شەڕی ئێران و ئیسرائیل و چارەنووسی کورد

نوسەر: د. عەلی مازووچی
نوسراو لە بەرواری
0 0
07:06 2025 , June 22

شەڕی ئێران و ئیسرائیل پێی ناوەتە رۆژی نۆهەم. تا ئێستا ئیسرائیل توانیویەتی ئاسمانی ئێران بخاتە ژێرکۆنترۆڵی خۆێ و بە دەیان زانای ئەتۆمی و بەشێکی زۆری سەرکردە باڵاکانی سەربازی یا لە ماڵی خۆیان یاخود لە پەناگا ژێرزەوییەکاندا بە سەرکەوتووانە بکاتە ئامانج و لەناویان بەرێت. هەر بە پێی ئەو هەواڵانەی کە لە ناوخۆوە بە دەست کەوتوون، ڕادەیەکی بەرچاوی سەرکردە مامناوەندییەکانی سوپای پاسدارانیش بوونەتە ئامانج. هەروەها هێزی هەوایی ئیسرائیل توانیوێەتی گورجی زۆر کاریگەر لە کارگەکانی چەکوچۆڵی نیزامی و راکێتە دوورهاوێژەکان و بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بدات. ناوەندی دەنگ و ڕەنگی ئێران لە تاران کە دەزگای درۆ و دەلەسەی رژێمە و هاوبەشی هەموو جنایەتەکانی سوپای پاسداران و ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکانی ئیتلاعاتە، وێرانکراون و بەرپرسەکانیان تێداچوون. لە هەندێک لە شارەکاندا بنکەی ئیتلاعات کراوەتە ئامانجی بۆمبەکان و بەشێک لە شکنجەگەران رژێم لە ناوچوون.

ئێستا خەڵکی شارەکان دەبێ بۆیان دەرکەوتبێت رژێمێک کە لە ماوەی ئەو چلوپێنچ ساڵەدا رۆڵەکانی لە ناوبردوون و بە تاێبەت لە شوڕشی ژینادا پتر لە بیست هەزار کەسی کوێر  و نەخوستان کردو  و سەدان کەسی کوشتووە، هیچ کارێکی بە قازانجی خەڵک نەکردووە و بە میلیاردان دۆلاری لە سامانی خەڵک خەرجی پڕچەککردنی نیابەتیەکانی لە لوبنان، سوریە، یەمەن و عێراق کردووە، بە هەزاران بەکرێگیراوی بە ئامانجی تیرۆری دژبەرانی خۆی ڕەوانەی هەندەران کردو  و  لە ئەو رێگایەوە بە سەدان کەسایەتی نەتەوەکانی ئێرانی تیرۆڕ کردوە. لە ئەو ناوەدا نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکەی وەک بلوچ و عەرەب، گورجی قورسیان بەرکەوتووە. ڕێبەرانی وەک دکتور قاسملوو و سادق شەرەفکەندی، قوربانییەکانی ئەو سیاسەتەن. کۆماری ئیسلامی ماوەی چلوپێنچ ساڵە شەڕ بە گەلی کورد دەفرۆشێت و هەزاران کەس یا لە مەیدانی شەڕ و یا لە ناو زیندانەکاندا کوژراون، بریندار و کەمئەندام بوون، سەدان کەس بێسەروشوێن کراون و تا ئێستاش نەدۆزراونەتەوە.

رژێم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هیچ پشتیوانیکی نیە، چوونکە ئەو وڵاتانەی کە هاوپەیمان یا نیمچەهاوپەیمانی ئێران بوون، ناتوانن لەبەرامبەر هەژموونی ئەمریکادا خۆڕاگری بکەن. روسیە گیرۆدەی قەیرانی شەڕی ئۆکراین بووە و هەوڵی جیدی بۆ سەرکەوتن لەم شەڕەدا دەدات. و لە بەر زۆر هوو بە هیچ شێوەیەک رازی نیە کۆماری ئیسلامی ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، تەنانەت ڕەنگە لەم قەیرانەدا بتوانێت سوود لە بەرزبوونەوەی نرخی گاز و نەوتی خاویش وەربگرێت. چین پتر ئەکتەرێکی ئابوورییە و زۆر بە دەگمەن تێکەڵ بە کێشە سەربازییەکان دەبێت و بە نیاز نیە ئەمریکا لە سەر پرسی هۆنکۆنگ تووڕە بکات و زیانی ئابووری بەربکەوێت. ئورووپا لەگەڵ ئەوەی هەندێک کێشەی لەگەل ئەمریکادا هەیە، بەڵام ماوەیەکی درێژە کە داری سیاسەتی تیرۆریستانەی کۆماری ئیسلامی بەرکەوتووە و هەستیان بە مەترسی هێزی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی کردووە. وڵاتانی عەرەبی لە بەر جیاوازی ئایینزایی (شیعە وسوننە) و دوژمنایەتی توندی ئێران لەگەڵ ئەواندا و هاتنەناوی پەیمانی داود، بە بێهێزبوون و ڕووخانی رژێمی مەلاکان دەڵخۆش دەبن.

پەنابردنی ئێران بۆ ئورووپا و دانیشتنی عێراقچی لەگەڵ ئاڵمان، فەرانسە و بەریتانیا، ئاکامێکی نەبوو و ئێستا پەنای بۆ ئەردۆغان بردووە، بەڵام چاوەڕوان ناکرێت کە ئەویش بە قازانجی ئێران هەڵوێستی هەبێت. ئەمریکا ئەو جووڵەیەی ئورووپای بە گونجاو نەزانی و ترامپ گوتی کە ئەکتەری سەرەکی لەو شەڕەدا، ئورووپا نیێە، بەڵکوو ئەمریکا و ئیسرائیل رۆڵی سەرەکی دەگێڕن. ئورووپا پێ وایە کە لە ئێستادا جێگرەوەیەک بۆ رژێم نیێە و ئەوان دەترسن کە خەڵکێکی زۆر بەرەو ئورووپا ڕابکەن و ببنە پەنابەر.

 

چارە چیێە؟ کورد دەبێ چۆن هەڵسوکەوت بکات؟

بە پێی ئەو هەلومەرجەی کە لە سەرەوە باسکرا، رژێم توانای ئیدارەی وڵاتی نەماوە و بە هەموو جۆرێک دوژمنایەتی خەڵک دەکات و ئەو ڕەفتارەی هەر وا  بەردەوام دەبێت. هێزە کوردییەکان پێویستە بە خێراییەکی زۆر لەهەوڵی دروستکردنی پلاتفۆرمێکی نەتەوەییدا بن. هێزی یەکگرتووی کوردی پێویست خاوەنی دیپڵۆماسیەکی تۆکمە و ڕێکوپێک بێت کە بتوانێ لە ئاستی نێونەتەوەییدا خۆی وەک هێزێکی نەتەوەیی کوردی بناسێنێت و نوێنەرایەتی پرسی کورد بکات. لە ئاستی ئێراندا پێویستە ئەو ناوەندە دیپڵۆماسییە، یەکێتییەک لەگەڵ ئەحزابی نەتەوەکانی دیکە، بە فارسیشەوە، پێکبهێنێت و بەرەنگاری هەڵوێستی ناوەندگرایان و سەڵتەنەتخوازان ببێتەوە بۆ ئەوەی  ئەوەی ئەوان نەتوانن پاوانخوازی بکەن و ئێرانێکی سەنترالیزە دروستبکەن و پێگەی نەتەوەکانی دیکە لێژ بکەن.

پلاتفۆرمی کورد دەبێ سیاسەتێکی یەکگرتووانە بۆ رێکخستنی هەموو پێکهاتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی بگرێتە پێش و زۆر بە وردی جیاوازی ئایینی، ناوچەیی و زاراوەیی ڕەچاوبگرێت و رێزیان لێبگرێت. هەروەها بۆ پێشخستنی توانا و هێزی نەتەوەیی، ئەو پلاتفۆرمە پێویستی بە میدیایەکی یەکگرتوو و کاریگەر هەیە کە بتوانێت لێکدانەوەی دروستی هەبێت و ڕۆشنگەری لەسەر هەلومەرجی کوردستان و ئێران و جیهان ئامادە بکات و هەست و هەڵوێستی نەتەویی بەهێز بکات و هۆشیاری کۆمەڵایەتی سەردەمیانە بەرز بکاتەوە، بۆ ئەم مەبەستە شارەزایانی میدیایی لە کوردانی دیاسپۆرا پەیدابکات. هەمووی ئەمانە پێویستیان بە توانایی ئابووری هەیە، بۆیە دەبێ سەرچاوەی دارایی بۆ بدۆزرێتەوە. وەک ئاگادارن کۆماری ئیسلامی بەڵایەکی گەورەی بەسەر ژینگە و سەرچاوە ئاوییەکانی کوردستان هێناوە، پێویستە کۆمیسونێکی ژینگە پێکبهێندرێت و دەرنجامەکانی سیاسەتی چەوتی رژێم لێکدەنەوە و بۆ داهاتوو پلانێکی گونجاو دابڕێژن.

ئەگەر کورد بە بێ پلان و بەرنامە لە بازنەی خۆیدا بسوڕێتەوە و بە بیروڕای چل ساڵ لەوەپێش سیاسەت بکا و توانای پەڕێنەوە لە شوناسی حیزبی نەبێت، هەروەها هەڵنەستێت بە دروستکردنی سازەی نەتەویی وەک پلاتفۆرمی نەتەوەیی، پارڵمانی کاتی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەوڵی نوسینی دەستوورێکی گونجاو بۆ داهاتووی کوردستان نەدات؛ ئەوە لە کاروانی گۆڕانکارییەکان جێدەمێنێت و نەتەوەی کورد دەبێتە قوربانی خۆپەرستی حیزبەکان و رێبەرەکانیان. تکایە ئەو پەیامە بە دۆستانە وەربگرن و بۆ داهاتووی کوردستان  وەرن دەست بەکاربین.

بۆچونی نوێ