وەک نوێنەرێکی پێشووی گەلی کوردستان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و شایەتحاڵێکی زیندووی ئازارە بێ کۆتاییەکانی نەتەوەکەم، لە کاتێکدا قورسایی مێژووە خوێناوییەکەمان و بەرپرسیارێتیی نەوەکانی داهاتووم لەسەر شانە، ئەم نامەیە ئاراستەی ئێوەی بەڕێز دەکەم.
ژیانی من وێنەیەکی بچووکراوەی مێژووی کوردە؛ مێژوویەک کە لە ڕاگواستنی زۆرەملێ و ئاوارەییەوە دەست پێ دەکات. لە ساڵی ١٩٧٤، کاتێک ڕژێمی بەعس بە ئاگر و ئاسن سەدان هەزار خێزانی کوردی بە ڕاگواستنی زۆرەملێ لە نیشتیمان بێبەشکردن، خێزانەکەی منیش یەکێک بوو لەو سەدان هەزار خێزانەی بوونە قوربانیی ئەو شاڵاوە نامرۆڤانەیە. من لە ساڵی ١٩٨٣ لە غەریبی و ئاوارەیی لە ئێران چاوم بە دنیا هەڵهێنا؛ یەکەم هەناسەکانم لەناو ئەو واقیعە سەختەدا بوو کە مرۆڤ تێیدا بێ نیشتمان و بێ ناسنامە دەهێڵرێتەوە.
ئەم داواکارییەی من، تەنها گێڕانەوەی تراژیدیایەکی کەسی نییە، بەڵکو هاواری ویژدانی نەتەوەیەکە کە بە درێژایی مێژوو قوربانی بێدەنگی نێودەوڵەتی بووە.
باوکم، وەک سیمبولی خۆڕاگریمان یەکێک بووە لەو تێکۆشەرانەی ڕێگەی ئازادی کوردستان، کە لە ساڵی ١٩٦١ەوە لەژێر سەرکردایەتی ژەنەڕاڵی مەزن مستەفا بارزانیدا چەکی بەرگریی لە کەرامەتی گەلەکەی هەڵگرت. ئەو تەمەنی خۆی لە سەنگەرەکاندا لەژێر دروشمی شکۆداری "کوردستان یان نەمان"دا بەسەر برد. لە نێوان ساڵانی ١٩٦٣ بۆ ١٩٨٨، باوکم پێنج جار بە سەختی بریندار بوو. دواجار لە داستانی مێژوویی "خواکوڕک"دا، بەهۆی هێرشی چەکی کیمیاییەوە نیوەی بینایی چاوەکانی لەدەست دا. من لە سێبەری باوکێکدا گەورە بووم کە بینایی و تەمەنی خۆی کردە فیدای ئازادی و بۆ ئەو، ڕزگاریی نیشتمان لە سەرووی هەموو پەیوەندییەکی خێزانی و غەریزەیەکی باوکانەوە بوو.
لە کاتێکدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ گەورەیی شەهیدانی ڕێی ڕزگاری و قوربانیانی بێناونیشانی کارەساتی ئەنفال و کیمیابارانی کوردستان دادەنەوێنم، وەک برینێکی زیندووی نەتەوەکەم ڕایدەگەیەنم: تەنها لە بازنەی خێزانیمدا ، ٣٨ ڕۆحی بێتاوان بەر شاڵاوی بەدناوی ئەنفال کەوتن و زیندە بەچاڵ کران. من ڕەگ و میراتگری نەتەوەیەکم کە ئازادییان بە خوێن بەدەستهێناوە. پێویستە جیهان بزانێت؛ کوردستانی ئەمڕۆ نە بەخشیشی دەستی قەدەرە و نە خێرێکی سیاسی، بەڵکو قەڵایەکی سەخت و مکوڕە کە لەسەر مێژوویەکی پڕ لە خۆڕاگری و بە خوێنی گەشی جگەرگۆشەکانمان، لەسەر بنەمای ئیرادەیەکی پۆڵاین بونیاد نراوە.
گەلی کورد هەمیشە وەک هاوپەیمانێکی ستراتیژیی جێ متمانە و قەڵغانێکی پتەو بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و بەها مرۆییەکان وەستاوە. لە ڕاپەڕینی ١٩٩١ و ڕووخانی دیکتاتۆری لە ٢٠٠٣وە، تا جەنگی جیهانیی دژی تاریکپەرستانی داعش لە ٢٠١٤، کورد سەلماندی کە تەنها پارێزەری ڕاستەقینەی دیموکراسییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
بەڕێزان ئێستا، گەلەکەم لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان، ڕووبەڕووی گەمارۆیەکی مۆدێرن و فشاری سیاسی و دارایی بوونەتەوە کە ئامانج لێی تێکشکاندنی ئەو ئیرادەیەیە کە ساڵانێکە ئەمریکا و جیهانی ئازاد پێیان سەرسامن. مێژوو بێدەنگیی دۆستەکانمان لە کاتە سەختەکاندا تۆمار دەکات؛ بۆیە داواکارم ئێوە لایەنی ڕاستی مێژوو هەڵبژێرن.
لەسۆنگەی بەرپرسیارەتیەوە داواتان لێ دەکەم ئەم هاوپەیمانییە مێژووییە بە کردارێکی دەستبەجێ بپارێزن. تکایە ببنە پشتیوان و داکۆکیکاری سەرسەختی پڕۆژەیاسای "پاراستنی کورد" (Save the Kurds Act)، و شانبەشانی سەرکردە ئازاکانی وەک سیناتۆر لیندسی گراهام لەم ئەرکە مێژووییەدا بوەستن. هاوبەشی نێوان ئێمە لەناو خوێن و قوربانیدانی هاوبەش دژی دوژمنانی مرۆڤایەتی داڕێژراوە. ئەمە تەنها پەیوەندییەکی سیاسی نییە، بەڵکو پەیمانێکی ئەخلاقی و ستراتیژییە کە داوای پاراستن و داکۆکیی جددی لە ئێوە دەکات.