شەڕ و چارەنووسی کورد لە ئێراندا

نوسەر: Jukka Huuska
نوسراو لە بەرواری
0 0
05:05 2026 , May 08

ئاگربەست زیاتر لە هەفتەیەکی خایاندبوو کاتێک هەرێمی کوردستانی عێراق دیسانەوە شیوەنی بۆ قوربانیانی نوێ گێڕا. ئێران لە شەودا بە درۆن هێرشی کردبووە سەر ناوچە ئۆتۆنۆمەکەی کوردان؛ ئەمە کارێک بوو کە لە دوای هەڵگیرسانی جەنگ لە کۆتایی مانگی شوباتەوە، ڕۆژانە ئەنجامی دەدا.

لە هێرشەکانی ١٧ی نیسان بۆ سەر بنکەکانی پارتە کوردییەکان و کەمپی پەنابەرانی ئێرانی، دوو ژن و پیاوێک کوژران: نیدا میری (١٩ ساڵ)، سەمیرا ئەڵڵایاری (١٩ ساڵ) و شاهین ئازەربەرزین (١٨ ساڵ). تەنانەت ئاگربەستیش نەبووە هۆی ڕاگرتنی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ناوچە کوردییەکانی عێراق و ئەو هێرشانە تا ئەمڕۆش بەردەوامن.

 

سەرنجی جیهان و واقیعە فەرامۆشکراوەکە

جیهان لە مانگەکانی ڕابردوودا بە ترس و دڵەڕاوکێوە چاودێری ئەوە دەکات کە هێرشی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەرەو کوێ دەچێت. سەرنجەکان هەمووی لەسەر گەرووی هورمز چڕ بوونەتەوە، کە چەقی ئابووری جیهانە و کاریگەری لەسەر گیرفانی هەموو مرۆڤێکی سەر زەوی هەیە.

بەڵام ئەوەی کەمتر سەرنجی خراوەتە سەر، ئەوەیە کە چۆن ئەم جەنگە کاریگەری کردووەتە سەر ملیۆنان کەس لە ناوخۆی ئێران و وڵاتانی دراوسێ؛ ئەو مرۆڤانەی کە دەیان ساڵە بێ دەنگدانەوەیەکی نێودەوڵەتی بەرچاو، بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان تێدەکۆشن.

لە نێوان کەمینەکانی ئێراندا کە دژی "تیۆکراسی شیعە" (دەسەڵاتی ئایینی) دەوەستنەوە، کوردەکان خاوەن باشترین ڕێکخراوەیین. کورد نزیکەی ١٠٪ی دانیشتووانی ٩٠ ملیۆنیی ئێران پێکدەهێنن. ناوچە کوردییەکان کە نزیکەی بە قەبارەی هەرێمی "لاپلاند"ی فینلاندایە، لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران هەڵکەوتووە. ئەم ناوچەیە وەک پەراوێزێکی گەشەنەسەندوو بەراورد بە ناوچەکانی تری ئێران سەیر دەکرێت و چالاکوانانی کورد ئەم جیاکارییە بە "ئەپارتاید" وەسف دەکەن.

کوردەکان کە لەسەر خاکی چوار دەوڵەت دەژین، ژمارەیان پێکەوە دەگاتە زیاتر لە ٤٠ ملیۆن کەس. ئەوان بە گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت لە جیهاندا دادەنرێن، هەرچەندە زیاتر لە سەد ساڵە هەوڵی بۆ دەدەن.

 

پارتە کوردییەکان لە ئاوارەییدا

بەهۆی ئەوەی ئەو پارتە کوردییانەی داوای مافی چارەی خۆنووسین دەکەن لە ئێراندا قەدەغەکراون و چەوسانەوەی کوردان بووەتە کارێکی ڕۆژانە، زۆرێک لە کوردانی ئێران پەنایان بۆ ئەودیوی سنوور و هەرێمی کوردستانی عێراق بردووە. لە ئاوارەییدا، پارتە کوردییەکانی ئێران بە هەموو ئایدیۆلۆژیا جیاوازەکانەوە چالاکن و باڵی سەربازییان هەیە:

  • حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (PDKI): پارتێکی ناسیۆنالیستە و داوای سیستمێکی فیدراڵی دەکات کە تێیدا دیموکراسییەکی سێکۆلار جێگەی دیکتاتۆریی ئایینی بگرێتەوە.
  • کۆمەڵە: پارتێکی چەپڕەوە و جەخت لەسەر مافە سیاسی و کولتوورییەکان و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەکاتەوە.
  • پژاک (PJAK): پارتێکی چەپڕەوی توندترە و جەخت لەسەر دیموکراسی ناوخۆیی، فێمینیزم و پاراستنی ژینگە دەکاتەوە.

ئێران ئەم پارتانە بە "تیرۆریست" دادەنێت و هێرشکردنە سەریان بە ڕەوا دەبینێت، بەڵام لە ڕوانگەی کوردەوە، سوپای پاسداران خاکی ئەوانی داگیر کردووە و ڕێگرە لە بەدیهاتنی مافەکانیان.

 

پلانی "ئاماتۆرانە"ی ئەمریکا و ئیسرائیل

پێدەچێت کوردەکان ئەو "چەکە نهێنییە" بووبێتن کە ئیسرائیل و ئەمریکا پشتیان پێ بەستبوو کاتێک بڕیاری هێرشکردنە سەر ئێرانیان دا. هیوای ئەوان ئەوە بوو کە کەمینە چەوساوەکانی ژێر دەستی مەلاکانی ئێران، ئەم جەنگە وەک دەرفەتێک بۆ ڕاپەڕین ببینن.

بەڵام شێوازی کاردانەوەی کوردەکان، "ناپڕۆفیشناڵی" و ئاماتۆریی پلانەکانی دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتانیاهۆی دەرخست. سەرکردە کوردەکانی هەرێمی کوردستان یەک لە دوای یەک ڕایانگەیاند کە بەشداری ئەم جەنگە نابن و ڕێگە نادەن خاکەکەیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنرێت. کاردانەوەکان بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەرانە لەسەرخۆ بوون، سەرەڕای ئەوەی ئێران ڕۆژانە ناوچە کوردییەکانی بۆردومان دەکرد.

وا دیارە نەتانیاهۆ و ترەمپ پێش هێرشەکە پلانەکانیان بەتەواوی ئامادە نەکردبوو، ڕەنگە تەنها بە لووتبەرزییەوە وایان بیرکردبێتەوە کە دەتوانن دیسانەوە کورد وەک "دەستکێشی کار" بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکاربهێنن.

 

سێدارە و سەرکوتکردن لە ناوخۆدا

تا ئێستا هێرشێکی هاوبەش بە پشت بەستن بە کوردەکان دژی ئێران بەدی نەکراوە، بەڵام لە جیاتی ئەوە، دەبینین کە ئێران جەنگی دژی کەمینەکانی خۆی توندتر کردووەتەوە. توندوتیژییەکان تەنها پەنابەرانی دەرەوە ناگرێتەوە؛ لە کاتێکدا لە فینلەندا جەژنی "ڤاپو" دەگێڕدرا، لە ئێران نەیارەکان لە سێدارە دەدران. لە دوای دەستپێکردنی جەنگەوە، لانی کەم ٢٨ سزای لە سێدارەدان جێبەجێ کراوە.

شەممەی ڕابردوو، یەکێک لەوانەی پەت خرایە ملی، گەنجێکی ٢٦ ساڵان بوو بە ناوی ناسر باکەرزادە. ئێران تۆمەتباری کردبوو بەوەی وێنەی شوێنە هەستیارەکانی گرتووە، بەڵام ناسر پێش لەسێدارەدانی وتی:

"تاوانی یەکەمم ئەوەیە کە کوردم، تاوانی دووەمیشم ئەوەیە کە سوننەم."

لەم جەنگەدا، جگە لە پرسی گەرووی هورمز و ئابووری، بابەتێکی تر هەیە کە بڕیار لە چارەنووسی دەدرێت، ئەویش ژیان و داهاتووی کەمینە نەتەوەییەکانی ناو ئێرانە.

 

نووسینی: یووکا هووسکۆ (Jukka Huuska)

وەرگێران: مەجید حەقی

 

 

سەرچاوە: Helsingin Sanomat 6.5.2026

https://www.hs.fi/maailma/art-2000011976000.html

بۆچونی نوێ