ڕۆژاوا ئێستاش هەر شانسی ماوە؟
کوردەکانی سوریە لە مابێنی خودموختاری و خۆگونجاندن دەگەڵ دەوڵەتی تازە دامزراو
نوسەر تۆماس شمیدینگەر و وەرگێڕان لە لایەن د. عەلی مازوجی
بە ڕاکردنی بەشار ئەسەد و پێکهاتنی دەوڵەتی کاتی لە لایەنی “ئەحمەد ئەلشەرع”، هەلومەرجی سیاسیی کوردەکانی سووریە ئاڵوگۆڕی قووڵی بە سەردا هاتووە. ئەحمەد ئەلشەرع تا ئەوکاتەی لە ژێر ناوی سەربزێوانەی خۆی “محەمەد ئەلجۆلانی، وەک بەرپرسی هەیئەتی تەحری ئەلشام” ناسرابوو، دەستی بە سەر سووریەدا گرت و بوو بە سەرۆکی حکوومەتی کاتی و دواییش سەرۆککۆمار. بێگۆمان ئەو کردەوەیە بۆ هۆی نیگەرانێکی زۆر گەورە لە نێو کەمینەکانی ئاینی و بەشی سێکۆلاری سووریەدا.
ڕێبەرانی تازەی ژێرفەرمانی ئەحمەد ئەلشەرع هەر لە سەرتاوە هێندیک پەیامیان بە کوردەکان گەیاند. لە مانگی فیبرەوار(مانگی دووەم) سەرۆککۆماری کاتی سووریە سەردانی شاری عەفرینی کرد کە لە لایەن تورکیەوە داگیر کراوە و بەشێکی زۆری کوردانی دانیشتووی ئەو شارە دەربەدەر کراون. لە ئەو سەردانەدا ئەلشەرع لەگەڵ نوێنەرانی کوردانی دانیشتووی عەفرین کۆبوونەوەی کرد. لە پەنا دیتنی نوێنەرانی کۆمەڵگای مەدەنی، ئەلشەرع لەگەڵ، ئەحمەد حەسەن، بەرپرسی ناوچەیی ئەنجومەنی نیشتمانی کورد (ENKS) کۆبوونەوەی کرد. ئەوانە هەمان بەرەن کە دۆستایەتی پارتی دێمۆکڕاتی کوردستانی عێراق دەکەن و وەک ئوپۆزسیۆنی دژ بە ئیدارەی خودموختاری شومال و شەرقی سووریە واتە، DAANES،وهێزەکانی سووریای دێمۆکڕات کار دەکەن. وتووێژەکانی هێزەکانی سووریای دێمۆکڕات لەگەڵ حکوومەتی تازە بەرەوڕووی زۆر لەمپەر دەبنەوە،لە کاتێکدا کە ئەوان داوای سیستیمێکی لامەرکەزی دەکەن، حاکمانی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو دژبەری لامەرکەزین و بە تووندی دژی ئەو داوخوازییە ڕاوەستاون. لەگەڵ ئەوەشدا تواندرا لەسەر ڕاگرتنی شەڕ لە مابەینی ئەڕتەشی تازەی سووریە و چەکدارانی لایەنگری ئەحمەد ئەلشەرع و هێزەکانی سووریای دێمۆکڕات(SDF) سازان بکرێت. لە هەشتی مانگی دیسامبری ئەو ساڵدا هێرشی چەکداری لە لایەن بەکرێگیراوانی تورکیە کە بە ناوی “ئەڕتەشی میللی سووریە” ناسراون، کرا سەر ناوچەی خودموختاری ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دێمۆکڕات و توانیان ناوچەی شەهاب سەر بە عەفرین تەلڕعفەت و مەنبەج داگیر بکەن.
پاش کۆمەڵکوژی جنایەتکارانەی عەلەوییەکان لە لایەن جیهادیستە خارجییەکانەوە، تەوافوقی مابەینی مەزلووم کۆبانی، بەرپرسی هێزەکانی سووریای دێمۆکڕات،SDF و ئەحمەد ئەلشەرع لە دەی مانگی مارس ٢٠٢٥دا بوو بە هۆی سەر سوڕمانی زۆربەی خەڵک. ئەو قەراردادە لە سەر چوارچێوەی هێڵە گشتییەکان داڕێژرا بوو و بە نێوبژیوانی ئەمریکاییەکان جێبەجێ کرا. لە ئەو نێوبژییەدا هەر دووک لایەن خاڵە بنچینەییەکانی خۆیان پێشنیار کر بوو و لەبەر ئەوەی کە هەر کام لە لایەنەکان خۆێندنەوەی تایبەتیان لەسەر ئەو خاڵە بنچێنەیانە هەبوو، هێڵەکان زۆر بەگشتی و نەک بە کۆنکرێتی باس و فۆڕمۆڵە کراون.
وتووێژ کردن لەگەڵ حکوومەت لە دەمشق بۆ هێزە کوردییەکان بووتە نەریتێک. خۆبەڕێوەبەری دێمۆکڕاتیکی هەریمی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریە،DAANES، بەردوام خۆی وەکی بەشێک لە سووریە زانیوە و تێکۆشاوە بۆ کێشەکان لە ڕێگای وتووێژ چارەسەری بدۆزێتەوە. لە ڕابردوودا ئەو وتووێژانە کە سەرکەوتوو نەبوو دەگەڕێتەوە سەر ماهییەت و ئاکاری دیکتاتۆڕانەی حکوومەتی بەحس، نەک هەڵوێستەکانی خۆبەرێوەبەری دێمۆکڕاتیکی هەریمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریە. ئەوان ئێستا بەردەوام دەگەڵ حکوومەتی تازە لە دەمشق لە وتووێژدان. پێویستە وەبیری ڕەخنەگران بێنمەوە کە نە مەزلووم عەبدی و نە کەسانێکی دیکەی DAANES بە دڵخوازی خۆیان ، ئەحمەد ئەلشەرعیان بۆ ئەو وتووێژانە هەڵنەبژاردووە، بەڵکە ئەوە مەیدانی واقعی سیاسی کە ئەوەی بە سەر داسەپاندوون. بە خۆشێوە هەسەدە لە ڕێگای هێزەوە هاتە ناو وتووێژەکان و ئەوەش دەتوانێت بە قازانجی تەواو بێ. لە مانگی دیسامبری ٢٠٢٤ هێزە چەکدارەکانی ئەحمەد ئەلشەرع لە ٤٠٠٠٠ کەس پێکهاتبوون لە کاتێکدا هێزەکانی چەکداری هەسەدە تەواو سێ بەرابەری ئەو ژوماریە بوون. ئەگەر فەڕز بکەین بەشێک لە هێزە عەڕەبەکانی ناو هەسەدە بەئەوان وەفادار نەمێننەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش هێزەکانی هەسەدە پتر لە دوو بەرابەری هێزەکانی ئەحمەد ئەلشەرعن و ئەگەر ئەوان بخرێنە ناو سوپای تازەی سووریە، ناوەرۆک و هاوسەنگی سوپاکە بەتەواوی بە قازانجی کورد ئاڵوگۆڕی بە سەردا دێ.
ئەو تەوافوقەی کە کراوە بە مانای هێنانەوە ڕێزی ئیداری خۆبەڕێوەبەری دێمۆکڕاتیکی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریە و هەسەدە بۆ ناو حکوومەتی تازەی سووریەیە. ئەوە بە مانای تەواوی سیستیمی فیدیرالیستی و یا حکوومەتی لامەرکەزی نییە، بەڵام بە مانای تووانەوەی تەواویی ئیدارە خۆبەڕێوەبەری دێمۆکڕاتیکی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریە و هەر وەها هەسەدەش نییە. تەنیا ئەگەر مانای تەوافوقی “شەڕ ڕاوەستان” لێکدەینەوە، تێدەگەین کە جارێ هەسەدە وەک هێزێک دەمێنێتەوە و بەو شێوەیە ستاتۆی یاسایی بوونی پێدەدرێ و دەخرێتە ناو ئەڕتەشی داهاتووی سووریە و دەبێتە بەشێک لە ئەو.
گەڕانەو بۆ شاری عەفرین
لە قەراردادەکەدا هاتووە کە ئەوانەی کە لە شارەکەیان ئاوارە کراون مافی گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان هەیە. ئەوە گەلێک گرینگە و بە مانای ئەوەیە کە ئەو عەڕەبانەی کە تورکیە لە عەفرین نیشتەجێی کردوون دەبێ بگەڕێنەوە دەوروبەری دەمشق کە زێدی خۆیانە و کوردە ئاوارەکان دێنەوەعەفرین کە شاری خۆیانە. لە ڕاستیدا ئەو پڕۆسەیە دەستی پێکرد و لە ئەو کاتەوە کە لەشکرێک بە ناوی General Security Servic واتە ئیدارەی ئاسایشی گشتی (جیهاز الامن العام) لە دەمشقڕا ڕەوانەی عەفرین کراون، ئەڕتەشی میللی سووریە کە بەکرێگێراوی تورکیەن لە شارەکە کشاونەتەوە. لە مانگی مارسی ئەو ساڵدا بۆ ئەم لایە هەزاران عەڕەب گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان و شاری عەفرینیان بەجێ هێشتووە و مەیدانیان بۆ گەڕانەوەی هەزاران کورد بۆ سەر زێدی خۆیان ئامادە کردووە و زۆریان گەڕاونەتەوە.
خەڵکەکە لە کاتی گەڕانەوەدا ڕووبەڕوی سەدان لەمپەرە و موشکلاتی بەردینە دەبن. بۆ کوردە سونییەکان گەڕانەوە تا ڕادەیەک ئاسانترە لە گەڕانەوەی کوردە یەزیدی و عەلەوییەکانی شاری Maabatli(محبتە) سەرجەم لەو ماوەیەدا تەرازوی حەشیمەتی شاری عەفرین گۆڕاوە و ئەگەر لە پایزدا قوتابخانەکان بکرێنەوە ئەو شارە دیسان دەبێتەوە شارێک کە زۆرینەی دانیشتوانی کورد دەبن. بەو پێیە عەڕەبەکانی هاوردەی تورکییەوە دەبێ بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.
لەڕادەستکردنەوەی خانووکاندا بۆ خاوەنەکانی ئەسلی خۆیان لەمپەری گەورە هەن، چوونکە عەڕەبە هاوردەکان پووڵێکی زۆر بۆ دانەوەی خانووکان داوا دەکەن و یا پەنجەرە و دەرکە و کەرەسەکانی دیکەی ماڵەکان دەردەهێنن و لەگەل خۆیان دەیبەن، تا لە دروست کردنەوەی خانووەکانی خۆیاندا کەلک لەو کەرەسانە وەربگرن. لەگەڵ ئەوەش گەڕانەوەی هەمووی ئەو کوردانەی کە لە ساڵی 2018 لە عەفرین ئاوارە بوون زۆر ناڕوونە. بەشێکی زۆری حیزبە کوردییەکان لە ناو عەفرین دەستیان بە تێکۆشان کردۆتەوە، بەڵام ئەو کارە بۆ PYD و DAANES، ئیدارەی خودموختاری شومال و شەرقی سووریە، زۆر کارێکی دژوار دەبێ.
قەراردادی حەڵەب Aleppo
لە سەرەتای مانگی ئاپریلی (مانگی چوار) ئەو ساڵدا قەراردادێکی گرینگ و کۆنکرێت لە مابەینی هێزەکانی سووریەی دێمۆکڕات و حکوومەتی دەمشق بەسترا. بە پێی ئەو قەراردادە هێزەکانی دێمۆکڕاتی سووریە لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخمەقسوود چوونە دەر. لە هەمان کاتدا زەمانەتی ئەوە کراوە کە ئەو دووگەڕەکە بە شێوەی خۆسەر بەڕێوە بچن و پۆلیسی کوردی (ئاسایش) گەڕەکەکان بپارێزن. لە مانگی ئاپریل هێزەکانی هەسەدە خۆیان لە حەڵەب کێشاوە و دەستووراتی خۆسەری گەڕەکە کوردییەکانی حەڵەب وشێخ مەقسوود کە بریتیە لە کارو باری ئاسایشی و ئیداری ، لەلایەن پۆلیسی کوردییەوە بەشێوەیەکی باش بەڕێوە دەچێ. شیاوی ئاماژەیە شێوازی ئیداری گەڕەکە کوردییەکانی ناو شاری حەڵەب لە لایەن دەسەڵاتی دەمشقەوە دانی پێداهێندراوە و بەڕەسمی ناسراوە.
پڕۆسەی نێوخۆی کوردی
پرسێکی گرینگ بۆ بەهێز بوونی کورد لە سووریە بابەتی یەگرتنی هێزە کوردییەکانە. نیشانەی بەهێز بۆ ئەو مەبەستە دیداری مەزلووم کۆبانی و مەسعوود بارزانی لە مانگی ئەوەڵی 2025 کە بوو بە یارمەتێکی گەورە بۆ خاو بوونەوەی گرژییەکانی مابەینی هێزە کوردییەکان. ڕاگەیندراوی هەڵوەشاندنەوەی پ.کا. کا بوو بە هۆی پانوبەرین بوونی مەیدانی جموجۆڵی مەزلووم کۆبانی ـ کە پێشتر دەبوو بەشێکی زۆر لە هەڵوێستەکانی لەگەڵ ناوەندی بڕیاری پ.ک.ک ڕێک بخرێ. کۆنفرانسی یەکڕێزی و یەکهەڵوێستی ڕۆژئاوای کوردستان لە سەرەتای مانگی پێنچ لە قامیشلوو بۆ بە ڕێگاخۆشکەری هاوکاری مابەینی ئیدارەی خودموختاری شومال و شەرقی سووریە و پ.ی.د لە لایەک و هێزەکانی ئەنجومەنی نیشتیمانی سەر بە بارزانی لە لایەکی دیکەوە.
بەو جوورە یەکێتی نێوخۆیی هێزە کوردییەکان فاکتۆڕێکی بەهێز و مەرجێکی باشە بۆ ئەوەی کوردەکان بتوانن داوخوازێکان و قازانجەکانی خۆیان بە سەر حاکمییەتی تازەی سووریە دابسەپێنن و ڕێگر بێ لە ئەوەی کە حکوومەت لایەنێک بە دژی لایەنێکی دیکە بە قازانجی خۆی بە کار بهێنێ. بەو شێوەیە هەر دووک لایەن دەتوانن لە قەندیل و هەولێر فاسلە بگرن و مەیدانی سەربەخۆیی پتریان هەبێ. ئەوەی ئەوان بێ پرسی قەندیل و هەولێر بجووڵێنەوە زۆر گرینگە، چوونکە ئەگەر بتهەوێ لە مەیدانی سیاسی سوریەدا ڕۆڵ بگێڕی، دەبێ بتوانی سەربەخۆ تەسمیم بگری و بە شێوەی پڕاگماتیسم کار بکەی.
قەبووڵ نەکردنی فیدرالیسم
ڕێژیمی تازەی سووریە لە ژێر ڕێبەرایەتی ئەحمەد ئەلشەرع بەردەوام لەسەر ئەوە ڕوونکردنەوە دەدا کە سووریەی داهاتوو سیستیمێکی فیدرالیستی نابێ، بەڵکە ئەو هەوڵ بۆ سیستیمێکی ناوەندگەرا دەدا. دەگەڵ ئەوەش ئیستا ئێمە شاهیدی جێگیر بوونی سازەی خۆئیداری کوردستانین لە ناو قەوارەی دەوڵەتی تازەی سووریەدا. هیچ کەس بە ئاشکرا ناوی بە فیدرالیسم ناهێنی، بەڵام ئەو پرۆسەیە لە عەرزی واقیعدا پەرە دەستێنێ. کوردەکان بۆ گەیشتن بە ئەو ئامانجە موتەحیدی بەهێزیان پەیدا کردووە. درووزییەکان لە ناوچەی سوایدا، Suweida، (السویداء) هێزی چەکداریان بۆ خۆئیداری پێکهێناوە. هەوڵی حکوومەتی دەمشق بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ناوچەی درووزییەکان سەرکەوتوو نەبوو. لە بەشی باشووری سووریە بۆ لای دۆڵی فوڕات، عەشیرەتەکان ئیدارەی شار و گوندەکان دەکەن و لەوی General Security Servic(جیهاز الامن العام) کە لەلایەن تەحریر ئەلشام بە ڕێبەرایەتی ئەحمەد ئەلشەرع پێکهاتوو، ڕۆڵ دەگێڕن. هەر وەها عەلەوییەکانی نزیک لە لێواری دەریا (ساحل) داوای سیستیمی فیدراڵی دەکەن.
دەبێ ئاماژە بە ئەوە بکرێ کە واژەی فیدرالیسم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تێکچوون و جودایخواز تەرجومە دەکرێتەوە و خراپ حاڵی بوون لە ئەو سیستمە هەیە و بۆ خراپ باس کردن لەسەر ئەو بابەتە بەردەوام عێراق وەک نموونە دەهێندرێتەوە. ئەو وڵاتانەی وەکی سویس، ئاڵمان و ویلایەتە یەکگرتووکانی ئەمریکا، کە لەوێ فیدراڵیسم زۆر گونجاوە و زۆر کارایە وەک نموونە باس ناکرێن. لە سووریە خەڵک بیر لە کاتی حاکمییەتی فەڕانسە دەکەنەوە کە ناوچەکەیان بە شێوەی فیدراڵی ئیدارە دەکرد و ئەوان بە هەڵە بە سیاسەتی “دابەش بەکە و حوکم بکە” حاڵی بوون.
حاکمانی تازەی سووریە لەبەر ئەو هۆیانەی کە باس کرا سیستیمی فیدراڵی هەر وەک حاکمانی بەرلەخۆیان ڕەد دەکەنەوە. بەڵام لە ڕاستی حاکمانی تازە لە سووریە ئاگامەندی ئەوەن کە ناتوانن هەمووی سووریە بە ئەو شیوەیەی کە بۆخۆیان پێیان خۆشە بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە. ئەو هەلومەرجە ئەوانی هێناوەتە سەر ئەو باوەڕە کە ئێستا سازشی لەگەڵ بکەن و بە حکوومەتێکی لامەرکەزی ڕازی بن. پرسیار ئەوەیە کە ئەگەر حکوومەت جێگیر بوو و هێزی بە ئەندازەی پێویست هەبوو ، ئەوان هەلومەرجەی عەرزی واقیع قەبووڵ دەکەن ، یا لەگەڵ لایەنەکانی دیکە دەکەونە ناکۆکی؟ ئەوە دەگڕێتەوە سەر ئەو ڕاستییە کە کوردەکان و هاوپەیمانەکانیان تا چ ڕادیەک لە بە ڕەسمی کردنی ئەو سازانەی خۆیان لە چوارچێوەی حکوومەتی سووریەدا سەرکەوتوو دەبن و لە دەستووری داهاتووی سووریەدا جێگری دەکەن.
گرێپوچکەیەکی دیکە ئەوەیە کە لە مانگی ژولای ئەمریکا کەوتە لایەنگری لە بەرەی ناوەندگراکان. وتەکانی تۆماس باراک، ناردەی تایبەتی بۆ سوریە، کە کوردەکان لە هەڵگرتنی هەنگاوەکانیان بۆ خۆگونجاندن لە ناو سیستیمی تازەی سوریە کەمترخەمیان کردو و بە ئاشکرا پەیامی ئەوەی گەیاند کە سیستیمی فیدراڵی بۆ سوریە گونجاو نێ و هەموو لایەنەکان دەبێ لە دەوری ئالایەک، و دەوڵەتێک و میللەتێک کۆبنەوە، بوتە هووی نیگەرانی هێزەکانی لایەنگری نیزامی فیدرالیستی. بە ئەو شێوەیە ئەمریکاش وەکی ئینگلیس بوو بە پاڵپشتی حکومەتی تازەپێگەێشتووی ئەلشرع و ئەوەش دەىێتە هووی خۆڵقانی گەلێک موشکلات.
کوردەکان و ڕێکخراوە سیاسییەکانیان لە هەموو ناوچەکانی سووریەدا تێکۆشانیان هەیە. جووڵانەوەی بەهێزی ژنانی کوردستان لە ئۆرگانیزە کردنی ژنانی دەمشق و حەڵەب و باقی شارەکانی تردا ڕۆڵی گەورە دەگێڕن. وەزیری پەروەردە و بارهێنان، محەمەد عەبدولڕەحمان تۆرکۆ کە بە ڕەسەن کوردی عەفرینە و سەر بە هیچ حیزبێک نییە، لە 29 مانگی مارسەوە تەنیا کوردێکی ناو حکوومەتی کاتی سووریەیە. بەو شێوەیە دەکرێ هیوادار بین کە سیستیمی پەروەردە و بارهێنان و هەر وەها زانکۆکانی، DAANES، ئیدارەی خودموختاری شومال و شەرقی سووریە، لە لایەن ئەو حکوومەتە کاتییەوە بەڕەسمی بناسرێن.
هەلومەرجە تازەی سووریە دەتوانێ ڕیسکێکی گەورەی لەگەڵ خۆی هێنابی، بەڵام دەهەمان کاتیشدا شانس زۆری دەگەڵ خۆی هێناوە کە کوردەکان و لایەنەکانی دیکە بە شێوەیەکی زۆر چالاکانە بەشداری داڕشتنەوەی نوێی وڵاتەکە بن و بەو پێیە جێ و شوێن و پێگەی خۆیان قایم بکەن و حەق و حقووقی خۆیان بخەنە ناو دەستووری تازەوە . معامەلە کردن لەگەڵ ئەو پرۆسە تازەیە هەر بەتەنیاپێوەندی بە کوردەوە نییە، بەڵکە زۆرتر بە ئەو بەستراوەتەوە کە چۆن لەگەڵ گرووپەکانی دیکەی هاوپەیمانی دەبەستن و چەند توانای پڕاگماتیستی لە خۆیان نیشان دەدەن، بۆ ئەوەی بتوانن لە ژینگەی سیاسی داهاتووی سووریەدا ڕۆڵی ئەرێنیان هەبێ و بە قازانجی خۆیان کەلکی لێوەر بگرن.
وەرگێر: د. عەلی مازووچی
تۆماس شمیدینگەر کارناسی سیاسی و نەتەوەشناسی. لە زانکۆی ویەن و زانکۆی کوردستان لە هەولێر دەرس دەڵێتەوە. لەو ساڵانەی دواییدا زۆری لەسەر هەلومەرجی کورد تۆژینەوە کرد و ژمارەیەک کتێبی لەسەر کوردستانی سووریە نوسیوە. کتیبی خەبات بۆ چیای کوردان، مێژوو و دۆخی ئێستای عەفرین، وەرگێڕدراوەتەوە سەر کوردیی سۆرانی.