دیاردەی کۆچ لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە ، یا لە قاڕەیەکەوە بۆ قاڕەیەکی دیکە تایبەتی ئەو سەردەمە نییە و هەر بە درێژایی ژیانی مرۆڤ لەسەر گۆی زەوی بەردەوام هەبووە، پێشتر ئەو کۆچانە لە بەر نەبوونی کەرەسەی خێرای هاتووچۆ زۆر هاسان نەبوون. لە سەردەمێکدا کە ڕادەی حەشیمەتی دنیا بەگشتی کەم بوو و مرۆڤ لەگەڵ نیگەرانی دابەزین و قەیرانی سەرچاوەکانی ژیان بەرەوڕوو نەبوو، کۆچ و جووڵەی ئینسان کێشەی لێنەدەکەوتەوە. ئەو چاخە کە مرۆڤ ژیانی لە ڕێگای ڕاو و شکار و خواردنی گیاوگۆڵی سروشتییەوە بەرێوە چووە زۆرجار لەبەر نەبوونی نێچیر یا قاقڕی مێرگ و کوێستان گرووپە مرۆییەکان ناچار لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر کۆچیان کردووە. دیارە هێندێک جاریش هەڵکەتووە بە هاتنی هێزێکی بێگانە بۆ ناوچەیەک، خەڵکی خۆجێیی قەتڵ و عام کراون و بە یەکجاری لە ناوبردراون و خاکەکەیان داگیرکراوە. جاری وا هەبووە خەڵکێک وەک میوان هاتوون و وەلای سەرەوەخراون و بوونەتە کۆێخا و سەرۆکی ناوچەکە و خەڵکە خۆجێیەکەیان خستووتە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە. هەمووی ئەو مێژوویانە و تەجروبە تاڵ و شیرنانە تۆمارکراون و خەڵکی ئاگامەند وەک ئەزموونی مێژوویی کەڵکی لێوەردەگرن. لێ کۆچەکانی سەردەمی ئێستا ناوەرۆک و هۆکاری تایبەتی خۆیان هەیە. لەبەر زۆربوون جەماوەر، ئیشکەساڵی و وێران بوون ژینگە، کەڵکی بێ ئەندازە زۆر و نازانستیانە لە سەرچاوە سروشتییەکانی گۆی زەوی، شەڕی ناوخۆیی، فەقری ئابووری و فەرق و جودایی ئاینی، فەرق و جودایی جنسی و نیژادی خەڵکێکی زۆر دەبیری خۆ نەجاتدان لە ژێر ئەو فشارانە کەوتوون.
پەنابەری لە شێسدو چوار ساڵی رابردوودا
لە ڕێکەوتی ٢٨ی جولای ساڵی ١٩٥١ یاسای پەنابەری لە رێکخراوی ناونەتەوەیی دەرچوو و لە ساڵی 1961 ماڤی پەنابەران دیاری کرا. ئەو دوو بەڵگەیە لەلایەن 149 وڵاتەوە ئیمزا کراوە. دەرچوونی ئەو قانوونە لە سەرتادا تایبەت بە ئورووپا بوو و دەیانەویست لە ئەو ڕێگایەوە ماڤ و چارەنووسی پەنابەرانی شەڕی خوێناوی دووهەمی جیهانی دیاری بکەن. لە داوییدا کە دیتیان شەڕەکانی ناوچە جوراوجۆرەکان و هەروەها دابەشبوونی دنیا بە سەر دوو بلۆکی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا چارەنووسی خەڵکێکی زۆری لەگەڵ مەترسی بەرەو ڕوو کردووە. ناسینی و ناساندنی پەنابەر و پەنابەری بوو بە هۆی ئەوە یاسای بەر باس بۆ گشت پەنابەرانی دنیا دەکار بکرێت. لەو قانوونەدا پەنابەر ئاوا پێناسە دەکرێت:
" کۆنواسیۆنی ژنێڤ مادەی یەکم کەسێک وەک پەنابەر دەناسێ کە لە ڕێگای سەلماندنێکی راستگۆیانە لە ترسی راودوونان بە هۆکاری نیژادی، ئاینی و ئەندامەتی گروپێکی کۆمەڵایەتی بە ناچاری وڵاتی خۆی جێهێشتبێت و هیچی دیکە لە لایەن وڵاتەکەیەوە پشتوانی لێ نەکرێت و یا لەبەر هەل و مەرجی کە تێکەوتووە نەتوانێ و یا بترسی داوای پشتگیری بکات." (یاسای بیانێکان، سەباستیان شوماخێر، ٢٠٠٣، لاپەڕی ١٧٨ )
بەپێی تاریفی ئاماژە کراو هەرکەس بە هۆی ئەو سێ گرفتەی کە لە سەرەوە باس کرا، لە وڵاتی خۆی تووشی کێشە بێ و پەنا بۆ وڵاتێک بەرێ کە ئەو کۆنوانسیۆنەی ئیمزاکردووە، مافی ئەوەی هەیە داوای پەنابەری بکات. خەڵکێکی زۆر لە ڕێگای ئینتێرنێت و سوشیاڵ میدیاوە لەگەڵ بەشێک لە ژیانی ئورووپا ئاشنا دەبن و بە ژیانی خۆیانی دەگرن. زۆر جار لەوانەیە ئاکامی ئەو هەڵسنگاندنە ببێتە هۆی ئەوە کە ڕێژەیەکی زۆر لە لاوان بڕیاری بەجێهێشتنی وڵاتی خۆیان بدەن و هەرچی هەیانە بکینە قوربانی بۆ گەێشتن بەو ئامانجە. لە ساڵی ٢٠١٥ بە میلیۆنها خەڵک کە ماوەیەکی زۆر بوو لە تورکیە، پاکستان و یونان گیرسابوونەوە ڕوویان دە ئورووپا کرد و ئاڵمان و ئوتریش و بەشێک لە وڵاتانی دیکە سنووریان بۆ کردنەوە. سەرەتادا ئەو پەنابەرانە لە لایەن خەڵکی ئەو وڵاتانەوە بە خواردن و خواردنەوە و خزمەتگوزاری تایبەت پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا. ئەنگێلا مێرکێل، سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی ئاڵمان لە وتارێکدا گووتی: "ئێمە توانای حاواندنەوەی ئەو خەڵکەمان هەیە." ئەو هەڵوێستە لە سیمای کۆمەڵایەتی و سیاسی وڵاتانی ئورووپاییدا ئاڵوگۆڕێکی قووڵی پێکهێنا. ئەو ئاڵوگۆڕانە دەکرێ بەم شێوەیە پۆلێن بکەین:
1. سەرهەڵدانی باندکانی قاچاخی مرۆڤ،
2. ڕەچاوکردنی سیاسەتی ئەمنییەتی لە لایەن وڵاتانی ئورووپییەوە
3. گۆڕانی تەرکیبی کۆمەڵایەتی لە بواری نیژادی و ئایینییەوە،
4. ئاڵوگۆر لە ژینگەی سیاسی و بە هێزبوونی ئەحزابی ناسیۆنالیستی و دەستەڕاستی،
- پەرەگرتنی دیاردەی قاچاخی مرۆڤ
قاچاخی مرۆڤ دیاردەیەکی کۆنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتییە کە بە پێی بارودۆخ ئاڵوگۆڕی بەسەر دادێ. بەڵام لەو کاتەوە سنووری نێوان دەوڵەتەکان بە پیرۆز قەبڵێندراوە و هاتوچۆی نێونەتەوەیی یاسا و ڕێسای پتەوی بۆ پەسەند و سنوور بەزاندن وەک تاوان پێناسە کراوە، ناوەرۆکی قاچاخی مرۆڤیش گۆردراوە. بۆیە دەکرێ بڵێین بە فیڕۆدانی سەرمایەی ئینسانی وڵاتانی بەڵاگرتوو وهەروەها وەرگرتنی دراوێکی زۆر لە بەرامبەر ئەو غەدرەدا قێزنەوەترین شێوەی قاچاخە. ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی ئەو دوایانەی ئورووپا کە بەرهەمی تەقینەوەی ڕق و قینی داعش بوو و تەنانەت کرانەوەی سنوورەکانی ڕۆژئاواشی بە دوا داهات نەتەنیا قاچاخی کەم نەکردەوە بەڵکە پەرەس ئەستاند. کاری باندەکانی قاچاخی مرۆڤ بە ڕواڵەت هەر گەیاندنی پەناخوازان بە وڵاتی مەقسد ، بە شێوەی نایاسایی و بە دراوێکی بەچاو بوو. بەلام ئەوان دەستیان بۆ زۆر کاری نامرۆڤانە دەبرد. بۆ ئەو کارە هەم لە ڕیگای ویشکایی و هەم لە رێگای دەریایی کەڵک وەردەگرن. هەردووک ڕیگا خەڵکێکی زۆری تووشی مەرگ کردووە. تا ئێستا هەزاران کەس لە دەریای ئینجەدا خینکاون و بەشێکیان بوونەتە خۆراکی ماسییە گۆشت خۆرەکان. ئەو کەشتیانەی کە هاتووچۆیان پێدەکرێت هەم زۆر کۆنن و هەم لە باری تکنیکییەوە بەرگەی شەپۆلە پڕتەوژمەکانی دەریا ناگرن. زۆرجار قاچاخچییەکان هەموو شتوومەکی پەنابەران لە کەشتییەکی باشتر کە تایبەتی خۆیانە بار دەکەن، هەرکات دیتیان کە خەڵکەکە تووشی ڕووداو هاتوون، بۆ ئەوەی دەسبەسەر نەکرێن خۆ دەدزنەوە و بە لایەکی دیکەدا دەڕوون و لەو رێگایەوەش میلیونها دووڵار وەدەست دەهێنن. ئەو گزەیە هەر لە دەریا ناکرێ لە ویشکاییش بەشێوەیەکی دیکە دەست لە پەنابەر دەوەشێنن. لە ٢٦ی مانگی ئاوگۆستی ٢٠١٥ لە ماشێنیکی گۆشت گوێزتنەوەدا حەفتاویەک کورد لە سەرمان و لە بەر کەمبوونی ئۆکسیژن خینکا بوون و خاوەن ماشێنەکە بۆ خۆی بۆیدەرچووبوو. گەلێک فاکتی ئاوا هەن بەڵام لەو نووسراوەیەدا ناکرێت باسی هەموویان بکەین.
- رەچاوکردنی سیاسەتی ئەمنیەتی بەرانبەر بە پەنابەران لە لایەن وەڵاتانی ئورووپاوە
لە ساڵی ١٩٩٤ ڕۆبەرێت کاپلان، رۆژنامەوانی ئامریکایی وتارێکی لە ژێر سەردێڕی "پشێوی داهاتوو" نووسی. وتاری ناوبراو باسی ئیشکەساڵی، هەڵدانی لەڕادە بەدەری حەشیمەت ، ڕووخانی دەوڵەتەکان، نەخۆشی واگیر، وێرانبوونی ژینگە لە وڵاتانی دواکەوتوو دەکا. دیارە لێکدانەوەکانی ئەو لە بەر مرۆڤ دووستی نەبووە، بەڵکە ئەو پێی وابوو کە بەپێی ئەو هەلومەرجەی کە لە سەرەوە باس کرا خەڵکێکی زۆر ڕوو لە ئامریکا و ئورووپا دەکەن و ئەو وڵاتانە گیرۆدەی ناکۆکی گەورە کۆلتووری ، ئاینی و ئابووری دەبن. ئەو پێیوایە وێرانی ژینگە بە ڕادەیەک بەر بڵاو دەبێ کە ڕێژەی سەرچاوەکانی سەرەکییەکانی ژیان تا ئستێک دادەبەزێ کە هەڕەشە لە ژیانی ئاسایی خەڵک دەکا، هەر بۆیە نووسەر پێشنیار دەکا ئەو وڵاتانە بە سیاسەتەکانی خۆیان سەبارەت بە وەرگرتنی پەنابەر دابێنەوە و وەک کەیسێکی ئەمنییەتی لە هاتنی پەنابەران بڕوانن. بۆ ئەو مەبەستە ئورووپاییەکان دیوار و پەرژینە تێلدڕوویەکانی دەوری وڵاتەکانیان زێدەتر هەڵچنی و هەزاران سەرباز و پاسەوانیان لە سنورەکان جێگیر کرد. ئامانجی ئەوان خاشەبڕ کردنی پەنابەری نایاسایی . هەروەها ساڵی ٢٠١٩ کەمپێکی داخراو لە لایەن وڵاتانی ئوروپایەوە بۆ راگرتنی پەنابەران لە یونان دروست کرا. هەلومەرجی پەنابەرانی ئەو کەمپە زۆر دڵتەزێن بوو. زۆر کەس چەندین ساڵە لە بارودۆخێکی زۆر بەزەیی بزوێندا لەو کەمپە گیریان کردووە. لە لیبی و ئاڵبانیش دوو کەمپ بەو شێوەیە ئیدارە دەکرێن. لە ساڵی ٢٠٢٠ ڕا بۆ ئەم لایە قانوونی پەنابەری زۆر سەخت کراوە و سنوورەکان بە تەواوی داخراون. ئەگەر کەسانێک توانیان خۆ بگەیەننە ئورووپا دەخرێنە ژێر زەخت و زۆرییەکی لەڕادە بەدەر و ماندویان دەکەن. هەر کات بۆیان دەرکەوت کە پەنابەر نەیتوانیوە بسەلمێنێت کە لە وڵاتی خۆی سەبارەت بە جیاوازی نیژادی، ئاینی و یا کۆمەڵایەتی لە ژێر فشار دابووە ، ئەوا ئامادەی دیپۆڕتی یا ناردنەوە بۆ وڵاتی خۆی یان وڵاتی سێهەمی دەکەن. ئیستا بۆ وێنە لە وڵاتی ئوتریش ڕێژەی پەنابەران لە ساڵدا بە ڕادەیەکی بەرچاو کەم بۆتەوە.
- گۆڕانی تەرکیبی کۆمەڵایەتی لە بواری نیژادی و ئایینیەوە
پەنابەران کە روو لە وڵاتانی ئورووپا دەکەن بە تایبەتمەندی کلتوری و ئایینی و نەتەوەیی خۆیانەوە دێنە ناو وڵاتی دڵخوازی خۆیان. ئەو سێ فاکتۆڕە و فاکتۆڕگەلێکی تری وەک زمان، ڕادە و چەند و چۆنی خوێندەواری، تەمەن، هەبوونی خێزانداری و... هەموویان رۆڵی گەورە لە جیاوازیدا دەگێڕن. ئەو وڵاتانە سەرجەم هەموویان یاسا و ڕێسای ئینتیگراتسیۆنیان (خۆ گونجاندن) دیاری کردووەی. پەنابەر پێویستە بە پێی ئەو یاسایە (فێربوونی زمان، کۆلتوور، سیاسەت، پێکگرتنی بڕوانامە، و یا دیتنی دەورەی کاری) بجووڵیتەوە و ئەگەر سەرپێچی کرد لێ دەپرسنەوە. لەگەڵ ئەوەش بەشێک لە میوانان ناتوانن خۆ لەگەل هەلومەرجەکە بگونجێن. بە تایبەت ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لە سەرێیە لەگەڵ منداڵەکانیان تووشی ناکۆکی دەبن (ناکۆکی نەسلەکان). منداڵەکانیان کە لەگەڵ هاوتەمەنانی خۆیان دەچن بۆ قوتابخانە فێری جۆرێک هاودەنگی و هاوڕەنگی لەگەڵ ئەوان دەبن و ئەخلاق و خووخدەی ئەو وڵاتە دەگرن. بە پێچەوانەی قوتابخانە لە ناوماڵدا دایک و باوک هتێدەکۆشن منداڵەکان بە کۆلتوور و ئەخلاق و ئایین و سونەتەکانی کۆمەڵگای خۆیان ڕابهێنن. ئەو ڕاهاتنە کۆمەڵایەتی جیاوازانە دەبن بە هۆی ناکۆکی گەورەی بنەماڵەیی، بە تایبەت ئەو بنەماڵانەی کە بە کلتوری ئیسلامی ڕاهاتوون توندوتیژی زۆر بەرانبەر بە کچەکانیان دەکەن و هەوڵ دەدەن لە تەمنی منداڵیدا بیانێرنەوە وەڵاتەکانی خۆیان و بەشوویان دەدەن. زۆرجار کیژەکان ئەو زەخت و زۆرییە قەبووڵ ناکەن و لە ماڵێ هەڵدێن و پەنا بۆ ئەو ناوەندانە دەبن کە لە لایەن حکومەتەوە ئیدارە دەکرێن.
لە پەنا ئەوەشدا ئورووپاییەکان لەوە دەترسن کە نەکا بە زۆر بوونی دیاسپۆرا، بە تایبەت ئەو بەشەی کە لە وڵاتانی مسوڵمان پەنا دەهێنن، ترکیبی کۆمەڵایەتی بە قازانجی پەنابەران ئاڵوگۆڕی بەسەردابێت. شیاوی سرنجە بنەماڵەی ئورووپایی بە دەگمەن لە دوو منداڵ زیتریان دەبێت، لەکاتێکدا پەنابەران و بە تایبەت ئەوانەی کە لە ڕۆژهەڵات ڕاهاتوون زۆربەیان چوار تا پێنچ منداڵیان دەبێت. ڕێژەی بێکاری لە ناو پەنابەراندا زۆرە، ئەو پەتایە هۆکاری جۆراجۆری هەیە. دەبێ ئەوە بزانین لە لایەکەوە کۆمەڵگای وەخۆگر بەهاسانی کار بەبێگانە نادا، لە لایەکی دیکەوە تەنانەت هەڵدەکەوێ پەنابەر بە ئانقەست خۆ لە کار دەپارێزێ. ئەوە دەبێتە هۆی ئەوە کە بەشێکی زۆر لە پەنابەران دەست بۆ یارمەتی کۆمەڵایەتی بگرنەوە. بەرەو بان چوونی ڕێژەی بێکارانی یارمەتی خواز تێچووی حکوومەتیش لەگەڵ خۆی هەڵدەکێشێ، تێکچوونی تای ئەو تەرازوویە ناڕەزایەتی بەحەقی هاووڵاتیانی بەدوا دادێ. دیارە لە نێو پەنابەرانیشدا کەسانی زیرەک هەن کە زۆر زوو خۆ لەگەڵ دۆخەکە ڕێک دەخەن و لە مەیدانی کار و خوێندندا بە شێوەیەکی شیاو خۆ دەنوێنن و لە یارمەتی حکومەت بێ نیاز دەبن. وڵاتانی ئورووپایی بە تایبەت لە بەشی تەندروستی، خزمەت بە پیران و کاری پاک و خاوێنی پێویستێکی زۆریان بە هێزی کاری ، کارامە هەیە. ئەو کەسانەی کە کاردەکەن دەبنە خاوەنی بیمەی کار، بیمەی بێکاری، بیمەی نەخۆشی، بیمەی خانەنشینی و بیمەی ڕوداوی نەخوازراوی کار و لە ماوەی شەش ساڵدا کە کاریان کرد و ماڵیاتیان دا دەتوانن ببنە هاووڵاتی ئەو وڵاتەی کە لێدەژین.
پەنابەران زۆر گیرۆدەی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان دەبن ، قەتڵ و ژن کوشتن و دزی و ... ناکۆکییەکانی ناو بنەماڵە و توندوتیژی لە شوێنی کار و گەلێگ گرفتی تر کە بەرهەمی دۆخی چاوەڕوان نەکراون بەربینگ بەو مرۆڤە هەڵوەدایانە دەگرن. تلویزیۆن و ڕۆژنامە و ڕاگەیەنەرە فرە چەشنەکانی لایەنە ڕاستیکان ئەو کردەوە ناشیاوانەی پەنابەران زەق دەکەنەوە و لە بەر چاوی کۆمەڵگای خانەخوێ دەخەن. بەتایبەت ئەگەر تیرۆڕ لە وڵاتێکدا بە دەستی کەسێک لە دیاسپۆرا بقەومێت ئیتر ئەوە کاردانەوەیەکی یەکجار نەرینی دەبێ و کەش و هەوای سیاسی وڵات تاڵ و تووش دەبێ.
- ئاڵوگۆر لە ژینگەی سیاسی و بە هێزبوونی ئەحزابی ناسیۆنالیست و دەستەڕاستی
شەڕ لە ناوچە قەیراناوییەکانی دونیا ئاوارەیی و لێقەوماوی لێدەکەوێتەوە، بۆتە نەریتێک زۆربەی لێقەوماوان ڕوو لە وڵاتە ئورووپاییەکان دەکەن. هەروەها وەک لە سەرەوەش ئاماژە کرا لە ناو پەنابەران دا کەسانێک کاری دژ بە یاسای ئەو وڵاتانە دەکەن و زۆر جاریش لەنێو پەنابەراندا کەسانی سەربە رێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک داعش خۆ حەشاردەدەن دەست بۆ کوشت و بڕ تەقینەوە دەبەن. ئەو کردەوانە لە لایەن حیزبە دەستەڕاستییەکانەوە دەقۆزرێنەوە و دەبێتە خۆراک پروپاگەندە بۆ هەڵبژاردن. لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا بابەتی سەرەکی دەبێتە پێشگیری لە هاتنی پەنابەران و ئاسایشی نەتەوەیی. هەر حیزبێک پشتوانی لە پەنابەران بکات و لەگەڵ ڕەوتی دژ بە هاتنی ئەوان نەکەوێت لە هەڵبژاردندا دیدۆڕێنێ. لە بەر ئەو جەوە سیاسییە ئێستا لە هەمووی ئوروپا حیزبە دەستەڕاستییەکان زۆربەی دەنگەکان دەهێننەوە. بۆ وێنە لە وڵاتی ئوتریش حیزبی ئازادی, FPÖ، ٢٨،٨٥٪ دەنگەکانی بردەوە و حیزبی میللەت ، ÖVP، ٢٦،٢٧٪ و حیزبی سوسیال دێمۆکرات ، SPÖ، ٢١،١٤٪ دەنگەکانیان وەدەستهێنا. ئەوە لە کاتێک دایە کە حیزبی میللەت و حیزبی سوسیال دێمۆکرات لە ساڵانی رابردوودا بەردەوام زۆربەی دەنگەکانیان هەبوو و حەتا لە ساڵەکانی ١٩٧٤ تا ١٩٨٤ حیزبی سۆسیال دێمۆکرات بە سەرۆکایەتی کرایسکی ٦٠% دەنگەکانی هەبوو و بە تەنیا حکومەتی دەکرد، بەڵام لە ئەو کاتەوە کە کێشەی پەنابەران بووتە مەسەلەیەکی ئەمنیەتی دەنگ دەران ڕوویان لەو حیزبانەوە وەرگێڕاوە کە بە ئاشکرا دژایەتی پەنابەران ناکەن. ئەو هەلومەرجە دەفەتێکی زێڕینی بۆ حیزبە ناسیۆنالیستە تۆخ و تۆڕەکان پێکهێناوە و ئەکتیوتری کردوون. ئێستا کە لە ئوتریش ئیئتلافێک لە نیوان حیزبی میللەت و حیزبی سۆسیال دێمۆکرات و حیزبی لیبرال هەیە. وێڕای ئەوەی کە هەرسێک لایەن بە ئاشکرا ئەوەندە دژی پەنابەران هەڵوێست ناگرن، بەڵام بەبێدەنگی و بەکردەوە هەر سیاسەتی حیزبە دەستەڕاستییەکان دەبەنە پێش. بۆ وێنە ساڵی ٢٠٢٤ حەفتا هەزار کەس لە ئوتریش داوای پەنابەریان کردبوو، بەڵام ئەو ساڵ بە هۆی سەختگیرییەکی بێ وێنە تەنیا یازدە هەزار کەس داوایان کردووە. دابەزینی ئەو ڕێژەیە پێشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە مەرجەکانی پەنابەری لە ڕدەبەدەر سەخت کراوە و لەوانەیە ئەو یازدە هەزار کەسەش وەرنەگیرێن. شیاوی وەبیر هێنانەوەیە وڵاتانی بەرباس نەتەنیا بەرگری لە هاتنی نوخبەی زانستی و فەننی ناکەن، بەڵکە هاسانکاریشیان بۆ دەکەن.
سەرجەم دەبێ بڵێین کە هەلومەرجی ڕاکردن بۆ ئوروپا زۆر سەخت بووە و هەزاران لەمپەر لە سەرڕێگای گەێشتن بە ئامانجە داندراوە.. هەزاران خەڵک لە تورکیە ، یونان، لیبی، پاکستان لە بارودۆخێکی زۆر خراپ و نەگوجاودا ژیان بەسەر دەبەن. بە هەزاران کەسیش لە نێو دەریاکاندا خینکاون. و ئەگەر بەشێک لەوان لە حەوتخانی ڕوستەم دەرباز بوون و گەیشتنە ئورووپا ئەوجار گیر و گرفتی دیکە دەست پێدەکەن کە زۆر تاقەت پرووکێنن.