رێگەی ڕزگاری لە یەکسانی زایەندییەوە تێپەر دەبێت - It's Over 9000!

رێگەی ڕزگاری لە یەکسانی زایەندییەوە تێپەر دەبێت

نوسەر: د. مجید حقی
نوسراو لە بەرواری 10:11 2023 , November 21

لەم ساڵانەی کۆتاییدا سێ دیاردە بوونەتە هۆی باس کردن لە ڕۆلی ژنان لە کۆمەڵگادا: قەیرانەکانی ئابووریجیهان، قەیرانی کار و پێویستی بە هێزی کاری دەرهێنەر لە هەموو جیهاندا و هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەشداری پڕ ڕەنگی ژنانی کوردستان لە خەباتی ڕزگاری خوازانەی نەتەوایەتی و بەتایبەت ڕۆلی ژنان لە شۆرشی ژینادا و خەبات و ویستی ژنانی ئێران بۆ هەلگرتنی حیجابی زۆرەملی و مافەکانی مرۆڤییان، خەباتی بەرچاوی ژنانی ئێرانی دژی توندوتیژی زایەندی (جێندەری) لە ئێراندا کە بەشێوەیەکی سیستماتیک و قەوارەیی بەرێوە دەچێت. ئەم سێ دیاردەیە مژاری سەرەکی بەشێکی زۆر لە ڕاگەیەنە گشتییەکان، تۆرەکۆمەڵایەتییەکان، سمینار و کۆنفرانسی جۆراوجۆر لە لایەن چالاکڤانانی کورد، ئێرانی و ناونەتەوەیی بووە. ئێستا ئێمە بینەری  دیاردەیەکین لەسەر ئاستی گشتی کە باس لە کاریگەری و پەیوەندی گەشەسەندنی یەکسانی زایەندی (جێندەری) دەکات لە سەقامگیری و ئارامی و پێشکەوتنی کۆمەڵگا و خۆشبژێوی کۆمەڵایەتیدا.

کۆمەڵگای ماندوو، پرتووکاو و شەرخوازی پیاوسالار چی دیکە ناتوانێت گەشە بە جیهان بدات و داهاتوویەکی خۆشبژێو بۆ مرۆڤایەتی بەرهەم بێنێت.  هەر لەبەر ئەم هۆکارە دەبێت خۆمان وەک پیاو ڕزگار بکەین لەم دونیایەدا کە پیاوسالاری بووەتە هۆی شەڕ و وێرانکاری و لەدەستدانی هیواکان و سەدان ساڵە ملیۆنان مرۆڤی لە جیهاندا کردۆتە قوربانی. جیهانی ئەمڕۆ پێویستی بە پەرەپێدانی قوتابخانەیەکی نوێ هەیە. قوتابخانەیەک کە ئامانجی پەرەپێدانی خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی و پەرەپێدانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئابووری و یەکسانی لە نێوان هەموو ئەندامانی کۆمەڵگا بێت.

بۆ ئازادیخوازان و خەباتکارانی مافی دیاری کردنی چارەنووس، دەبێ جێی پرسیار بێت؟ بۆچی ئاستی ژیان و خۆشبژێوی لەو کۆمەڵگایانەدا کە یەکسانی زایەندی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئابووری چەسپاوە، هەستی بەختەوەرییان بەرزە؟ توێژینەوەکان لە وڵاتانی پێشكەوتوو لەوانە وڵاتانی سکاندیناڤی و ژاپۆن، دەریدەخەن لەو کۆمەڵگانەی کە سیاسەتی ئابووری و کۆمەڵایەتی و بڕیاری سیاسی لەسەر بنەمای یەکسانی جێندەرییە، مرۆڤ دڵخۆشترە، تەندروستی گشتی باشترە، سەقامگیری کۆمەڵایەتی زیاترە، متمانەی کۆمەڵایەتی لە هەموو ئاستەکاندا. لە وڵاتانەدا ویستی گشتی و هاوبەش هەیە بۆ بەڕەوڕوو بوونەوە لە گەل هەموو جۆرە لێگەر و چالشێکی کۆمەڵایەتی. جا ئەم لێگەڕانە سیاسی بن یان پێوەندییان بە دۆخی ژینگە و ئێکۆسیستەمی ئەو وڵاتەوە بێت.  لە توێژینەوەکانی پێوەندیدار بە پەیوەندی نێوان یەکسانی جێندەری و تەندروستی و باشتربوونی کۆمەڵایەتی، تێبینی دەکرێت کە تا ئاستی یەکسانی جێندەری بەرزتر بێت، ئاستی تەندروستی کۆمەڵایەتی و تاکەکەسی ئەندامانی کۆمەڵگا بەرزتر دەبێتەوە. بۆ نەتەوەیەک کە خەبات دەکات لە پێناو رزگاری نشتیمانی ، پەرەپێدانی یەکسانی و تەندروستی کۆمەڵایەتی بە واتای بەهێزکردنی هێزە خەباتکارەکان و زیادکردنی هێزی بەرگەگرتن لە دژی دیکتاتۆرییە.

 

لە کۆمەڵگای ئێرانی و کوردستانیدا، چ لە ناوخۆی وڵات و چ لە دیاسپۆرا، زۆر کەس تەندروستی کەسی و کۆمەڵایەتی خۆیان بە جۆری داهاتەوە دەبەستنەوە. بەڵام لە ڕاستیدا ئەم بابەتە پەیوەندییەکی ڕێژەیی لەگەڵ ئاستی داهات و پێگەی کۆمەڵایەتی هەیە. ئەو کۆمەڵگایانەی کە لەسەر بنەمای پێوەندی کۆی گشتی سفر دامەزراون، ناتوانن پێگە و ئاستی کۆمەڵایەتی خۆیان باشتر بکەن.

 

پرسی یەکسانی جێندەری تەنها پەیوەست نییە بە ڕێگەدان بە ژنان بۆ بەشداریکردن لە بڕیارە سیاسییەکان بە بەدەستهێنانی چەند کورسییەک لەنێو پیاوان، بەڵکو ئەم بابەتە پێشمەرجێکە بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لەسەر هەموو ئاستەکان و پەرەپێدانی کوالیتی ژیانی سەرجەم ئەندامانی کۆمەڵگا لەگەڵ ئێمە پیاوان. لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا وڵاتانی پێشکەوتوو شاهیدی باشتربوونی ئاستی ژیان و بەختەوەری کۆمەڵایەتی بوون بەهۆی هەوڵدان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی یەکسانی جێندەری. ئەمڕۆ شاهیدی ئەو ڕاستییەین کە تەنانەت کاریگەری گەرمخانەیی و گەرمبوونی  گۆی زەوی نەیتوانیوە پێشکەوتنی ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەو وڵاتانە بوەستێنێت و ئەم وڵاتانە لێبڕاوانەترن لە پێشوو بۆ بەشداری ژنان لە هەموو بوارەکانی بەرێوەبەری و رێبەری کۆمەلگا. 

هۆکاری سێیەمیش پێوەندی هەیە بە پرسە ئابووری و بازرگانییەکانەوە: کۆمەڵگایەک کە یەکسانی بەرەوپێش ببات و پەرەی پێبدات، خوڵقێنەری دەرفەتی ئابووری زیاترە. ژمارەی ئەو دۆزینەوە و داهێنانانەی لە کۆمەڵگە پێشکەوتوو و یەکسانەکاندا تۆمارکراون زۆر زیاترە لە کۆمەڵگا ناپێشکەوتوو و نایەکسانەکان.

 

تەنانەت لە ڕوانگەی بەرژەوەندی ئیمە پیاوانیشەوە پێویستمان بە پەرەپێدانی یەکسانی زایەندی هەیە لەبەر ئەم سێ هۆکارەی خوارەوە:

یەکەم: نایەکسانی دەبێتە هۆی پەرەسەندنی ماتریالیزم و لەدەستدانی بەها ڕۆحی و مرۆڤییەکان.

دوو: کۆمەڵگا یەکسانەکان هەستێکی هاوبەشیان هەیە بەرامبەر بە هەڕەشە دەرەکییەکان. ئەمەش لە بەرامبەردا دەبێتە هۆی ئەوەی کۆمەڵگا خۆبەخشانە چارەسەری کێشە و لێگەرە هاوبەشەکان بکات.

سێ: لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن لەو کۆمەڵگایانەی کە ڕێز لە یەکسانی جێندەری دەگیرێت، سەرکردەکانیان زیاتر گرنگی بە پرسی ژینگە و سەقامگیری کۆمەڵایەتی دەدەن.

 

 ئێمە لە دەسپێکی شۆرشێ ژیناوە، زۆر باس و بابەتمان بیستووە و خوێندوینەتەوە سەبارەت بە پێویستی گۆڕینی پارادایمی کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا. چەندین قسەی جوان و سەرنجراکێشمان لە رێبەرانی سیاسی خۆمان بیستووە سەبارەت بە پاڵپشتیکردنیان بۆ یەکسانی جێندەری لە کوردستان، ئەوانەی بوونی ژمارەیەکی کەمی ژنان لەسەر ئاستی رێبەری ڕێکخراوەکانیان وەک شانازی بە نیوەکەی تری کۆمەڵگا دەفرۆشن. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە بەبێ گەشەپێدانی سیستماتیک و پلان بۆ داڕێژراو و ئامانجدار بۆ یەکسانییەکی جێندەری بەواتای تەواوی وشە، ناتوانین بینەری گەشەسەندنی خەباتی نەتەوەیی تا هەموو ئاستەکانی کۆمەڵگا بین. پەرەپێدانی یەکسانی تەنیا بە ژمارەی ئەندامانی ژنان لە دەستەی رێبەری ڕێکخراوەکان بەدی نایەت، بەڵکو پێویستی بە ڕاهێنان و بەرەنگاربوونەوەی هەر جۆرە توندوتیژییەکی جێندەری و تاوانبار ناساندنی هەرجۆرە ئازارێکی جێندەری لە ڕێکخراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە. ئێمە زۆر بە دەگمەن دیالۆگێکمان بینیوە سەبارەت بە پەیوەندی نێوان گەشەپێدان و یەکسانی جێندەری. داننان بەم پەیوەندییە بەردی بناغەی گۆڕینی پارادایمی نایەکسانی کۆمەڵایەتی و کردنەوەی دەرگا بۆ بەشداریکردنی هەموو لایەنەکانی ژنان لە خەباتی ڕزگاریخوازانە و خێراکردنی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانە.

  

 

ژێدەر:

Equality, Sustainability and the Quality of Life. BMJ2010;341:c5816

 

 

بۆچونی نوێ