گزنگێک لە شەوەزەنگی ئوکرانیا - It's Over 9000!

گزنگێک لە شەوەزەنگی ئوکرانیا

نوسەر: گۆران ئەمیری
نوسراو لە بەرواری 18:11 2023 , November 13

 وێدەچێت زێلێنسکی وەک هێندک لە رێبەرانی ئوروپایی سەردانێکی کورت و  مێژوویی لە ئێسرائیل  بکات .   نزیکبوونەوەی ئۆکرانیا و ئیسرائیل ڕەنگە گەورەترین گۆڕانکاری  لەناوچەکەدا پێکبهێنێ . بێگومان سەردانی زێلێنسکی بۆ ئیسرائیل لەم دۆخە ئاڵۆزەدا  ئێران لە کن ڕووسیا شیرینتر دەکات.

  لە ڕاستیدا هەر دوو ولاتی ئۆکرانیا و ڕووسیا  لە دۆخێکی چەقبەستووی شەڕێکی بێ سوود گلاون. هەر دووک لایەن بۆیان دەرکەوتووە کە لە حاڵی حازردا لە زڵکاوی شەڕێکی وەها چەقیون کە نە رێگای بەرو پێش و نە ڕیگای پاشەکشەیان ماوە. 

 شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل تەرکیزی مێدیاکانی جیهانی لە سەر شەڕی ڕووس و ئوکرانیا زۆر کەمڕەنگ کردۆتەوە.

لەو هەلومەرجەدا  ئۆکرانیا  بەم چەک و چۆڵەی ئێستا لەبەردەستی دایە تەنیا دەتوانێت هەنگاو بە هەنگاو زۆر هیدی لەسەر پێشڕەوی خۆی بەردەوام بێت ، یان بەجۆرێک  لە پێشڕەوییەکانی ڕووسیا ڕێگری بکات، کە لەم وەزعە دڵخۆش نین.  

سپای ئۆکرانیا بەو ئاکامە گەیشتووە کە بۆ سەرکەتن بەسەر هێزی رووسدا،  پێویستێکی بەپەلەی بە چەکی زیاتر وکاراتر هەیە و هەستیش دەکەن کە  دەرگایەکی نوێیان بەسەردا کراوەتەوە ئەویش ئیسرائیلە.

 

ماوەیەک بەر لە دەستپێکردنی شەڕی غەزە، زێلێنسکی بە ڕوونی بەگوێ ناتانیاهۆی هەڵێنا  "ئێمە چاوەڕوانیی زۆر زیاترمان لە ئێوە هەیە!"  واتە ئێمە چەکی هێرشبەریمان بۆ بەرگری لە هاژۆک و درۆنی ڕووسی پێوێستە .   لێ  هەتاکو ئێستا ئیسرائیل نەیویستوە ڕووسیا لە خۆی زویر بکات، لە بەر ئەوەی گومان دەکات  ڕەنگە ڕووسیا لە تۆڵەی دەستێوەردان لە شەڕی ئۆکرانیا، ئێرانی زیاتر لێ بهاروژێنێت و هان بدات. 

 هێرشی حەماس ریسی لە  ئۆکرانیا کردەوە بە خوری و خەیاڵاتی زێلێنسکی شێواند .

  دۆخی بەرەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا ناسک و هەستیارە. دەستێوەردانی ئیسرائیل وگەیاندنی سیستمی بەرگری هاژۆکی بەڕاستی دەتوانێت ئاڵوگۆڕێکی بەرچاو لە شەڕی ئۆکرانیادا دروست بکات. 

،  زێلێنسکی لە یەکەم ڕۆژی شەڕدا لەم  راستیە تێگەیشت بوو و یەکەم کەس بوو کە بۆ سەردانی ئیسڕائیل پێداگری دەکرد. مەبەستی سەرەکیشی لەو کارە ئەوە بوو بگوترێ کە ئۆکرانیا و ئیسرائیل لە لایەک و ڕووسیا و ئێران لە لایەکی دیکەن.  بەڵام ناتانیاهۆ لە و دیدارە دوودڵ بوو، هەر بۆیەش بە بیانووی چڕی شەڕەکە  و دڵنیا نەبوون لەهەڵوێستی رووسیا ماوەیەکە زێلێنسکی لە چاوەڕوانیدا هێشتۆتەوە.   بەڵام ئێستا کە ئیسرائیل  لوولەی تۆپەکەی ئاراستەی ڕووسیا دەکات ڕەنگە  لێرە بەم لاوە  چارەنووسی شەڕەکە یەکلایی ببێتەوە  

 

 دیارە ڕوسیا نایەویت ڕێگە بدات ئیسرائیل ببێتە هاوپەیمانی جەنگی ئۆکرانیا، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش  ​​دژایەتی بەشداری  ئێران و بریکارەکانی لە شەڕی حەماس و ئیسرائیل دەکات.  ئەمەش بەو مانایەیە کە ڕووسیا نایەوێت بەرەی ئۆکرانیا بکاتە قوربانی حەماس، چونکە کەش و هەوای کێشەکان بەجۆرێکە کە هەر دەستێوەردانێکی جددی هێزی سێیەم بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندی ڕووسدا ناشکێتەوە. ڕاستییەک کە ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنانیش لە گوتارە کەی رۆژی هەینی ئاماژەی روونی پێکرد. 

 

 بەم شێوەیە لەم بێنە وبەرەدا ناتانیاهۆ نابێتە کارتی یاری زێلێنسکی، بەڵکو  بەپێچەوانە  زێلێنسکی دەبێتە کارتێک لە یارییەکەی ئیسرائیلدا بۆ ڕێگریکردن لە هەر دەستوەردانێکی لایەنی سێیەم.  ئەگەر بڵێین ڕووسیا بەرەیەکی نوێی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کردۆتەوە شیکارییەکی تەواو هەڵەیە.  ئۆپەراسیۆنی حەماس بەرتقای ئەوەی ئیسرائیلی تووشی سەرسوڕمان کرد،  هەر بەو ئەندازەیەش ڕووسیاشی تووشی سەرسوڕمان کرد.  

 چارەنووسی شەڕی ئۆکرانیا لەلایەن ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دیاری ناکرێ بەڵکو ئەوە ڕۆژئاوایە بڕیاری کۆتایی دەدات.  شەڕ لە ئۆکرانیا بە پشتگری ئەمریکا هەڵایسا و هەر دەبێ خۆێشی ئاگرەکە بکوژێنێتەوە.    لە کۆتاییدا بەپێچەوانەوە چاوەڕوانی  ریکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کات وساتی ئێستا دا کوژانەوەی ئەم ئاگرە لە بەرژەوەندی خۆیدا نابینێت.

بۆچونی نوێ