بەشی پەنجەمی ناکۆکی
لە زنجیرە نووسراوەکانی پێشوودا لە زمانی گلازل باسی هەشت جۆر کەسایەتیم کرد و لێکدانەوەم بۆ کردبوون کە رۆڵیان لە ناکۆکی و ئاشتەواییدا دەتوانی چۆن بێت. مرۆڤەکان لە دلاقەی خۆدیتندا تەماشای مرۆڤەکانی دەوروبەریان دەکەن و هەڵیاندەسنگێنن. کەسایەتی خۆبەگەورەزان ژێردەستانی بە بچووک دەبینێ و لە بەرابەر کەسانی بە هێزتر لە خۆێدا سەردادەنەوێنێ. کەسانی خۆبەکەمزان قیبلە و گەورە بۆ خۆیان دەبیننەوە و خۆیانی پـێ هەڵداوەسن و پێیانوایە بە بێ گەورە و سەرۆک، ژیان مانای نیە. گلازل مرۆڤەکانی لە گۆماوی ناکۆکیدا بە سی گروپدابەشکردووە:
ئا. هەڵسوکەوتی خۆپارێز لە ناکۆکی
ب. هەڵسوکەوتی شەڕانگێز و کێشەخوڵقێنەر
پ. هەڵسوکەوتی خۆ خەریک کردن لەگەڵ ناکۆکی و توانای بەربەرەکانی و ئاشتەوایی
گلازل پێوایە کە بە پێی کاراکتەر و کەسایەتی مرۆڤەکان ئەو سێ هەڵسوکەوتە نیشان دەدرێت. لە بەشی چوارەمدا لە زمانی گلازل جۆر و تایبەتمەندییەکانی کەسایەتیم بۆ لێکدانەوە. لە زنجیرە پێنجەمدا باسی هەڵسانگاندنی فریدمەن شولتس ڤون توون (Friedemann Schulz von Thun) و هێندێک نووسەری دیکەتان لە سەر کەسایەتی بۆ دێنمە بەرباس.
شولتس ڤون توون لە پێنچ کتێبی خۆیدا بە ناوی "لەگەڵ یەکتر قسە کردن"، سەرنجی تایبەتی داوەتە سەر کەسایەتی مرۆڤەکان و ناوەرۆکی دەروونی ئەوان. پێوایە هەشت ستایل لە دەروونی هەر مرۆڤێک دا هەیە، لەکاتێکدا تەنیا ئەو ستایلانە بەر چاو دەکەون کە مرۆڤەکە وەک کردەوە بە دەرەوە نیشانی دەدا. ئەو هەشت دەنگە لە لایەن بەرپرسی تیمی دەروونی "منی گەورەوە" بەڕێوەدەچن. ئەگەر هاوسەنگی دەروونی باشبێت ئەوە کەسایەتی تاک لایەن و تاکڕا پەروردە نابێ و لە کاتی تایبەتدا هەڵوێستی گونجاو دەگرێتەبەر، بە پێچەوانە ئەگەر هاوسەنگی دەروونی تێکچێ، پەروەردەی کۆمەڵایەتی تاکەکە یەکلایەنە بێت، ئەوە تاکە قسەنەگۆڕ و تاکڕا باردێت. کریستۆڤ تومان Christoph Thomann پێوایە چوار ئارەزوی بنەڕەتی کە بریتین لە "نزیکایەتی"، "دوورەپەرێزی"، "بەردەوامی" و "ئاڵوگۆڕ" بە تێکەڵاوی لەگەڵ یەکتر، هەشت جۆر ستایلی کەسایەتی باردەهێنن. ئیریش فرۆمم Erich Fromm باسی کارەکتەری جوراوجۆری مرۆڤەکان دەکا کە سەرچاوەیان لە کارەکتەری کۆمەڵایەتی دایە و ئەو پێوایە خۆوخدەی خۆشەویستی، هاوپشتیکردن، دادپەروەر بوون، بە شێوەیەکی ژیرانە پەیوەندی دوولایەنە هەبوون، هەموویان بەیەکەوە دەبنە دروستکەری ژیانیکی مرۆڤدۆستانە. بە پێچەوانە هەبوونی خۆوخدەی سادومازوخیستی، تێکدەرانە، تەماحکارانە، نارسیستی و تەجاوزکارانە دەکەونە خانەی دژایەتی ژیان و مروڤ.
بۆ ئەوەی باسەکەمان تێر و تەسەل بێ ئەو هەشت ستایلەی شوڵتس ڤون توون وەک پایە دادەڕێژیم و لە ڕێگای بیر و هزری زانایانی دیکەوە وەک تەواوکەر دەێڕازینمەوە. شیکردنەوەی ئەو هەشت ستایلە دەبێ یارمەتیمان بدا کە ئاگامەندانەتر لەگەڵ ناکۆکی و شێوەکانی و ئەکتەرەکانی رووبەروو بینەوە و لە فەنی دانوستاندا کارامە بین. ئەو ستایلانە بریتین لە :
ئا. ستایل (سەبکی) چاولەدەست و سەربەقەمتی و خۆ ڕێکخەر
هێندێک مرۆڤ ئاوا بارهاتوون کە لە لایەن گەورە و بەهێز و دەوڵەمەندان و یا کەسانی یارمەتیدەرەوە هاوکاری بکرێن و ئاگاداریان لێبکرێ. ئەوان هیچکات سەربەخۆ نەبوون و بەرپرسایەتیان وە ئەستوو نەگرتووە. ئەوجۆرە کەسایەتیانە لەوە دەترسین کە رۆژێک بۆ سەربەخۆیی پەروردە بن و دەست و ڕحمەت و گەورەیی ئەوانی دیکەیان لێ دوورکەوێتەوە. شێوەی پەیوەندی ئەو جۆرە کەسایەتیانە ئەوەیە کە هەستی ئەوەیان پێدەدا کە ئەگەر لایەنێک بەرپرسایەتی ئەو بە ئەستۆوە نەگرن، نابوودی ئەو شتێکی حەتمی دەبێت. ئەگەر لایەنی بەهێز یارمەتی کرد، ئەو خۆی بێهێزتر نیشاندەدا و یارمەتی پتر داوا دەکا، یارمەتیدەر خۆی پتر ماندوو دەکا و پتر یارمەتی دەکا. ئاوا هەر دوو لایەن دەچنە ناو بازنەیەکەوە و لە نێویدا دەخولێنەوە. کەسایەتی چاولەدەست بۆ سازکردنی پەیوەندی سێ پەیام بە بەرانبەری رادەگەێنێت:
· ئاگاداری لەسەر خۆی، ئەمن بێهێزم بە تەنیا بە هێچ شێوەیەک ناتوانم کارەکانم راپەڕێنم، پێویستم بە یارمەتیە.
· پەیامی هەڵخەڵەتێنەر بۆ لایەنی دیکە، "تۆ توانامەندی و بەهێزی!" رستەیەکی سێحراوی و فریودەرانە بۆ لایەنی بەرانبەر دەنێرێت. لایەنی دیکە هەست بە بەهێزبوون دەکا و لە بازنەکە دەکەوێت و تێدا دەخولێتەوە.
· پەیامی شاراوە و راستەوخۆ،" یارمەتیم بدە ، ئەمن بە بێ یارمەتی تۆ بە هیچ شیوەیەک دەرنابەم، ئەمن بە تەنیا مەهێڵەوە.
لە رێگای ئەو شێوە پەیوەندییەوە کەسایەتی چاولەدەست دەبێتە مرۆڤیکی گرێدراو و بێخێر، ئەو وەکی شولتس ڤون توون دەنوسی بە ئاشکرا ئاوا دەڵێت: "ئەمن لاواز و بێ توانام، بە تەنیا و بێ یارمەتی ناتوانم ژیانی خۆم بەڕیوەبەرم" (١٩٨٩ ، بەرگی دوو، لاپەڕی٦٢ ).
کاتێک کەسایەتی چاولەدەست قسە دەکا دەردەکەوی کە ئەو ناتوانی خواستی دڵی خۆی دەرببڕێ، هەر لەبەر ئەوەش ئەو جۆرە کەسایەتیانە لە بەرامبەر بەهێزتر لە خۆیان دەچمێنەوە و کەمتر بەرەنگاری دەکەن زۆرتر مەیلی تەسلیم بوون وابەستەبوونیان تێدایە و خەڵکی گونجاو نین بۆ وتووێژ و بەرەنگاری کردن لەگەڵ ناکۆکی. باشترە کە ئەو جۆرە کەسانە فێری سەربەخۆیی بن و لە ژێردەستی رزگاریان بێت.
ب. ستایل (سەبکی) یارمەتیدەر
ستایلی یارمەتیدەر و ستایلی چاولەدەست لەگەڵ ئەوەی کە دوو جەمسەری دژبەیەکترن لە هەمان کاتدا وەک موغناتیس یەکتر ڕادەکێشن. یەکیان چاولەدەستە و یارمەتی پێویستە و ئەویتر بۆ ئەوەی توانای خۆی بە دەرەوە نیشانبدا خۆبەخشانە یارمەتی دەکا. کەسایەتی یارمەتیدەر خۆی پێ بەهێزە و هەستی گوێڕایەڵـی بۆ یارمەتی زۆر تێدا بەرزە. شولتس ڤون توون (١٩٨٩، لاپەری ٧٦ ) پێوایە کە ئەو جۆرە مرۆڤانە لەکاتی پەیوەندیدا چوار کردەوە لە خۆیان بە دەروە نیشان دەدەن:
· لە خۆدەرخستندا وەها دەنوێنن کە بەهێزن و زۆر توانامەندن و هیچ کات پێویستیان بە یارمەتی نیە و داوای یارمەتیش لە کەس ناکەن.
· کاتێک باسی دەرد و مەرگەکانی لایەنی دیکە دەکرێ ئامادەن زۆر بە ئارامی گوێگر بن.
· لە رێگای پەیامی پەیوەندییەوە پەنجە لەسەر پێداویستیکانی لایەنی بەرانبەر دادەنێن.
· لە پەیامەکانیاندا بەردەوام ئاموژگاری لایەنەکە دەکەن بۆ چۆنێتی گەیشتنی ئەوان بە ئارەزووەکانیان، بەڵام لە ناوەرۆکی ئەو پەیامانەدا هیچ ئاوات و ئارەزوویەکی خۆیانی تێدا بەدی ناکرێت.
دیارە دەبێ ئەوە روون بکەینەوە کە هاوپەشتی و یارمەتیدان زۆر بەنرخە و هیچکات نابێ پێمانوابێ نابێ یارمەتی خەڵکانی دیکە بدەین. یارمەتیدان دەبێ هاوکات لەگەڵ ئەوە بێت کە مرۆڤی یارمەتیدەر، توانای داواکردنی یارمەتیشی هەبێت. کەموکوڕی ستایلی یارمەتیدەر ئەوەیە کە خۆی بە پاڵەوان دەزانی و هیچ کات داوای یارمەتی ناکا، پێی شەرمە کە بەشی لاوازی خۆی بە دەرەوە نیشان بدات. بەو پێیە یارمەتیدانەکە یەک لایەنەیە و دەکەوێتە بازنەیەکەوە کە لایەنی چاولەدەست بەردەوام داوای یارمەتی زۆرتر بکا. لایەنی یارمەتیدەر زۆرتر خۆی لە زەحمەت داوێ و دەێهەوی لایەنی یارمەتیخواز رازی بکات. بەڵام لایەنی یارمەتیخواز داواکانی خۆی پتر دەباتە سەر و پێدەڵی کە یارمەتییەکەت نەیتوانیوە لە قەیران رزگاری بکات. ئەو بازنەیە هەر دەخۆلێتەوە تا لایەنی یارمەتیدەر ماندو دەبێ و چیتر نایهەویت یارمەتی بکا. لێرە دایە کە ناکۆکی لە نیوان ستایلی چاو لەدەست و یارمەتیدەر پەیدا دەبێت. ئەو دوو لایەن درێژخایەن ناتوانن لەگەڵ یەکتر هەڵکەن و لە یەکتر جیا دەبنەوە. ئەو ستایلە لە وتوێژکردندا زۆر جار بۆ راگرتنی پەیوەندی لە قازانجەکانی خۆیان و بە قازانجی لایەنی بەرانبەر دەستبەردار دەبن و تەسلیم دەبن و هیچکات خۆ بە توندی توشی ناکۆکی ناکەن، چوونکە پەیوندی لاسەنگینان قەبووڵە و بە دژی زۆرداری ناتوانن راستبنەوە.
ستایلی (سەبکی) لەخۆبردوو
ئەو ستایلە زۆر لە سەبکی یارمەتیدەر نیزیکە. ئەویش پێخۆشە لە خزمەت خەڵک داببێت و یارمەتی بکا. تەنیا جیاوازیان ئەوەیە کە سەبکی یارمەتیدەر خۆ بە پاڵەوان دەزانی و لە سەرەوەڕا چاو لە یارمەتیوەرگر دەکا، بەڵام ستایلی لە خۆبردو خۆی بەفیداکار و خۆبەکەمزان وێنا دەکا. بۆ یارمەتییدان لە خەڵک دەپاڕێتەوە. ئەو نرخی ژیانی خۆی لە یارمەتیدانی خەڵکدا دەبینی شولتس ڤۆن توون ئەو ستایلە ئاوا پێناسە دەکا: "ئەمن بۆ خۆم هیچ نرخێکم نیە - تەنیا لە ڕێگای خزمەتکردن بە تۆ و بە خەڵکانی دیکە، بایخێکم دەبێت." (١٩٩٨ ، بەرگی دوو، لاپەڕی ٩٤ )
کاراکتەری ئەو جۆرە کەسانە وەها ئاڕاستە بووە کە خۆی "بێ نرخ" و خەڵکی دەوروبەری "پڕبایەخ" بقبڵێنێ. پەیامێک کە لە بارەی خۆێ دەێدرکێنی: "من بێ نرخم و هیچم." بەو شێوەیە بەردەوام خۆێ دەشکێنی و خۆی بچوک وێنادەکا. ئەو وەکی شولتس ڤون توون دەنوسێ ئاوا لەگەڵ خەڵک وتوووێژ دەکا:
"- دەزانم کە پرسیارەکەم بێمانیە ، بەڵام تەنیا ئامانجم ئەوەیە کە لە سەر ئەو بابەتە ئاگادار بم...
- بە داخەوە من کەسێکی زۆر نائاگام....
- دەزانم کە مزاحمت دەبم و کاتی پڕبایەخی ئێوە دەگرم...." (١١٩٨، بەرگی دوو، لاپەڕی ٩٤ )
وەک دەبیندرێ لە ئاخافتنیدا بەردەوام ئەوانی دیکە لەسەرەوە خۆێ دادەنێ. Paul Watzlawick ئەو جۆرە پەیوەندیە بەپەیوەندییەکی بندەستانە Inferiore دەقبڵێنی و بەرامبەرەکەی بە سەردەستکار Superiore پێناسە دەکا. واتسلاویک پێوایە کە پەیوەندی هاوسەنگ Symmertrical دەتوانی گونجاو بێت نەک پەیوەندی بندەستانە و سەردەستانە. لە پەیوەندی سۆمیتریدا هەڵکشان و داکشانی تێدایە و توانامەندی لایەنەکان لە بابەتەکاندا ڕۆڵدەگێرێت. ئەو سێ ستایلەی سەرەوە دەکەوەنە خانەی "تێکەڵاوی"یەوە و بەشێک لە کردارەکانیان تەواوکەری یەکترن.
"تومان" ئاوا تایبەتمەندییەکانی کەسایەتی کە ئارەزوی تێکەڵاوی هەیە باس دەکا :
"ئاواتی نزیکایەتی، ئارەزووی دەربڕینی هەست و خۆشەویستیان هەیە. بەردەوام پێیان خۆشە وابەستەبن و لە نزیکایەتیدا حەز بە ئاسوودەیی، دڵۆڤانی، هاوسازی دەکەن. هاوسۆزی و خزمەتکردن بە ئەرکی هەرە بەرزی خۆیان دەزانن. "(تومان، ١٩٨٨ ، لاپەڕی ١٧٦ )
Erich Fromm لە مەڕ ئەو سێ ستایلانەی سەرەوە پێوایە کە لە ژێر ڕکێفی دیکتاتورەکاندا لەشکری بەرگری و بەرخۆدان نین و لە ترسان لەگەڵ ڕەوتەکە دەکەون و پێیان خۆش نیە لە زۆر تاوان و کوشتاری دیکتاتورەکان ئاگاداربن، چوونکە ئەو شتانە لە لایەک رووحیان ئازاردەدا و لە لایەکی دیکە هێزی بەربەرەکانیان تێدانیە. توانای بەرەنگاریان لەگەڵ کێشەکاندا نیە، چوونکە زۆرتر تایبەتمەندی هاوسازی، و نزیکایەتیان تێدایە و پێیان وایە ئەگەر بەرنگاری بکەن ئیتر پەیوەندیان لەگەڵ بەرامبەردا تێکدەچێت. تاقەتی ئەوەیان نیە کە پەیوەندییەکانیان تێکبدەن، چوون ئەو کات تەنیایی، رووحیان ئازار دەدات.
ت. ستایل (سەبکی) هێرشبەر و تێكشکێنەر و دووژمنکار
ئەو ستایلە بە پێچەوانەی سێیەکی دیکە، لە پەیوەندی گرتن لەگەڵ مرۆڤەکانی دەوروبەردا لە سەرەوەڕا چاو لە خوار دەکا . وەکی شولتس ڤون توون دەنوسی:
"(...) کەسایەتی تووڕە و دووژمنکار خاوەنی وزەیەکە کە بەردەوام بە دوای کەموکوڕییەکانی خەڵکدا دەگەڕێ و ئامانجی ئەوەیە کەماسی و سوکایەتی لە لایەنەکاندا بدۆزێتەوە و لەو ڕێگایەوە بێ نرخ و ژێردەستەیان بکات." (سولتس ڤون توون، بەرگی دووەم، ١٩٩٨ ، لاپەڕی ١١٥ )
تاکی دوژمنکار بەردەوام بە ئاشکرا و بە شاراوە بەرانبەرەکەی خەتابار و بێ نرخ دەکا و بەم شێوەیە لایەنەکە دەشكێنی و هەستیکی پێدەدا کە ئەو هیچ بایەخێکی نیە. بەڵام خۆی بە کەسیکی گەورە، دروستکار و ڕێکوپێک و بەهێز و بەتوانا بە دەرەوە نیشان دەدا. دەروونناسان پێیان وایە کە ئەوانە تۆێکڵی سەرەوەیان ڕەقە بەڵام دەروونێکی شێواو و نەخۆشیان هەیە، لەو بارەوە شولتس ڤون توون دەنوسی:
"ئەوەی کە ڕوو بە دەرەوەدا ئاوا توڕە و تۆسن ، و بێ ڕێز و خۆبەزلزان خۆی نیشاندەدا، لە ناوەدا دەروونێکی شێواو، بێ ئۆمید، و ترسنۆکانەی هەیە ." (شولتس، ١٩٩٨ ،لاپەڕی ١١٨ )
ئیریش فرومم ئەو جۆرە کەسە بە سادومازۆخیست دەقبڵێنی و ئەو پێوایە کە ئەوانە وەک پاسکیلسوارن : بۆ سەرووی خۆیان دەچمێنەوە و بۆ خواروە فشار دەهێنن." پێوایە ئەو کەسانە تایبەتمەندی Nekrophilie (حەز بە کوشتن و وێرانکاریان) هەیە. (بڕواننە ئێڕیش فرومم، پێکهاتەی تێکدەرانەی مروڤ، ١٩٩٧، لاپەڕی ٣٨٤ )
لە مەیدانی سیاسەتدا ئەو جۆرە کەسایەتیانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆرن . بەشێک لە خەڵک کە ژێردەستەییان پێخۆشە و قەبووڵی دەکەن ، مەیدان بۆ دەسەڵاتی سەردەستانەی ئەو جۆرە ستایلە دەرەخسێنن و وەک ژێردەست و شکنجەگەر و پیاوکوژ کاریان بۆ دەکەن. لە دیالۆگ و وتووێژدا بەردەوام توڕەیی و شکاندنی لایەنی کەم هێز ڕەچاودەکەن و دەیانهەوی لە رێگا ستەم و زۆرەوە لایەنی بەرامبەر تەسلیم بکەن. سیستەمی پەروەردە و بارهێنانیان بۆ دروستکردنی دیکتاتورە بچوکەکان و لە هەمانکاتدا ژێردەستبوونیانە. ئەوان پێویستیان بە پیاوکوژ و شکنجەگەر و پاسدار و سەربازی بێبەزەییە و ئەگەر کەرەسەی نەرم نەیتوانی خەڵک ژێردەست بکا، ئەوە لەو دیکتاتۆرە بچوکانە بۆ کوشتن و ژێردەستەکردنی خەڵک وەک "کەرەسەی ڕەق" کەڵک وەردەگرن. توانای کاری بە گروپ و تیمیان نیە و هەوڵ بۆ ژێردەستکردنی دەوروبەریان دەدەن و بەردەوام پلانی فیتنە و فڕتوفێڵ دەگرنە بەر و هیچ کات پێیان خۆش نیە ئەو گروپەی کە تێدا کاردەکەن ئاسودەیی هەبێت و بەردەوام فەرمان دەدەن.
ج. ستایل (سەبکی) خۆهەڵکێش و خۆپێشاندەر
ئەو ستایلەش هەر بە دوای بانگەواز و گەورەنیشاندانی خۆیەتی، بەڵام بە پێچەوانەی ستایلی هێرشبەر و توڕە کە لە ڕێگای شکاندنی دەوروبەرانی خۆیەوە، بۆ خۆ گەورەکردن تێدەکۆشێ، ئەمەیان لە هەوڵی ئەوە دایە لە رێگای کارکردن و نیشاندانی توانا و زیرەکی خۆی گەورە و بەهێز وێنابکا. لە خۆهەڵکێشاندا دەڵێ: "من بەندەی بێ کەموکورتییم." و بۆ ئەوەی بەم شێوەیە ببیندرێ، بەردەوام لە تێکۆشان دایە. شولتس ڤون توون سەبارەت بە کەسایەتی خۆهەڵکێشەوە و لە زمانی ئەوەوە ئاوا دەنووسی:
"لە جیهانێکدا کە پڕە لە دادوەرانی توندوتیژ و نەیارانی بەرزەفڕە ، مروڤ نابێ خۆی لاواز وێنا بکا، و یا هەڵەیەک بکا و دیمەنیکی خراپ لە خۆی نیشان بدات، ئەگینا بە شێوەیەکی زۆر تووند بە کەسێکی "بێدەسەڵات " پێناسەدەکرێ ." (شولتس ڤون توون، بەرگی دووەم، ١٩٩٨ ، لاپەڕی ١٥٣ )
پەیامەکانی ئەو جۆرە کەسایەتیانە بەردەوام خۆهەڵکێشانی تێدایە:
- بڕوانن کە من چەند باش وتاردەدەم.
- ئاگاتان لێ بێ، من بەرهەمی چەند باشم هەیە.
- من ئێستا وەک کەسایەتیکی گەورە ناسراوم و خەڵک بە دوای منە وەن (...)
ئیریش فروم ئەو جۆرە کەسایەتیانە بە نارسیست پێناسەدەکا و پێوایە لە خۆشەویستی خۆیاندا نوقوم بوون. ئەگەر کەسانی دەوروبەر، خۆبەگەورەزانینی ئەویان قەبووڵ نەبێت، ئەوە دەکەونە بەر بێروحمی و دوژمنکاریان. هیچ کات لایەنە لاوازەکانی خۆی نیشان نادا بەڵام دەروونی پڕە لە دوژمنایەتی لەگەڵ ئەو لایەنەی خۆی و لە هەمانکاتیشدا لایەنە لاوازەکانی لە دەروونی خۆێدا زیندانی کردووە. تەنانەت هەر کەس کە لاوازییەکی وەک ئەوی هەبێت، دوژمنکاری لەگەڵدا دەکا. لە ڕاستیدا دوژمنایەتییەکی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ لاوازییەکانی دەروونی خۆیدا دەکا. ئەو کردەوانە، دەیکاتە دیکتاتۆر و لە بەر ئەو هۆیانەش، لە ستایلی هێرشبەر و توڕە زۆر نزیک دەبێتەوە.
سولتس ڤون توون لە زمانی بەرپرسێکی ئیدارییەوە ئاوا دەنووسێ:
"ئەگەر نەتوانم زۆر باش بم، هەوڵ دەدەم زۆر خراپ بم، ئەگەر نەتوانم پیاوێکی پیرۆز و بەناوبانگ بم، هەوڵ دەدەم کە ببمە تاوانکارێکی گەورە." ." (شولتس ڤون توون، بەرگی دووەم، ١٩٩٨ ، لاپەڕی ١٥٦)
بۆ ئەو جۆرە کەسانە گرنگ ئەوەیە کە ئەو کارەی لە بەر دەستیان دایە؛ چ چاک یاخود چ خراپ بە وزەیەکی زۆر وەدوای کەون. ئەو کەسە بەردەوام لە بازنەی بەربەرەکانی و رکابەری دایە و هیچ ئاسوودەیی نیە، زۆر ماندوو و تووندسروشتە و لەگەڵ ژێردەستانی زۆر ناڕێکە. داخوازی ئەوەیە کە هەموویان زۆر کاربکەن و نەحەسێنەوە. لە کاتی وتووێژدا بەردەوام پاڵەوانێتی و ئازایەتی خۆی باس دەکا و ناپرینگێتە سەر داواکارییەکانی لایەنی دیکە. لە ناکۆکی و ئاشتیدا بەردەوام لە ڕکابەری دایە، ناتوانێ سیستەمیکی سەقامگیر بەرپابکات.
چ . ستایل (سەبکی) ئوتۆریتەر و کۆنترۆڵکار
ئەو سەبکە بەردەوام لە هەوڵی کۆنترۆلکردنی کارەکان و مرۆڤەکان دایە. دەبێ هەموو شتێک بە مەیل و مەڕام ئەو هەڵبسوڕێت. ئەگەر کارێک بە مەیلی ئەو نەبوو، ئەگەر شتێک لە جێگای دیارکراوی خۆی نەبوو، ئەگەر کەسێک بە شیوەیەکی دیکە بیری کەردەوە، ئەوە لەو دوخانەدا دوو هەڵوێست سەبارەت بە بابەتەکە و سەبارەت بە مرۆڤەکان دەنوێنێت: یەک، ترسێکی گەورەی دروونی و دووهەم، تووڕەیەکی گەورە سەبارت بە مرۆڤەکان. ترسەکە و توڕەیەکە بە یەکەوە لە پەیوەندیدان و هەڵقوڵاوی دەروونی ئەون. لە ترسی ئەوەی کە کونترۆڵی خەڵکی لەدەست دەربچێ، کردەوەی ئوتۆریتەری و کۆنترۆڵکاری دەکاتە پیشە و ئەگەر نەیتوانی ئاوا بە ئاسانی مرۆڤەکان بخاتە ژێردەستی خۆی، ئەوە لە ڕێگای زەبەر و زەنگەوە ئەو کارە دەکا. لە ئەو بارەوە شولتس ڤون توون ئاوا دەنووسی:
"ترسی ئەو لە بەر چی، توڕەیی و ڕقئەستوری و غەزەبی بەرانبەر بە چ کەسانیکە؟ ترسی لە ئاڵوگۆڕی لەپڕا، لە لەدەستانی کۆنترۆڵ و دروستبوونی ئاشووبە. ڕقی ئەو سەبارەت بە کەسانێکە کە دژبەری پلانەکانی ئەون و دیانەوی پێ بڵێن کە ئەو بێتوانایە. "(شولتس ڤون توون، بەرگی دووەم، ١٩٩٨ ، لاپەڕی ١٧٠)
پەیامەکانی کەسایەتی کۆنترۆڵکار ئەویە کە دەڵێ :
- من تەنیا کەسێکم کە توانامەندم راست و هەڵە لە یەکتر جیابکەمەوە
- ئێوە توانای جێبەجێ کردنی ئەو کارەتان نیە، ئەگەر بە تەنیاتان بهێڵمەوە ئەوە هەموو کارەکە تێکدەچێت. لە پەیامەکەیدا تەنیا بەشێکی بچووکی شکاندنی کەسایەتی، بەشێکی زۆری هەوڵدانە بۆ گۆڕین و لە قالبدانی کەسەکان بە مەیلی خۆی و وەک ئەو دەێهەوێت. دەست نیشانکردنی هەڵەی ئەو لە سەر مرۆڤەکانی دەوروبەری خۆی دەبێتە هۆی ئەوە کە بەردەوام تەقەلا بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ بە سەر بیروڕای ئەوان دا بکات. پەیامەکانی ئاوا دەڕازێنێتەوە: "من دەزانم چ ڕێگایەک راست و دروستە، پیاو ئاوا ئەو کارە ناکا، ئەو شتە نابێ لە ئەو جێگایە داندرێت، ئەتۆ زۆر پڕمەترسی، من بەردەوام دەبێ پێت بڵێم چ بکە و چ مەکە!" کەسایەتی ئوتۆریتەر بەشێکی کێشەکەی لەگەڵ دەروونی خۆییەتی ، لە زمانی دەروونی ئەو سەبکە شولتس ڤۆن توون ئاوا دەنووسی:
"من بێسەرەوبەر و شڵەژاوم، گوناهکار، بێ تەدبیر و بێ تەوژمم، تەنیا ئەگەر فەرمانی توندوتیژ بکار بهێنم، دەتوانم خۆم بێنمە ژێر کۆنترۆڵی خۆم و ئەو کات دەتوانم وەک کەسێکی کارا بمێنمەوە." (شولتس ڤون توون، بەرگی دووەم، ١٩٩٨ ، لاپەڕی ١٧٤)
ئەو کۆنترۆڵە سەختە دەروونی خۆی بە دەرەوەش نیشاندەدا و بەردەوام بۆ ئارامکردنەوەی دەروونی خۆی خەریکی ئەو کەموکوڕیانەی خۆیەتی کە لە خەڵکی دیکەدا دەیاندۆزێتەوە. هەر بۆیەش بەشێکی زۆری ژیانی خەریکی فەرماندان و کونترۆڵی خەڵکی دەوروبەرێتی و بە هیچ جۆرێ دەستبەرداری کۆنترۆڵکردن نابێ. تا ئەو کاتە کە ژێردەستان، فەرمانەکانی جێبەجێدەکەن ئەوە دەسەڵاتەکەی بەردەوامە، بەڵام هەر هات خەڵک نافەرمان بن، ئەوە ژێردەستانی تووشی هەڕەشە و سەزادان دەبنەوە. بە ئەو شێوە کەسی ئوتۆریتەر دەکەوێتە بازنەی ناکۆکییەوە و بۆ کۆنترۆڵی خەڵک، پێویستی بە وزەی زۆرترە. لەولایەوەش خەڵک بۆ رزگاری لەو فشارە، بەربەرەکانی دەستپێدەکەن و لایەنی ئوتۆریتەر فشاری خۆێ زیاتر و زیاتر دەکات. ئەو بازنە شەێتانیە هەر دەخولێتەوە تا قەیران بە شەڕ و هەڵا و شۆڕش دەگا. ئێران بۆ ئەو جۆرە دەسەڵاتە نمونەیەکی باشە. ئەو سبکە لە وتووێژدا زۆرجار بە تایبەت لە بەرامبەر لاوازتر لە خۆیان فشاری تەسلیم بوون و داسپاندنی قازانجەکانی خۆیان بکاردێنن و لە بەرامبەر بەهێزتر لە خۆیاندا سیاسەتی خافڵاندن و لە کۆتاییدا تەسلیم بوون دەگرنەبەر. ئێریش فرومم (بڕوان ئێڕیش فرومم، ساختاری تێکدەرانەی مروڤ، ١٩٩٧، ) سەبکی هێرشبەر و ئوتۆریتەر بە سادومازوخیست و نارسیست ناودەبا و ئەو جۆرە کەسانە وەک دیکتاتۆری گەورە و بچووک وێنادەکا. فرۆم پێوایە هەر کام لەوانە ژێردەستەی خۆیان دەچەوسێننەوە و پێڵاوی گەورەکانی خۆێان دەلێسنەوە. تومان هەموو ئەو سێ سەبکە (هێرشبەر، خۆهەڵکێش و ئوتۆریتەر) بە ئارەزومەندی "بەردەوام " ناودێردەکا و ئاوا دەنووسێ:
"خولیابوونی "بەردەوامی" و ئارەزوی پشتپێبەستن بە نەزم و نیزام دەبێتە هووی چالاککردنی چەندین ئارەزوی بنچینەیی لە مرۆڤەکاندا. ئەوانە بریتین لە بە پلانکارکردن، چاودێری کردن، دووربینی، ئامانجداری، یاسا، تیۆری، سیستەم، دەسەڵات، کۆنترۆڵکردن. ئەو کەسانەی کە لەسەرەوە هاتوون بۆ زامنکردنی پارێزگاری لە خۆیان و دەسەڵاتەکەیان بەکاردەێنن." (تومان، ١٩٨٨ ، لاپەڕی ١٧٦ )
ئەو سێ سەبکە لە وڵاتی ئێمەدا، بنچینەی بیری دەسەڵاتدارانی دیکتاتۆرە. ئەوان چونکە باوڕیان بە کۆنتروڵ، لەسێدارەدان، ئەشکەنجە و تێکدانە و حەز لە کوشتن دەکەن، بۆیە لە خوێندنگە و میدیاکانیان و بنکەکانی ڕاهێنەردا، مرۆڤ بۆ ئەو کردەوانە پەروەردە دەکەن. هەوڵ دەدەن مرۆڤ بە تایبەتمەندی دیکتاتۆری بەڵام گوێڕایەڵی خۆیان و دژ بە لاوازتر لە خۆیان پەروەردە بکەن و پێویستیان بە شکەنجەگەر، و پیاوکوژ و سیخوڕە. هەمووی ئەوانە بۆ ئەوەیە کە سیستەمی کۆنترۆڵکاری و دیکتاتۆری خۆیان بەردەوام بکەن.
ح. ستایل (سەبکی) دوورەپەرێز
ئەو کەسانەی کە دەکەونە خانەی دوورەپەرێزییەوە سنورێکی کۆنکرێتکراوی دەروونیان تێداپەروەردە بوو کە بەو هۆیەوە سنورەکانی خۆیان و مەیدانی جووڵەی نێوانی خۆیان و مرۆڤەکانی دیکەیان دیاری کردووە. ئەو دیوارە، مەودای شوێن و جەستەیی ئەوە بۆ ئەوەی ئارامی و ئاسوودەیی دەروونی زامن بکرێت. مرۆڤەکانی دەوروبەری زۆرجار لەو سنوردانانە تێناگەن و پێیان وایە کە ئەو کەسە لووتبەرزە و پێی شەرمە لەگەڵ زۆر کەسان تێکەڵاوبێت . تۆماس مان Thomas Mann لە کتێبەکەیدا بە ناوی "دانپێهێنانی فێڵەبازیک"دا، ئاوا لەسەر کەسایەتی دوورەپەرێز دەنووسێ:
"سەبکی دورەپەرێز زۆر بە ئاسانی لە لایەنی خەڵکی دیکەوە بە کەسیکی بە پۆز و خۆدوورخەرەوە بەدیدەکرێت. لایەن وا هەستپێدەکا کە بە ئاسانی ناتوانی نیزیکایەتی لێ بکا و تێکەڵاوی بی." (توماس مان، ١٩٤٥، لاپەڕی ٢٦٢ )
ئەو جۆرە کەسایەتیانە وزەی خۆیان دەخەنە سەر بابەتەکان و دووری لە پەیوەندی لەگەڵ مرۆڤەکان دەکەن. ئەوان زۆر دووری لە خۆهەڵکێشان و خۆ نواندن دەکەن و کەم جار وتەبێژی دەکەن و لە ناو خەڵکدا قسەناکەن. کاتێک پرسیاریان لێدەکرێت زۆر بە کورتی وڵام دەدەنەوە. لە وڵامدانەوەدا خۆهەڵکێشان و ئاگادارییەک لە خۆیان نادەنە دەست. لە ئاخافتنی ئەواندا زۆر بە کەمی وشەی "من" بەدی دەکرێت. ئەو جۆرە مرۆڤانە هەستی خۆیان بە دەرەوە نیشان نادەن، بەڵام لە ناخیاندا دەکوڵێن و دەجۆشێن. لەو بارەوە شولتس ڤون توون دەنووسێ:
"کەسی دوورەپەرێز بە ڕواڵەت وەها دەنوێنێ کە بە هیچ جۆر هەستی لە بەر ئەو کردەوەیە یا ئەو ڕووداوە نەجوڵاوە. مرۆڤێکە خاوەنی مێشکێکی گەورە و دڵێکی بەردینە. بەڵام ئێستا بۆمان دەرکەوتووە کە ئەو ڕواڵەتسازییە بۆ قەرەبووکردنەوەی هەلومەرجی دەروونی خۆیەتی. ئەو کەسانە لە ناخیاندا پێویستیان بە ئەهوەنکردنەوەی هەستی دەروونی هەیە و لە تەنیایی ئازار دەکێشن." ( شولتس ڤون توون، بەرگی دووەم، ١٩٩٨ ، لاپەڕی ١٩٤)
ئەو کەسانە بەردەوام لەوە دەترسێن، ئەگەر راستی دەروونی خۆیان بۆ لایەنێک باس بکەن، ڕەنگە کەسەکە کەڵکی خراپی لێوەرگرێت و هەوروها پێیان وایە کە دەبێتە هۆی تێکەڵاوی و ئەو کردەوەیە بۆیان دەبێتە زیندان. شولتس ڤون تون دیسان ئاوا لە زمانی کەسی دوورەپەریزەوە دەنووسێ:
"ئەگەر باوەشی خۆم بکەمەوە و رێگابدەم کەسێک بچێتە دڵمەوە، خۆم بەرەوڕوی مەترسییەکی گەورە دەکەمەوە، بە شێوەیەک کە بەتەواویی وابەستە دەبم و لە دڵئێشان پارێزراو نابم و لە "زیندانی لەیەکتر توانەوە"دا نوقم دەبم و لە وێدا ئیتر بە یەکجاری ون دەبم." (شولتس ڤون توون، بەرگی دووەم، ١٩٩٨ ، لاپەڕی ١٩٦)
ترسی گەورە لە گرێدراویی دەبێتە هۆی ئەوە کە توانامەندی وا بەدەست بخات کە ئیتر ناچار بە خەڵکی دەوروبەی خۆی نەبێت. چوونکە ئەو جورە کەسە بێزارن لە چاولەدەستبوون و سوپاسگوزاری کردن. ئەو سەبکە دوو ئارزووی دژ بەیەکتری هەیە مەیلی دەروونی بە نزیکایەتی و خۆشەویستی و مەیلی پێکەوە بوون و دڵحەساوەیی لە دەروونیدا چەقبەستوو بوو و ئازاری دەدا، و لە لایەکەی دیکە ترس لە تێکەڵاوبوون و نزکایەتی و توانەوە بە دەرەوە وێنا دەکا. بەو شێوەیە نزکایەتی لە خەڵک لەگەڵ ئەوەی ئارەزوویکی دەروونی ئەوە، بەڵام گەێشتن بە ئەو وەک حەوت خانی رۆستەم و نووشتووی دێوی ڕەش وایە. ئەو کەسانە بەردەوام لە بازنەی دوورەپەرێزیدا دەخولێتەوە خەڵکی دەوروبەری ئەو بە لووتبەرز و بەپۆز دەزانن و کاتێک دەبینن ئەوانیش لێ دوور دەکەونەوە، ئەو دوورکەوتنەوە دڵی تووشی ئازار دەکا و پتر خۆی دەکێشێتەوە. ئەوانیش دەڵێن لەگەڵ ئەو جۆرە کەسانە تێکەڵاو نابین، بەو شێوەیە ناتوانی لەناو گروپەکەدا خۆ بگونجێنی و دووردەکەوێتەوە. لەو بازنە شەیتانییەدا بەردەوام دەخولێنەوە.
تومان لە سەر کەسانی دوورەپەرێز ئاوا دەنووسێ:
"دوورەپەرێزەکان ئارەزووی دوورییان لە مرۆڤەکان هەیە بۆ ئەوەی کەسایەتی تاکەکەسیان پاریزراو بێ، دەیانەوێت وەک تاقانە و ئازاد و سەربەست خۆیان وێنا بکەن. بۆ وەدەستهێنانی هۆشمەندی تێدەکۆشن. ئەو ئارەزوویە لە هەمووی ئەو مرۆڤانە بەچاوە کە بە دوورەپەرێز دەناسرێن.'' (تومان، ١٩٨٨ ، لاپەڕی ١٧٦ )
ئەو کەسایەتییە لە ناکۆکی ڕادەکا و بە هێچ جۆر توانای چارەسەری کێشەی نیە. هەروەها بۆ وتووێژ گونجاو نیە، چوونکە وێژەر و ڕەوانبێژی چاک نیە. بەڵام وەک لێزان و پسپۆر لە کارەکانی پشتپەردە دەکرێ کەڵکی لێوەربگیردرێت و لە نزیکایەتی و تێکەڵاوی ترسی زۆری هەیە.
خ. ستایل (سەبکی) هەواڵدەر و دراماکار
سەبکی هەواڵدەر و دراماکار تینووی خۆدەرخستنە و پێخۆشە بە ئاشکرا هەستی خۆی دەرببڕێت و خەڵک بە دەوریدا کۆببنەوە. ئەو کەسانە قسەخۆشن و لە خەڵک لێیان ماندوو نابێت. توانای دەربڕین و گێڕانەوەیان زۆر بەهێزە و بەردەوام بەو بابەتانەوە خەریکن. لە پەیامی پەیوەندی ئەواندا، خۆوێناکردن گەلێک بەپێزە و لە زۆربەی گێڕانەوەکانیاندا رۆڵی خۆیان بە شیوەیەکی دڕاما بەزەقی دیارە. لە کاتی پەیوەندیدا دوو پەیامی هەیە؛ یەکەم بە گۆێگر دەبێژێ کە ئەو چەند کەسایەتیکی گرنگە، دووەم بەردەوام ئارەزووی تێکەڵاویی و نزیکایەتی هەیە. ئەو جۆرە کەسە دەبێت لە کاتی منداڵێیەوە کەم سەرنجی پێدرابێت و لە ناوەنددا نەبووبێت و ئەزموونی وەهای بووبێت کە تەنیا لە ڕێگای خۆ وێناکردنەوە دەتوانی لە ناو خەڵکدا دیاربێت . شولتس ڤۆن توون ئاوا لە زمانی کەسایەتی هەواڵدەر دەنووسێ:
"من کەسیکی بێ بایەخم، چەندوچۆنی تواناکانی من بۆ کەس جێگای سەرنج نیە. تەنیا ئەو کاتە دیارم و دەبینرێم کە ژیرانە تواناکانی خۆم وێنا بکەم و بیانخەمە مەیدان" ( شولتس ڤون توون، بەرگی دووەم، ١٩٩٨ ، لاپەڕی ٢٣١)
کاتێک ئەو جۆرە کەسانە دەست بە قسەدەکەن، بەردەوام لە سەر خۆیان و بەسەرهاتەکانیان باس دەکەن و بەردەوام بە وشەی "من" دەست پێدەکەن و پاڵەوانی سەرەکی هەر بۆ خۆیانن و ڕیگەی قسەکردن بە کەسی دیکە نادەن. شولتس ڤۆن توون لە بارەی هاوکارێکی خۆی کە زۆر لە سەر خۆی قسەی دەکرد ئاوا دەنووسێ:
"هاوکارێکم کە گیرۆدەی سەبکی هەواڵدەر و دراماکار بوو و بەردەوام لە سەر خۆی شتی دەگێڕواە، پێمگۆت: "ئیتر بەسە تۆ بەسەرهاتی زۆرت لە سەر خۆت بۆ من باسکرد، با جارێکیش لە سەر من شتێک باس بکەین!" ئەو کە تایبەتمەندی گاڵتەچێانەی هەبوو، وڵامی دامەوە: "ئا، ئا بەڕاستی دەبێت وابێ! ئێستا دەبێ لە بارەی تۆ قسان بکەین: ئەرێ ئەو کتێبەی کە تازە نووسیومە پێت چۆنە؟!"( شولتس ڤون توون، بەرگی دووەم، ١٩٩٨ ، لاپەڕی ٢٣٥)
تومان پیوایە کە ستایلی دڕاماکار لە کەسانێک نزیکە کە ئارەزووی ئاڵوگۆریان هەیە. بەم شێوەیە لەسەر ئارەزوو بنەڕەتییەکانی ئەو کەسانە دەنووسێ:
"ئەوینداری ئەفسوناوی گۆڕانکاری، دیاردەی نامۆ و ریسک و سەرکێشین. دیانەوێ سنورەکان ببەزێنن و لەو رێگایەوە کاتێکی پڕ لە بەسەرهاتیان هەبێت. پێویستیان بە پڕکێشی، دڵۆڤانی، جۆش و خرۆش، فانتازیا و خۆشەویستی لە رادەبەدەرە." '' (تومان، ١٩٨٨ ، لاپەڕی ١٧٦ )
کەسانێک کە گیرۆدەی ئەو سبکە بن خۆیان زۆر تووشی کێشە ناکەن. ئەگەر زانیان جێگایەک بە دڵ و داخوازی ئەوان ناچێتە پێش، ئەو جێگایە بەجێدێڵن. بۆ وتووێژی و دانوستان گونجاو نین، بەڵام بۆ بەڕێوەبردنی بەرنامە، توانای باش و بەکەڵکیان هەیە، چوونکە بەردەوام قسەدەکەن و توانای ڕەوانبێژیان زۆر بەهێزە.
وەک لە سەرەوەدا باسمان کرد گشت ئەو ستایلانە دەتوانن لە مرۆڤێکدا هەبن، بەڵام ئەگەر یەک لەوان بە زۆری بەرجەستەکرا، ئەوە ئەو سەبکە دەبێتە کرداری ئەو مرۆڤە. بۆ نموونە سەرۆک عەشیرەتێک کە بەردەوام فەرمان یا بڕیاری خۆسەپێنانە دەدات، ئەو کات باری کۆمەڵایەتی ئاوا بووە و سەبکی ئوتۆریتەر لە دەروونیدا جێگیر بووە. شولتس ڤۆن توون پێیوایە کە تیمی دەروونی لە ڕێگای "من"ی گەورەوە ئیدارە دەدرێت و کەسایەتێک گونجاوە کە بە پێی هەلومەرج، کردار بنوێنێ و هاوسەنگی هەبێ. ئەگەر هاتوو کەسێک تەنیا بە یەک سەبک ڕاهات، پێویستی بە یارمەتی دەروونناسە هەیە بۆ ئەوەی بتوانی هاوسەنگی خۆی بەدەست بێنێتەوە. لە سەر ئەو بابەتە لە داهاتوو دا دەنووسم و لێکدانەوەی بۆ دەکەم.