لە کاتێکدا جیهان وا دەزانێت مۆتەکەی داعش کۆتایی هاتووە، ڕووداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا ئاماژە بە لەدایکبوونەوەی وەشانێکی مەترسیدارتری ئەو ڕێکخراوە دەکەن. ئەمجارە تیرۆر بە ڕیش و جلی ئەفغانییەوە نییە، بەڵکو بە پیلانی تورکیا و بە چاوسۆخیی ئەمریکا، "داعشێکی کراواتپۆش" و ڕێکخراو ڕەوانەی مەیدانەکە کراوە. ئەم هێزە نوێیە کە لە ژێر چەتری ئەحمەد شەرع (جۆلانی) و گرووپە توندئاژۆکانی تردا خۆی حەشار داوە، تەنیا هەڕەشە نییە بۆ سەر ئەزموونی دیموکراسیی کورد، بەڵکو تەقینەوەیەکە کە پڕیشکەکەی زۆر زوو دەگاتە شەقامەکانی ئەورووپا.
بەڵگەنامەکانی "هەسەدە"؛ ڕووی ڕاستەقینەی ئەم گۆڕانکارییە
فەرهاد شامی، بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلدا پەردەی لەسەر زنجیرەیەک تاوانی جەنگ لادا کە تەنیا لە ماوەی ١٧ ڕۆژدا ئەنجام دراون. بەڵگەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو هێزانەی ئێستا هێرش دەکەن، نەک هەر پاشماوەی داعشن، بەڵکو هەمان میتۆدی کۆمەڵکوژی و دڕندەیی بەکار دەهێنن.
لە گەمارۆدانی نەخۆشخانەی (خالید فەجر) لە حەلەب و بەکارهێنانی گازی ژەهراوی دژ بە خەڵکی سڤیل، تا دەگاتە سووکایەتیکردن بە تەرمی شەڕڤانانی ژن و هەڕەشەی "کەنیزەککردنی" ژنانی کورد، هەمووی ئاماژەن بۆ ئەوەی کە هزری داعشی بە پشتیوانیی دەوڵەتی تورکیا جارێکی تر زیندوو کراوەتەوە. مەترسیدارترین خاڵ لەم هاوکێشەیەدا، ئازادکردنی بەئەنقەستی چەکدارانی داعشە لە زیندانەکان و تێکەڵکردنەوەیانە بە ڕیزەکانی هێرشبەران بۆ ئەوەی وەک چەکی سەرەکی دژ بە کورد بەکاریان بهێنن.
لێدان لە ڕۆژئاوا؛ هەنگاوی یەکەم بۆ داگیرکردنی باشوور
ئەم هێرشانە تەنیا مەبەستیان گرتنی چەند ناوچەیەک نییە، بەڵکو پلانێکی ستراتیژیی تورکیایە بۆ پاکتاوکردنی نەتەوەیی و لەناوبردنی هەموو ئاسەوارێکی "کوردستانی" لە سووریا. ئەنقەرە دەیەوێت بەم هەنگاوە ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا تێک بشکێنێت و پاشان ئەم مۆدێلە لە باشووری کوردستانیش پیادە بکات. بێدەنگیی هێزە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوە مرۆڤپەروەرەکان لە ئاست ئەم کۆمەڵکوژییە، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە لە جیهانی سیاسیی ئەمڕۆدا "ماف تەنیا بۆ لایەنی بەهێزە".
ئەورووپا لە ناو جەرگەی مەترسیدا
ئەگەر وڵاتانی ڕۆژئاوا و یەکێتیی ئەورووپا وا دەزانن ئەم ئاگرە تەنیا لە سووریا دەمێنێتەوە، ئەوا بە هەڵەدا چوون. ئەم "داعشە نوێیە" کە بە پارەی وڵاتانی وەک قەتەر و پاڵپشتیی ئیخوان موسلمین گەورە دەکرێت، ئامانجی داهاتووی کووچە و کۆڵانەکانی ئەورووپایە.
ئەگەر ئەمڕۆ ڕێگری لەم پلانە نەگیرێت، چیتر هاووڵاتیی ئەورووپایی ناتوانێت بە ئارامی جەژنی کریسمس و سەری ساڵ پیرۆز بکات. بازاڕەکان و ناوەندە گەشتیارییەکانی جیهان دەبنە ئامانجی ئەو تیرۆریستانەی کە ئێستا بە چاودێریی تورکیا مەشق دەکەن. تەنانەت ئیسرائیلیش کە ئێستا لە ئارامییەکی کاتیدایە، ناتوانێت لەبەردەم ئەم شەپۆلە توندئاژۆیەدا بۆ ماوەیەکی درێژ خۆی ڕابگرێت.
ئەرکی کورد لەم قۆناغەدا
ئێستا ئێمەی کورد جگە لە خۆمان و ئیرادەی خۆمان، چاومان لە دەستی هیچ هێزێکی دەرەکی نییە. پێویستە پرسی کورد، بەتایبەت لە لایەن ڕەوەندی کوردی لە دیاسپۆرا، بکرێتە پرسێکی جیهانی. دەبێ جیهان تێبگات کە پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستان، تەنیا پاراستنی نەتەوەیەک نییە، بەڵکو پاراستنی مرۆڤایەتی و ئاسایشی جیهانییە لە بەردەم وەحشەتێکی نوێدا کە بە کراوات و دیپلۆماسییەتەوە خەریکی خۆسازدانە بۆ وێرانکارییەکی گەورەتر.