێک فشاری دەروونی، بڕینی دەرفەتی دادخوازی و کپکردنی گێڕانەوەی ئازارەکانی خەڵکە.
بڕینی ئینتەرنێت؛ لە دڵەڕاوکێی تاکەکەسییەوە تا برینی بەکۆمەڵ
پرسیار: ئێوە وەک دەروونچارەسەرکارێک، کاتێک کەسێک بۆ ماوەی دوو مانگ هیچ زانیارییەکی لەسەر دۆخی ئاسایش و تەندروستیی بنەماڵەکەی نییە، چ گۆڕانکارییەک لە سیستەمی دەروونییدا ڕوودەدات؟
وەڵام: کاتێک مرۆڤێک بۆ ماوەی دوو مانگ هیچ هەواڵێکی لە ئاسایش و تەندروستیی بنەماڵەکەی نییە، دەروونی تووشی دڵەڕاوکێیەکی ئاسایی نابێت؛ بەڵکو دەکەوێتە دۆخی هەڕەشەی بەردەوامەوە. لە بارودۆخێکی ئاواماندا، مێشک چیتر ناتوانێت بە ڕوونی جیاوازی لە نێوان مەترسیی ڕاستەقینە، مەترسیی پێشبینیکراو و وێنای دەروونیی مەترسییەکەدا بکات.
سیستەمی دەمار بە بەردەوامی لە دۆخی ئامادەباشیدا دەمێنێتەوە. خەو تێکدەچێت، سەرنجدان کەم دەبێتەوە، جەستە تووشی گرژی، لێدانی توندی دڵ، بێقەراری، ماندوێتی و هەندێک جاریش سڕبوونی سۆزداری دەبێت. ڕەنگە کەسەکە لە دەرەوە ئارام دیار بێت، بەڵام لە ناخەوە، مێشکی بە بەردەوامی بەدوای نیشانەیەکی مەترسیدا دەگەڕێت.
لە ڕوانگەی دەروونچارەسەرییەوە، ئەم دۆخە دەکرێ نزیک بێت لە چەمکی "ونبوونی ناڕوون"؛ واتە مرۆڤ نازانێت ئازیزی زیندوە یان نا، تەندروستە یان نا، دەستبەسەر کراوە یان نا، لە مەترسیدایە یان نا. ئەم جۆرە بێدەنگبوون و بێهەواڵییە تەنانەت لە مردنیش ئاڵۆزترە؛ چونکە شینگێڕان و کۆستکەوتن شێوە ناگرێت، بەڵام دڵەڕاوکێش کۆتایی نایەت. مرۆڤ لە نێوان هیوا و ترسدا هەڵواسراو دەمێنێتەوە.
در چنین شرایطی، بڕینی ئینتەرنێت تەنیا کێشەیەکی تەکنیکی نییە؛ بڕینی پەیوەندی، بڕینی گێڕانەوە و بڕینی دەرفەتی دادخوازییە. کاتێک مرۆڤ نەتوانێت ئازاری خۆی دەربڕێت، شایەتی بدات، داوای یارمەتی بکات یان تەنانەت بزانێت ئازیزانی زیندوون، ئازارەکە لە ئاستی تاکەکەسی تێدەپەڕێت و دەبێتە برینێکی بەکۆمەڵ.
بێبەشبوون لە گێڕانەوە؛ تووڕەیی سەرکوتکراوی کۆمەڵگە
پرسیار: ئێمە دەڵێین ئینتەرنێت ئامرازێکی دادخوازییە. ئایا بێبەشکردنی خەڵک لە "گێڕانەوەی ئازارەکانیان" لە ڕووی دەروونییەوە ناتوانێت لە داهاتوودا ببێتە هۆی تەقینەوەی تووڕەیی سەرکوتکراو؟
وەڵام: بەڵێ، بێگومان. بێبەشکردنی خەڵک لە گێڕانەوەی ئازارەکانیان دەکرێ ببێتە هۆی کۆبوونەوەی تووڕەیی. تووڕەیی کاتێک دەرفەتی دەربڕین، بیستران و گۆڕانی بۆ دادخوازی نەبێت، لە دەروونی تاک و کۆمەڵگەدا دەنیشێت.
ئەو خەڵکەی نەتوانن بڵێن چییان بەسەر هاتووە، تەنیا بێدەنگ نەبوون؛ بەڵکو ئەوان ئازارەکە لە ناخی خۆیاندا هەڵدەگرن. ئەم ئازارە ڕەنگە دواتر لە شێوەی بێمتمانەیی قووڵ، خەمۆکی بەکۆمەڵ، کشانەوەی کۆمەڵایەتی، ڕەفتاری مەترسیدار یان تەقینەوەی لەناکاودا دەربکەوێت.
ئینتەرنێت لە دۆخێکی ئاواماندا تەنیا هۆکاری پەیوەندی نییە؛ بەشێکە لە میکانیزمی مانەوە، تەندروستیی دەروونی و دادپەروەریخوازی. خەڵک بە ئینتەرنێت هەواڵ دەدەن، داوای یارمەتی دەکەن، شایەتی دەدەن، بەڵگە تۆمار دەکەن و ڕێگە نادەن ئازارەکانیان لە تاریکیدا بنێژرێت.
لە ڕووی دەروونییەوە، ئەو خەڵکەی دەرفەتی گێڕانەوەیان نییە، تەنیا کپ نەکراون؛ بەڵکو ئەوان هاوارەکەیان لە ناخی خۆیاندا هێشتووەتەوە. کۆمەڵگەیەکیش کە هاوارەکانی نەبیسترێت، زوو یان درەنگ ئەو هاوارانە بە شێوازی سەختتر و پێشبینینەکراوتر نیشان دەدات.
دیاسپۆرا و ئیفلیجیی زانیاری
پرسیار: ئێوە ساڵانێکە لە هۆڵەندا بۆ ڕاگەیاندنە کوردییەکان چالاکی دەکەن. کاتێک ئینتەرنێت دەبڕدرێت، دیاسپۆرا تووشی جۆرێک لە "ئیفلیجیی زانیاری" دەبێت. ئەم ناتواناییە چۆن کاریگەری لەسەر چالاکیی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردانی دەرەوەی وڵات دادەنێت؟
وەڵام: بڕینی ئینتەرنێت بۆ دیاسپۆرا تەنیا بە واتای درەنگ گەیشتنی هەواڵ نییە؛ بە واتای لەکارکەوتنی بەشێک لە توانای سیاسی، ڕاگەیاندنی و کۆمەڵایەتیی ئەوانە. دیاسپۆرا بەزۆری بە سێ توخم کار دەکات: هەواڵ، شایەتی و تۆڕی پەیوەندی. کاتێک ئینتەرنێت دەبڕدرێت، هەر سێ توخمەکە زیانیان پێدەگات.
لە لایەکی ترەوە، بڕینی ئینتەرنێت مەیدانەکە بۆ گێڕانەوەی حکومەتی واڵاتر دەکات. کاتێک شایەتحاڵە ڕاستەوخۆکان نەتوانن قسە بکەن، حکومەت هەوڵ دەدات بۆشایی زانیاری بە گێڕانەوەی فەرمی، نکۆڵی، چەواشەکاری یان تۆمەتبارکردن پڕ بکاتەوە.
بەڵام ئەگەر تۆڕە میدیاییەکان، چالاکوانانی مافی مرۆڤ و بنەماڵەکان لە دەرەوەی وڵات بتوانن زانیارییە بەردەستەکان پشتڕاست بکەنەوە، تۆماری بکەن و بە ڕێکوپێکی بڵاوی بکەنەوە، ئەم ئیفلیجیی زانیارییە دەکرێ تا ڕادەیەک بگۆڕێت بۆ میکانیزمێکی خۆڕاگری؛ واتە لەجیاتی کاردانەوەی سۆزداری و ناڕێک، گێڕانەوەیەکی بەڵگەنامەیی، بەردەوام و باوەڕپێکراو دروست بکرێت.
بۆشایی پەیوەندی و پەرەسەندنی پڕۆپاگەندە
پرسیار: ئایا بڕینی پەیوەندی، مەیدانەکە بۆ پڕۆپاگەندەی حکومەتی واڵا ناکات تا گێڕانەوەی خۆی بەسەر دیاسپۆرادا بسەپێنێت؟
وەڵام: بەڵێ، ڕێک وایە. کاتێک پەیوەندیی خەڵک لەگەڵ دەرەوەی وڵات دەبڕدرێت، تەنیا دەنگی هاوڵاتیان کپ نابێت؛ بەڵکو مەیدانی گێڕانەوەش چۆڵ دەبێت. حکومەتەکان بەزۆری لە ناوچەیەکی ئاوا چۆڵدا هەوڵ دەدەن گێڕانەوەی فەرمی خۆیان وەک تاقە گێڕانەوەی بەردەست پێشان بدەن. بڕینی ئینتەرنێت سێ ئەنجامی ڕاستەوخۆی هەیە:
بەڵام ئەم سەپاندنە تەواو نییە. ئەگەر دیاسپۆرا بە ڕێکوپێکی کار بکات، دەتوانێت ئەم بۆشاییە پڕ بکاتەوە: لە ڕێگەی تۆمارکردنی شایەتییەکانی دواتر، پاراستنی بەڵگەنامەکان، پەیوەندی لەگەڵ دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ، کاری میدیایی فرەزمان و خۆپاراستن لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی پشتڕاستنەکراوە. گێڕانەوەی فەرمی ئەو کاتە تێکدەشکێت کە گێڕانەوەی خەڵک، تەنانەت بە دواکەوتنیشەوە، بە شێوەیەکی بەڵگەنامەیی و بەردەوام تۆمار و بڵاو بکرێتەوە.
ئەزموونی ڕادیۆ؛ ڕاگەیندن تەنیا تەکنەلۆژیا نییە، تۆڕی متمانەیە
پرسیار: بەڕێزتان یەکێک لە دامەزرێنەرانی ڕادیۆ "ژیار" و "کوردانە" بوون. لە سەردەمێکدا کە ئینتەرنێت نەبوو، چۆن پەیوەندیی خۆتان لەگەڵ ناوخۆی وڵات دەپاراست؟ ئایا لەم دۆخی "بێدەنگی و خامۆشییەدا" دەکرێ بگەڕێینەوە بۆ شێوازە نەریتییەکانی گەیاندنی زانیاری؟
وەڵام: لەو سەردەمەی ئینتەرنێت نەبوو، پەیوەندی لەگەڵ ناوخۆی وڵات زۆر سەختتر، خاوتر و پڕتێچووتر بوو؛ بەڵام نەبڕابوو. ئێمە بۆ پەیوەندی لەگەڵ ناوخۆ پشتامان بە تۆڕێک لە متمانە دەبەست: پەیوەندی تەلەفۆنی سنووردار، ناردنی پەیام لە ڕێگەی کەسانی باوەڕپێکراوەوە، نامە، شریتی کاسێت، فاکس، پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکان، چالاکوانانی مەدەنی، خوێندکاران، پەنابەرە تازەهاتووەکان و ئەوانەی لە نێوان ناوخۆ و دەرەوەدا هاتوچۆیان دەکرد.
ئەو کاتە خێرایی ئەمرۆمان نەبوو، بەڵام شتێکی زۆر گرنگ هەبوو: وردبینی و متمانە. هەواڵ بە ئاسانی بڵاو نەدەکرایەوە، بەڵام کاتێک بڵاو دەبووەوە، بەزۆری لە چەند ڕێگەی جیاوازەوە پشکنیومان دەکرد. ڕادیۆ لەو سەردەمەدا تەنیا ئامرازی هەواڵگەیاندن نەبوو؛ جۆرێک پردی دەروونی و سیاسی بوو لە نێوان ناوخۆ و دەرەوە. بۆ ئەو خەڵکەی هەستیان دەکرد دەنگیان نابیسترێت، بیستنی بەرنامەیەکی ڕادیۆیی بە زمانی خۆیان، لەسەر ئازار و داواکارییەکانی خۆیان، جۆرێک بوو لە چەسپاندنی بوونیان.
بەڵام سەبارەت بە ئەمرۆ، من پێم وایە گەڕانەوەی تەواو بۆ شێوازە نەریتییەکان پێکان نییە؛ چونکە کۆمەڵگەی ئەمرۆ ڕاهاتووە بە خێرایی، وێنە، بەڵگە و پەیوەندی خێرا. سەرەڕای ئەوەش، لە دۆخی بێدەنگکردندا، دەبێت ئەزموونە کۆنەکان دووبارە بەکار بهێنرێنەوە. نباید همه توان اطلاعرسانی ما فقط وابسته به اینترنت باشد.
دەکرێ دووبارە گرنگی بدرێتەوە بە تۆڕە مرۆییەکان، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان، ڕادیۆ مانگیلەیی و ئینتەرنێتییەکانی دەرەوەی وڵات، نامیلکە چێپکراوەکان، پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، میدیا نێودەوڵەتییەکان، وەرگرتنی شایەتی دوای چاکبوونەوەی بڕینی ئینتەرنێت و تەنانەت پەیامگەیاندنی دەم بە دەم. ئەزموونی ڕادیۆ ژیار و کوردانە پێمان دەڵێت: میدیا تەنیا تەکنەلۆژیا نییە؛ میدیا تۆڕی متمانەیە. ئەگەر متمانە، بیرەوەری و پەیوەندی مرۆیی هەبێت، تەنانەت لە تاریکیشدا دەکرێ ڕێگەیەک بۆ گەیاندنی دەنگ بدۆزرێتەوە.
میدیای کوردی لە هۆڵەندا؛ گۆڕینی ئازاری ناوخۆیی بۆ دۆسیەیەکی جیهانی
پرسیار: ڕۆڵی میدیای کوردی لە وڵاتێکی وەک هۆڵەندا چییە بۆ ئەوەی پرسی "سزای بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان" لە ڕێگەی بڕینی ئینتەرنێتەوە بگەیەنێتە دامەزراوە جیهانییەکان؟
وەڵام: ڕۆڵی میدیای کوردی لە وڵاتێکی وەک هۆڵەندا زۆر گرنگە. هۆڵەندا تەنیا شوێنی ژیانی دیاسپۆرا نییە؛ وڵاتێکە کە تێیدا ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، پارتە سیاسییەکان، پەرلەمان، میدیا نێودەوڵەتییەکان، دادگاکان و ڕێکخراوە یاساییەکان چالاکن. واتە ئەگەر میدیای کوردی ڕاست و دروست کار بکات، دەتوانێت ئازاری خەڵکی کوردستان لە ئاستی هەواڵێکی ناوخۆییەوە بگوازێتەوە بۆ ئاستی پرسێکی مافی مرۆڤ و نێودەوڵەتی.
بڕینی ئینتەرنێت نابێت تەنیا وەک کێشەیەکی تەکنیکی بناسێندرێت. دەبێت بە زمانی مافی مرۆڤ ڕوون بکرێتەوە: سزای بەکۆمەڵ، بێبەشکردن لە مافی پەیوەندی، مافی زانیاریگەیاندنی، مافی دادخوازی، مافی پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵە و مافی دەستڕاگەیشتن بە هانای خێرا. میدیای کوردی لە دیاسپۆرا دەتوانێت چەند کاری بنەڕەتی بکات:
میدیای کوردی دەبێت ببێتە دەنگی کپکراوان؛ بەڵام نەک تەنیا بە دروشم. بەڵکو بە بەڵگە، وەرگێڕان، بەدواداچوون، تۆڕسازی و گۆڕینی ئازاری خەڵک بۆ دۆسیەیەکی تێگەیشتوو بۆ جیهان.
بێدەنگی هەمیشە بە واتای بێدەنگیی ڕەها نییە
پرسیار: ئێمە لە دەرەوەی وڵات چۆن دەتوانین ببینە "دەنگی ئەو شایەتحاڵانەی" کە ئێستا لە ناوخۆی وڵاتدا لە تاریکیدا دەژین؟
وەڵام: بێدەنگی هەمیشە بە واتای بێدەنگیی ڕەها نییە. هەندێک جار حکومەتەکان دەیانەوێت بە بڕینی ئینتەرنێت خەڵک لە جیهان داببڕن؛ بەڵما ئەرکی ئێمە لە دەرەوەی وڵات ئەوەیە ڕێگە نەدەین ئەم دابڕانە ببێتە هۆی لەبیرچوونەوە.
ئێمە لە دیاسپۆرادا دەتوانین ببینە دەنگی ئەو شایەتحاڵانەی کە ئەمڕۆ دەرفەتی قسەکردنیان نییە، بەڵام ئەم کارە دەبێت بەرپرسیارانە و بە وردی بکرێت. یەکەم دەبێت هەر گێڕانەوە، هەر ناو، هەر کات, هەر شوێن، هەر وێنە و هەر شایەتییەک کە دەگاتە دەستمان، تۆماری بکەین و بیپارێزین. ئەم بەڵگەنامانە سبەی دەتوانن ببنە بەشێک لە بیرەوەری بەکۆمەڵ و دۆسیەی دادخوازی خەڵک.
دووەم، دەبێت بە کوردی، فارسی، هۆڵەندی و ئینگلیزی بنووسرێت؛ بۆ میدیاکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ئەندامانی پەرلەمان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ڕای گشتی. ئەرکی ئێمە تەنیا هاوارکردن نییە؛ وەرگێڕانی ئازاری خەڵکە بۆ زمانێک کە جیهان بتوانێت لێی تێبگات. دەبێت هاوسەنگی لە نێوان سۆز و وردبینیدا دروست بکەین. دەبێت خێرا بین، بەڵام پەلەپەل نەکەین؛ دەنگی خەڵک بین، بەڵام بە بەڵگە، وردبینی و بەرپرسیارێتییەوە.
پەیامی دەروونچارەسەری بۆ بنەماڵە کوردەکان لە دیاسپۆرا
پرسیار: پەیامی ئێوە وەک دەروونچارەسەرکارێک بۆ بنەماڵە کوردەکان لە دیاسپۆرا کە بەهۆی بێهەواڵییەوە تووشی دڵەڕاوکێ و بێخەوی بوون چییە؟ چۆن دەتوانن هاوسەنگیی دەروونیی خۆیان بپارێزن؟
وەڵام: پەیامی من بۆ بنەماڵە کوردەکان لە دیاسپۆرا ئەمەیە: دڵەڕاوکێی ئێوە لە بارودۆخێکی ئاوادا نیشانەی لاوازی نییە؛ بەڵکو کاردانەوەی سروشتیی جەستە و دەروونە بۆ بێهەواڵی، هەڕەشە و دەستکورتانەیی. کاتێک هیچ هەواڵێکتان لە ئازیزانتان نییە، مێشکتان بە بەردەوامی هەوڵ دەدات مەترسی پێشبینی بکات. چوار خاڵی سەرەکی هەیە بۆ پاراستنی هاوسەنگیی دەروونی:
بێهەواڵی بەئازارە، بەڵام نابێت ڕێگە بدەین لە ناخەوە بمانشکێنێت. کەسێک کە دەیەوێت ببێتە دەنگی کپکراوان، دەبێت ئاگاداری خۆی بێت تا خۆی لەژێر فشاری دڵەڕاوکێ و داخوراندا خامۆش نەبێت.
کۆبەند و پوختەی پێشنیارکراو
بڕینی ئینتەرنێت لە کوردستان تەنیا بڕینی پەیوەندی نییە؛ بەڵکو بڕینی دەرفەتی گێڕانەوە، دادخوازی، چاودێری و شایەتیدانە. ئەم بێدەنگکردنە، هەم دەروونی تاک بریندار دەکات، هەم بنەماڵەکان لە دۆخی هەڵواسراودا دەهێڵێتەوە، هەم دیاسپۆرا لەگەڵ ئیفلیجیی زانیاری ڕووبەڕوو دەکاتەوە و هەم مەیدانەکە بۆ چەواشەکاری و پڕۆپاگەندە واڵا دەکات. بەڵام خامۆشی کۆتایی دەنگ نییە. ئەگەر دیاسپۆرا بە وردبینی، بەڵگە، وەرگێڕان، تۆڕسازی و چاودێریی دەروونییەوە کار بکات، دەتوانێت لە ناخی تاریکیدا، بیرەوەرییەکی ڕوون و باوەڕپێکراو بۆ دادخوازی بنیاد بنێت.