لە ڕای گشتیدا وا وێناسازی کراوە کە کێشەی ئۆرمیە و ناوچە باکوورییەکانی تا دەگاتە چۆمی ئاراز، پەیوەندی بە بابەتی ناسیۆنالیزمی کورد و تورک و دەسەڵاتداریی هەرکام لە نەتەوەکانی کورد و ئازەری لەو دەڤەرەدا، یان پرسی سنووریی نێوان کوردستان و ئازەربایجان لە "میدیای بچووک"دا هەیە. ئەم لێکدانەوەیەش پشتی بە کۆمەڵێک فاکتەری مێژوویی، جوگرافیایی، کۆمەڵایەتی، کولتووری، ئابووری، ئەمنیەتی و ئیدارییەوە بەستووە کە لە قۆناخە جیاجیاکانی مێژووی پڕ لە هەوراز و نشێوی ئەم دەڤەرەدا، کورد و ئازەرییەکانی ئاوێتەی چارەنووسێکی هاوبەش و لە هەمانکاتدا بەریەککەوتنی بەردەوام لەو دەڤەرەدا کردووە، بەلام هیچکامیان نەیانتوانیوە ئەویتر لەنێو ببات، یان نکۆلی لە واقیعی بوونی یەکتر لەو هاوبەشیانەدا بکات.
کوردانی ڕەوادی و شەدادی و هەزەبانییەکان کە سەدان ساڵ بووە شارەکانی تەورێز و ئۆرمیە و گەنجە، جوگرافیای "میدیای بچووک" ناوەندی دەسەڵاتیان بووە، لە نێوەڕاستی سەدەی یازدەدا دوای هاتنی تورکە ئۆغۆزەکان و سەلجۆقییەکان لە ئاسیای نێوەراستەوە بۆ ئەو ناوچانە، ئیتر کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەوان هێنراوە و پڕۆسەیەکی نوێی دەسەڵاتداریی تورکە سەلجۆقییەکان لەو ناوچەیەدا دەستی پێکردووە و وردەوردە بناغەی ناسنامەیەکی دەسکردی دەرەکیی "تورک"یان بۆ ئازەرییەکانی پاشماوەی "ئاترۆپات" فەرماندە و دەسەڵاتداری بەناوبانگی کوردانی میدیای بچووک لە سەردەمی هەخامەنشییەکاندا، داتاشیوە و زمانی خەڵکی نیشتەجێی ئەو ناوچانە لە پڕۆسەیەکی دووسەد ساڵەی زەمەنیدا بۆ تورکی گۆردراوە و لەو کاتەوە تاکو ئێستا لەو دەڤەرەدا ئیتر ئەویتری کوردان، ئازەریی تورکیئاخێو بووە و هەرچی ناکۆکییەک لەنێوان کورد و دەسەڵاتی ناوەندی لە مەمالیکی مەحرووسە و دواتریش لە جوگرافیای سیاسی ئێراندا بووبێ، یەکەم بەریەککەوتن لەگەڵ ئازەرییەکان بووە کە بە هۆی دوژمنایەتییان لەگەڵ کوردەکان، بوونەتە سپەری بەڵاگێڕەوەی دەسەڵاتی ناوەندی لە ئێراندا.
لە سەردەمی شەڕی نێوان سەفەوییەکان و عوسمانییەکاندا، ئازەرییەکان بە ناسنامەی ئایینی شیعە لەدژی تورکانی عوسمانیی سوننە مەزهەب شەڕیان کردووە و خۆیان بە ناسنامەی تورکبوونەوە نەبەستووە و، خۆیان وەک ئازەریی شیعەی سەفەوی پێناسە کردووە.
ڕووخانی یەکیەتیی سۆڤیەت و دروستبوونی دەوڵەتی ئازەربایجان کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر گەشەسەندنی هەستی نەتەوەیی ئازەرییەکانی ئێران دانا، لە دوو دەیەی ڕابردوودا کێشەیەکی ستراتیژی و مەترسیدارتری دیکە بەرۆکی کوردەکانی ئەو دەڤەرەی گرتووە، ئەویش ئەمەیە کە هەرکام لە وڵاتانی تورکیە و ئازەریایجانی باکۆ چاویان بڕیوەتە پێگەی ژێئۆپۆلیتیکی ئەم ناوچە بەرتەسکە سنوورییە و بۆ ئەوەی بیخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان و پشتێنی کۆریدۆری زەنگەزۆر بۆ پێکەوەگرێدانی تورکیە و ئازەربایجان بە ئاسیای نێوەراست و قەفقاز بەهێز بکەن، بە ڕێگای ئازەرییە پانتورکەکانەوە هەوڵ دەدەن بوونی کوردەکان لەو سنوورانەدا وەک کێشەی ئەولەهی و کۆسپی سەرەکی لەبەردەم ئامانجی ژێئۆپۆلیتیکیی خۆیان پێناسە بکەن و هەوڵی پاکتاوکردنی کوردەکان لەو دەڤەرەدا بدەن. پانتورکەکانی تورکیە لە دوو دەیەی ڕابردوووە لەنێو ئازەرییەکانی ئێراندا بە شێوەیەکی سیستماتیک بە ڕێگای کۆمەڵێک ڕێکخراوی سیاسی و چالاکانی مەدەنی و دەزگای ڕاگەیاندنەوە، بیری پانتورکیزم بڵاو دەکەنەوە و لەپێناو سەرخستنی پرۆژەی پانتوورانیزم و لێکگرێدانی تورکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە ئاسیای نێوەڕاست و قەفقازەوە، بوونی کوردەکان لە ئۆرمیە، سەڵماس، کۆتۆل، کەلا خوێ، ماکوو و پۆلدەشت وەک کۆسپێک لەبەردەم جێبەجێکردنی ستراتیژییەکەیاندا دەبینن و دەیانهەوێ بە دنەدانی ئازەرییەکان لەدژی کوردەکان شەڕێک لەو ناوچانەدا وەڕێ بخەن و ئەو بابەتە بکەنە بیانووی هەڕەشەی ئەمنیەتی بۆ سەر سنوورەکانی خۆیان و لە کۆتاییدا بۆ پشتگیریی ئازەرییەکان دەستێوەردان بکەن و کوردەکان لەو ناوچانە پاکتاو و دەربەدەر بکەن و چارەنووسی ئۆرمیە وەک عەفرین لێ بکەن.
لە وەها دۆخێکی مەترسیداردا کە پیلانی سیستماتیک و هەڕەشەی بەردەوامی پانتورکەکان مەترسییەکی جیددی بۆ سەر ژیان و ئەولەهیی خەڵک و ناسنامەی کوردستانیبوونی ئۆرمیە و دەوروبەری پێکهێناوە، پێویستە سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ئەکادیمی و ڕووناکبیرانی دەروەست و کوردانی دیاسپۆرا بە سیاسەتێکی ڕوون و وتاری یەکگرتووانە، وێرای بەرگریی بێخەوش لە ناسنامەی کوردستانیبوونی ئۆرمیە و ناوچە باکوورییەکانی تا پۆلدەشت و چۆمی ئاراز، نەهێڵن چارەنووسی خەڵک و خاکی ئەم دەڤەرە بکەوێتە بەر مەترسیی پاکتاوکردن و داگیرکاری.