کورد لە نێوان بەرداشی بەرژەوەندی و کۆتاییی کایە ستراتیژییەکان

نوسەر: د. مەجید حەقی
نوسراو لە بەرواری
0 0
21:01 2026 , January 20

مێژووی سیاسیی کورد، پڕە لەو وێستگانەی کە تێیدا نەتەوەیەک لە پێناو ئامانجە گەورەکانی مرۆڤایەتی و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە، قوربانیی بێشوماری داوە، بەڵام دواجار لە کاتی دابەشکردنی دەستکەوتەکاندا، کراوەتە قوربانیی سەر مێزی گفتوگۆی زلهێزەکان. ئەوەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی سیاسیی سووریادا دەگوزەرێت و ئەو پەیامانەی لە واشینگتۆنەوە دەگەن، جارێکی تر ئەو ڕاستییە تاڵەمان بۆ دەسەلمێننەوە کە کورد بۆ زلهێزەکان، تەنیا "کارتێکی کاتی" بووە و کوردستان تەنیا لە ڕوانگەیەکی "جوگرافی-تەکتیکی"یەوە بایەخی هەبووە.

لە سەردەمی هەڵکشانی تاریکستانی داعشدا، ڕۆڵەکانی کورد وەک ئازاترین شەڕڤانی سەر زەوی ناسێنران. خوێنی گەنجانی ئەم نەتەوەیە بووە هەرزانترین تێچوو بۆ ئەمریکا و ڕۆژئاوا تا تیرۆریزم لە ناو بەرن و بەرگری لە بەهاکانی مرۆڤایەتی بکەن. لەو کاتەدا کە دیمەشق لە لێواری هەرەسهێناندا بوو، هێزە کوردییەکان (هەسەدە) بوونە هاوبەشی سەرەکیی هاوپەیمانان. بەڵام وەک دەگوترێت "لە سیاسەتدا دۆستی هەمیشەیی نییە، تەنیا بەرژەوەندیی هەمیشەیی هەیە"؛ ئێستا کە داعش ڕەنگی گۆڕیوە و جۆرێکی تر لە دەسەڵات لە سووریا جڵەوی کارەکانی گرتووەتە دەست، پێویستیی ئەمریکا بە کورد بەرەو کۆتایی دەچێت.

 

پەیامەکانی "تۆم باراک"، نێردراوی ئەمریکا بۆ سووریا، ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ وەرچەرخانێکی مەترسیدار. واشینگتۆن ئێستا باس لە "تێکەڵبوونەوەی تەواوی کورد" دەکات لە ناو دەوڵەتێکی ناوەندیی سووریادا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد ئەلشەرع. ئەمە بەو مانایەیە کە ئەو قەوارە سیاسی و سەربازییەی کورد بە خوێن و خەباتێکی زۆر بنیادی نا، لە دیدی ئەمریکاوە تەنیا قۆناغێکی ڕاگوزەر بووە و دەبێت ئێستا هەموو جومگە ئەمنی، سەربازی و ئابوورییەکان (لە کێڵگە نەوتییەکانەوە تا دەروازە سنوورییەکان) ڕادەستی حکومەتی نوێی دیمەشق بکرێنەوە.

 

ئەو مافانەی ئێستا ئەمریکا وەک "دەستکەوت" بۆ کوردی وێنا دەکات، تەنیا مافی کولتووری و هاووڵاتیبوونێکی ڕواڵەتین؛ وەک ئاهەنگگێڕانی نەورۆز یان خوێندن بە زمانی دایک، کە لە بنەڕەتدا مافی سەرەتایی هەر مرۆڤێکن، نەک دەستکەوتێکی سیاسیی شایستە بەو هەموو قوربانییە. ئەمریکا بە ڕاشکاوی دەڵێت کە پشتگیری لە هیچ جۆرە "جوداخوازی یان فیدراڵییەتێک" ناکات. ئەمە مانای وایە ئەمریکا و ڕۆژئاوا چیتر ئامادە نین سەرمایەگوزاری لەسەر "کاڵایەکی کاتی" بکەن کە ئەرکە سەربازییەکەی خۆی لە تێکشکاندنی داعشدا بەجێ گەیاندووە.

تەنانەت ئیسرائیلیش، کە زۆرێک پێیان وابوو کورد وەک قووڵاییەکی ستراتیژیی خۆی دەبینێت، لە ئاست سەرکوت و پەراوێزخستنی کورد لە ڕۆژاوا بێدەنگی هەڵبژاردووە. چونکە تەلئەبیبیش بەرژەوەندییەکانی خۆی لە هاوکێشە نوێیەکەی سووریا و لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشقدا دەبینێتەوە.

کۆتایی ئەم چیرۆکە، وانەیەکی مێژوویی دووبارەیە؛ هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان تەنیا تا ئەو کاتە لەگەڵ کوردن کە ئامانجە کاتییەکانیان بپێکێت. کاتێک بەرژەوەندییە گەورەکان دەگۆڕێن، "هاوپەیمانی دوێنێ" دەبێتە "کۆسپێکی ئەمڕۆ" بۆ ڕێککەوتنی نێوان دەوڵەتان. کورد دەبێت تێبگات کە تەنیا بە یەکگرتوویی ناوخۆیی و تێگەیشتنی ورد لە کایە نێودەوڵەتییەکان دەتوانێت لەم گێژاوە ڕزگاری بێت، ئەگینا جارێکی تر دەبێتەوە بە قوربانیی ئەو نەخشە نوێیانەی کە لە پشت دەرگا داخراوەکاندا بۆ ناوچەکە دەکێشرێن.

بۆچونی نوێ