ئاپارتایدی سیستماتیکی کۆماری ئیسلامی دژی نەتەوەی کورد - It's Over 9000!

ئاپارتایدی سیستماتیکی کۆماری ئیسلامی دژی نەتەوەی کورد

نوسەر: د. مەجید حەقی
نوسراو لە بەرواری 09:11 2023 , November 06

 

 ئاپارتاید (Apartheid) لە ڕوانگەی فەرهەنگی وشەوە بەواتای جیاکردنەوە، جیاوازی دانان، کە لە سیاسەتیشدا بە هەمان واتا دێت. "ئاپارتاید" زۆرتر بۆ ئەفریقای باشووری لە مەڕ بەکاربردنی سیاسەتەکانی ڕەگەزپەرەستانە دژی ڕەشپێستەکانی ئەو وڵاتە بە شێوەی دەوڵەتی، سیستماتیک و یاسایی بەرێوە دەچوو. دەرئەنجامی ئەو هەڵاواردنە ڕەگەزپەرەستانەیە سەرهەڵدانی جووالنەوەی دژی ئاپارتایدی بوو کە سەرئەنجام لە ساڵی ١٩٩٠ دوای چەندین ساڵ خەبات و تەریک کەوتنەوەی ڕژیمی ڕەگەزپەرەستی ئەفریقەی باشووری، نێلسۆن ماندێلای خەباتکاری گەی ئازادی دوای ٢٧ ساڵ لە بەندیخانە ئازاد کراو و کۆنگرە نەتەوەیی ئەفریقا ساڵی ١٩٩٤ لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی بەدەستەوە هێنا. نێلسۆن ماندێلا تا ساڵی ١٩٩٩ وەک سەرۆک کۆماری ئەفریقا باشووری هەڵبژێردرا و بوو بە هێمای خەبات دژی ڕەگەزپەرەستی و ئازادی و لە ٥ی دێسەمبری ٢٠١٣ کۆچی دوایی کرد.

هەمان سیاسەت و کردەوە لە ئێراندا دژی نەتەوەی کورد و نەتەوە بندەستەکان جێبەجێ دەکرێت. هەرچەند بۆ جیهانی ڕۆژاوا و لەوانەیە بەشێکی زۆر لە ئێرانییەکانی سەر بە نەتەوەی سەردەست ئەم ڕاستییە نەبیندرێت. ئاپارتاید زۆرتر وەک "رەگەزپەرەستی" ناسراوە، بەڵام لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا ئاپارتاید بەرگێکی دەوڵەتی، سیستماتیک و یاسایی و ئایینی بەخۆیەوە پۆشیوە.

 

ئێمە بۆیە باس لە "ئاپارتاید" لە ئێراندا دەکەین، چونکە بەشێکی زۆر لە هەڵاواردنەکان لە ئێراندا هەم لە دستووری و لە سەر بنەمای یاساکانی پەسەندکراوی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی و بڕیارنامەکانی دەوڵەتی بەرێوە دەچن. لە ڕاستیدا هەڵاواردن (تبعیض) لە ئێراندا بە شێوەیەکی یاسایی و رێکخراو بەرێوە دەچێ.

 

ئاپارتاید لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیدا لە دستووری ئەو وڵاتەوە دەست پێ دەکات. "کۆماری ئیسلامی" کۆمارێک کە نە مرۆڤی بەڵکوو ئایینیە و ئایینەکەش "ئیسلامە" و بە پێی ماددەی ١٣ی دستووری ئێران مەزهەبی ڕەسمی ئەو وڵاتە " شیعەی اثنی عشری"یە و ئەم ئەسڵە "هەتا هەتاو و نەگۆڕە". واتە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی رژێمی ئیسلامی دا شتێک بە ناوی مرۆڤ نیە، هەروەک چؤن لە ئەفریقای باشووری ئەوە "مرۆڤ" نەبوو کە مافی هەبوو بەڵکوو "ڕەگەز" و "سپی پێستە"کان بوون کە خاوەنی هەموو مافێک بوون.

 

ئاپارتاید لە یاساکانی کۆماری ئیسلامی بە ڕوونی دیارە:

دەوڵەتی ئێران ئەندامی بەشێکی زۆر لە کۆنوانسیۆن و پەیماننامەکانی ناونەتەوەیی مافی مرۆڤە کە دەبێ بە شێوەی سروشتی لە ڕووی یاساییەوە پابەندی ئەو پەیماننامانە بێت و جێبەجێیان بکات. بەشێک لەو پەیماننامانە لە سەردەمی رژێمی پێشوو و بەشێکیان دوای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی واژۆ و پەسەند کراون. ئێران ئەندامی کۆنوانسیونەکانی ناونەتەوەیی مافی مرۆڤ بەتایبەت پەیماننامەی مافی مرۆڤ (جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ، و پەیمانی ناونەتەوەیەی مافی مەدەنی، سیاسی و ئابووری-کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی) نەتەوە یەکگرتووەکانە و یاساکانی وڵاتی ئێران دەبێ لە چوارچێوەی ئەو پەیماننامانەدا رێک بخرێن. لە گەڵ ئەمەش لە رۆژی دامەزراندنی ئەو رژێمە، هەم دستووری وڵات و هەم یاساکانی دیکەی رژێم پێچەوانە و تەنانەت دژی ناوەڕۆکی پەیمانناکەمانی ناونەتەوەیین. ئەمە لەکاتێکدایە کە رژێمی پێشوو پەیماننامەکانی سەرەوە ئاماژە پێکراوی بێ مەرج قبووڵی کردووە و رژێمی کۆماری ئیسلامیش لەکاتی دامەزراندنییەوە خۆی لە پەیمانانەدا نەکشاوتەوە و ئەرکدارە بە جێبەجێ کردنی ناوەرۆکی ئەو پەیماننامانە.

 

دستووری ئێران، دستوورێکی "مەکتەبی و ئیسلامی"یە، واتا لە سەر بنەمای ئایدیۆلۆژییەک دارێژراوە، هەموو بڕگەکانی دستوور و یاساکانی ئێران پێرەوی لەو بنەمایە دەکەن. بەو واتایە بە پێی یاسای ئێران کەسانێک کە گرێدراوەیی "مەکتەبی"یان نەبێ بۆ نموونە شیعەی ١٢ ئیمامی نەبن و بڕوایان بە "ولایت مطلقە فقیە" نەبن، شارۆوەندی ئێران ناژمێردرێن و لە هەموو مافەکانی شارۆمەندی بێ بەش دەبن. دستووری ئێران نەتەنیا بووتە هۆی هەڵاواردن و ئاپارتایدی سیستماتیک دژی ژنان، ئایین و مەسەبەکانی دیکە، نەتەوە بندەستەکان و کەمایەتییە ئایینییەکان، بەڵکوو بووتە هۆی کێشەو ناوکۆکی لە نێوان دەزگا جۆراوجۆرەکانی ناو دەسەڵاتی رژێم، بە هۆی ئەوەی کە هەرکام لە لایەنەکان بە پێی تێگەیشتنی خۆیان لە ئایین یاساکانی کۆماری ئیسلامی شی دەکەنەوە. گرینگترین ناوەندێک کە مافی ئەوەی هەیە دستوور و یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێران شی بکاتەوە "شوای نگهبان"ە، کە هەموو بڕیاردەران و بەرێوەبەرانی ئەو لەلایەن "ولی فقیە" واتە خامنەیی دیاری دەکرێن.

ناوەرۆکی دستووری ئێران ناوەرۆکێکی ئاپارتایدتی بەواتای هەڵاواردن لە نێوان شارۆڤەندانی وڵاتە.  هەموو بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە خوارەوە بۆ سەرێ دەبێ "شیعە" بن و بڕوایان بە "ولایت مطلقە فقیە" هەبێت. بەو پێیوە ئاییندارەکانی دیکە و لەوانە سوننییەکان و ئەو شیعانەی کە بڕوایان بە "ولایت فقیە" نیە ناتوانن بەشداری بکەن لە پرۆسەی بەرێوەبەری وڵاتدا.  بە پێی ماددەی چوارەمی دستووری ئێران هەموو یاسا و رێساکانی وڵات دەبێ لە سەر بنەما و پێوەرەکانی ئیسلامی دادەرێژرێت کە بە پێی ماددەی دوانزدەی دستوور دەبێ یاساکان لە سەر بنەمای مەزهەبی شیعەی " جعفری اثنی‏‌عشری" دابرێژرێن.

ئەرتەش و سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، هێزی چەکداری و مەکتەبین. واتە ئەرکی ئەرتەش تەنیا پارێزگاری لە سنوورەکانی وڵات نیە، بەڵکوو ئەو دوو هێزەنە وەک پارێزەری شۆرش ئەرکیان سەرکوتی "دوژمنانی خوا و ئیسلامە". بە پێی دستووری ئێران ئەرتەش و سپاس لە سەر بنەمای  ئەو ئایەتەی قوڕعانی پیرۆز " و أعدّوا لهم ما استطعتم من قوه و من رباط الخیل ترهبون به عدوالله و عدوکم و آخرین من دونهم" واتە: "هەر هێز و تواناییەکتان بێت لە دژی ئەوان ئامادە بکەن و بۆ ئەوەی بەو هیزە دوژمنی خوا و دوژمنەکانتان و هتد لە ناو ببەن"  ئەرکدارن دوژمنانی خوا لە ناو ببەن. لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ ئایەتوڵلا خومەینی بە دەرکردنی فەرمانی جیهاد دژی نەتەوەی کورد، ئەو نەتەوەیەی بە کافر و دوژمنی خوا ناو برد. لەو ڕووەوە دوژمنایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران نەتەنیا لەسەر بنەمای فەرمانی جەهادی خومەینی و "ولی فقیە"‌ە، کە دەسەڵات و فەرمانەکانی باڵاتر لە یاساکانن بەڵکوو بە پێرەوی لە ئەسڵی "ولایت مطلقە فقیە" دوژمنایەتی نەتەوەی کورد دوژمنایەتییەکی سیستماتیک و دستوورییە.

سیستەمی دادی (قضایی) ئێران بە پێی دستووری کۆماری ئیسلامی لە سەر بنەمای پێشگیری لە "لادانەکانی ناو ئومەتی ئیسلامی" دامەزراوە. بەو پێیە هەموو زیندانی کردن، ئەشکەنجەدان و کوشتن و تەنانەت تیرۆری دژبەرانی ئەو رژێمە بەتایبەت چالاکانی کوردستان بە بەشێک دەبیندرێت لە پاک ڕاگرتنی "ئومەتی ئیسلامی" جێبەجێ کردنی دادپەروەرییە و بە وتەی خۆیان پێرەوی کردن لەو ئایەتەی قوڕعانە "و إذا حکمتم بین الناس أن تحکموا بالعدل".

 

ئاپارتایدی ئابووری

بە پێی بەندی سێزدەهەمی ئەسڵی سێهەمی دستووری کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەرکی دەوڵەت "داڕشتنی ئابوورییەکی دروست و دادپەروەرانە و بەپێی بنەماکانی ئیسلام لە پێناو دامەزراندنی خۆشبژێوی، بن بڕکردنی هەژاری و لەناو بردنی هەرجۆرە بێ بەشی و مەینەتی لە پێوەندی لە گەڵ بوارەکانی خۆراک، نیشتەجێبوون، کار، تەندوروستی و گشتاندنی بیمەیە".

کۆماری ئیسلامی ئێران سەرەرای دستووری خۆی، بە شێوەی سیستماتیک هەڵاواردنی ئابووری دژی کوردستان و نەتەوە بندەستەکان لەوانە بەلووچستان جێبەجێ دەکات. بە پێی ئامارەکانی فەرمی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٤٠٠ دا دوای سیستان و بەلووچستان نرخی هەژاری لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سەرەوەی ئاستی نێونجی ئێرانە. نرخی نیونجی هەژاری لە ٣١.٤ لە سەدە. لە سیستان و بەلووچستان ئەم ڕادەیە ٦٢ ٪ و لە پارێزگاکانی کوردستان واتە پارێزگاکانی ئیلام، کرمانشان، سنە و ورمێ نرخی هەژاری بە شێوەی نێونجی ٤٢٪ بووە. هەمان نرخ بۆ پارێزگارە فارس نشینەکان بە شێوەی نێونجی ١٧.٣ لە سەد بووە. بۆ نموونە لە تاران نرخی هەژاری ١٩ و لە سمنان و یەزد ١٧ و ١٦٪ بووە. بەرزبوونەوەی دابەشبوونی هەژاری بەشێوەیەکی سیستماتیک لە پارێزگاکانی کوردستان و سیستان و بەلووچستان سەرەرای بوونی سەرچاوەکانی ژێرزەمینی و کۆمەڵگایەکی گەنج و خوێندەوار بۆ چەند ئامانج دەگەرێتەوە:

یەکەم کۆماری ئیسلامی لە رێگەی دابەشکردنی هەژاری بەسەر کوردستاندا دەیهەوێ گەنجان وهیزی کاری کوردستان ناچار بکات ڕوو بکەنە ناوخۆی ئێران و بەوە کوردستان لە هێزی کاری و گەنج و دینامیک کە دەتوانێت ببێتە هۆی ئاوەدانی هەرێمەکە بێ بەش بکات. لە لایەک دیکەوە بە رژێمی ئێران بە کردەوە رێگەی سەرمایەگوزاری بۆ بەرهەمهێنانی لە کوردستان گرتووە و قەدەغەکرانێکی ڕانەگەیەندراوی سەرمایەدانان بەسەر کوردستاندا سەپاوە، بۆیە چاکترین بەرهەمهێنەر و سەرمایەدارەکانی کوردستان ڕوویان کردۆتە دەرەوەی کوردستان بۆ نموونە لە تاران و ناوچەکانی ناوەندی ئێران خاوەنی پیشەسازی و بەرهەمهێنانی دیکەن.

دوووەم: بەچۆل کردنی کوردستان وکۆچ بۆ ناو خۆی ئێران، پلانی ئاسیمیلاسیۆنی سیستماتیکی دەوڵەتی دژی زمان و چاندی کوردی بە شێوەیەکی پرۆسەیی نێوان نەوەکانەوە جێبەجێ دەکرێت و هەستی کوردایەتی ڕۆلەکانی کورد دادەمرکێت و پرۆسەی بەفارس کردنی خەڵکی کورد لە ناو ئێراندا خێراتر جێبەجێ دەبێت. ئەمە جۆرێک لە پاکتاوکردنی نەتەوەیی پێی دەوترێت.

سێهەم:  هاوکات لە گەل چۆڵکرانی کوردستان لە هێزی لاو و گەنج، تەمەنی نێونجی بەساڵچوویی لە کوردستان بەرز دەبێتەوە و نەوەیەک نامێنێت بۆ بەرهەڵەست کردن و بەرێوەبردنی خەباتی نەتەوایەتی و ڕزگاری کوردستان و بەوە پرۆسەی یەک نەتەوە، یەک زمان، یەک فەرهەنگ و یەک ئاڵای ئێران کە لە سەردەمی رژێمی پەهلەوییەوە بەشێوەیەکی سیستماتیک بەرنامەی بۆ داڕێژراوە بە شێوەیەکی نەرم جێبەجێ دەبێت.

ئەو کەسانەی کە ئامادە نین کوردستان بەجێ بێڵن، ناچارن مل بدەنە ئەو کارانەی کە یان بۆیان پەروەردە نەکراون و لەڕاستیدا گەنجان و بنەماڵەکان دوای تەمەنێک سەرمایەگوزاری بۆ خوێندن و پەروەردە هەست بە فیڕۆ چوونی تەمەن دەکەن. ئەمەش نرخی نەخۆشییە دەروونییەکان و خۆکوژی لەناو خەڵکی کورددا بەرزتر لە بەشەکانی دیکەی ئێران دەکات. ئەوانەی کە ڕوو لە کاری پرچەرمەسەری و پرمەترسی کۆڵبەری دەکەن لە پێناو بژێوی وەڵامدانەوەی پێویستییە ئابوورییەکانی بنەماڵەیان ناچارن گیانی خۆیان بخەنە مەترسی. بەراورد دەکرێت ڕۆژانە یەک تا سێ کۆڵبەری کوردستان لە لایەن هێزەچەکدارەکانی ئێران دەکوژرێت و بریندار دەبێت. ئەمە جگە لە ئاماری کەوتنەخوار لە سەرمای زتساندا ڕەقبوونی کۆڵبەران و کوژرانی بارگینەکان و لەناوچوونی کەرەسەی هاتووچۆیانە کە نرخی خۆی لە سەدان ملیۆن تمەن دەدات.

بەرهەمی گشتی ناوخۆیی (GDP) وەک پێوەرێکی کاریگەر بۆ پێوانی ئاستی خۆشبژێوی و دابەشکردنی ئاسایشی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە ناو کۆمەلگادایە. بە پێی بەرز بوونەوەی ئاستی بەرهەمی گشتی ناوخۆیی چاوەڕوانی ئەمەیە کە ئاستی خۆشبژیوی خەڵکیش زیاد بکرێت. بەو زیادکردنی بەرهەمی گشتی ناوخۆیی وەک یەکێک لە ئامانجە هەرە گرینگەکانی وڵاتان لە سیاسەتدا دادەنرێت. بە بەراورد کردنی ئاستی ناوەندی بەرهەمی گشتی وڵاتی ئێران و پارێزگافارسەکان و پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەبیندرێت کە سیاسەتی گشتی و ستراتێژی دەوڵەت هەژارکردنی خەڵک و رێگەنەدانە بە گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی لە کوردستانە. بە پێێ لێکۆلینەوەکانی زانکۆی تاران[1] لە ساڵی ١٤٠٢ دا ئاستی نێونجی بەرهەمهێنانی گشتی لە پارێزگاکانی کوردستان تەنیا ١،٣٨٨ لە سەد بووە لە کاتێکدا پارێزگاکانی فارس نشین ئاستی بەرهەمهێنانی گشتی ١٣،٥٩٣ و ئاستی ناوەندی سەرانسەری وڵات ٣،٢٢٥  بووە. واتە ئاستی بەرهەمهێنانی گشتی کوردستان نیوەی ئاستی ناوەندی هەموو وڵات بووە. لەو بەراوردەدا بەرهەمهێنانی نەوت کە لە هەموو وڵاتدا دابەش نەکراوە لە بەرچاو نەگیراوە. لێکۆلینەوەکانی زانکۆی تاران دەسەلمێنن کە کۆچبەری لە پارێزگاکانی نەتەوە بندەستەکان لەوانە کوردستان و بەلووچستان بەرەو "ناوەند" یەکێکی دیکە لە گەشەی بەرهەمی گشتی ناوخۆییە. هەر لەو توێژینەوەیەدا دەردەکەوێت کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە شێوەیەکی سیستماتیک هەوڵی داوە پۆتانسیەلە ئابوورییەکانی کوردستان لەناو ببات و رێگە نەدات گەشەی هاوسان و پایەدار بکات و پۆتانسییەلە ئابوورییەکانی لە پێناو خۆشبژیوی خەڵک بەکار بهێندرێت.

ئەسڵی نۆی (٩)ی دستووری ئێران بەناوی پاراستنی "تەواویەتی ئەرزی ئێران" بە کردەوە باسکردن لە هەرجۆرێک مافی نەتەوایەتی لە نەتەوەکانی ئێران قەدەغە دەکات. هەروەها یاسای سزای ئێران (قانون مجازات تبلیغ تبعیض نژادی ‌مصوب 1356.4.30) بە کردەوە باسکردن لە هەڵاواردنی ئایینی، ڕەگەزی و نەتەوەیی قەدەغە دەکات و هەروەها یاسای "مطبوعات"یش بە کردەوە باس کردن لە جیاواوزییە نەتەوەییەکان و ستەمەکانی کۆمەڵایتی و نەتەوایەتی بە دژایەتی لە گەڵ "تمامیت ارضی" وڵات دادەنێت. بەوە ستەمی نەتەوایەتی و چەوساندنەوە لە ئێران لە رێگەی پرۆسەیەکی یاساییەوە بەرێوە دەچێت و کەسیش مافی نیە دژی ئەو ستەمانە دەنگ هەڵبرێت. چونکە دژایەتی کردن لە گەڵ ئەو ستەمانە بەواتای لە مەترسی خستنی "ئاسایشی نەتەوەیی" (بڕ. قانون حدود قصاص) و "تمامیت ارضی" وڵات (بڕ ئەسڵی ٩ی قانون اساسی جمهوری اسلام) لە قەڵەم دەدرێت.

 

ئاپارتایدی زمانی

 ئاپارتایدی سیستماتیکی کۆماری ئیسلامی ئێران دژی زمان و شوناسی نەتەوەیی خەڵکی کوردیش دەبیندرێت: ناوە کوردییەکان بە گشتی لە ئێراندا تۆمار ناکرێن یان ئەگەریش تۆمار بکرێن دەبێ ناوێکی عەرەبی (ئیسلامی) لە گەل خرابێت. ساڵی ١٣٩٩ بۆدجەی "ادب فارسی" لە ئێراندا ٢٦ ملیار تمەن بوو. بۆ سازکردنی هەر وشەیەکی فارسی دەوڵەت ١١ ملیۆن تمەنی بەکار دەهێنا. لە کاتێکدا زمانەکانی دیکەی جوغرافیای سیاسی ئێران بریتی لە تورکی ئازەربایجانی، کوردی، تورکمانی، گیلەکی، عەرەبی، بەلووچی و زمانەکانی دیکە نەتەنیا هیچ بوودجەیەکی بۆ ڕەچاو نەگیراوە (بە پێچەوانەی ئەسڵی ١٣ی پانزدەهەمی دستووری ئێران) بەڵکوو چالاکانی فەرهەنگی ئەو زمانانە کە بەشێوەیەکی دڵخوازانە و لەسەر حیسابی خۆیان لە پێناو گەشەی زمانی خۆیاندا چالاکییان دەکرد دەستگیر و زیندانی دەکرێن. هەر ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی زمانی کورد، تورک و گیلەک و بەلووچی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندان و بە تاوان جیاوازی خوازی و پەرەسەندنی "نژادپرستی" لە ئێراندا سزا دراون. زارا محەمەدی نموونەی هەرە ناسراوی ئەو بوارەیە کە ساڵی ١٣٩٩ پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو. بوودجەی دەوڵەت لە ساڵی ١٤٠١ دا بۆ گەشەی زمانی فارسی لە جیهانی مەجازیدا ٦٥٣ ملیۆن تمەن بووە و هاوکات رژێمی کۆماری ئیسلامی پێشگیری دەکات لە دامەزراندن و گەشەکردنی زمانەکانی دیکە بەتایبەت کوردی لە ئاستی جیهانی مەجازیدا.

 

ئاپارتایدی سیاسی

بەکاربردنی توندوتیژی لە ئاست کۆمەلگادا یەکێکی دیکە لە دیاردەکانی پرۆسەی ئاپارتادید دژی نەتەوەی کوردە. لە وتاری "تیرۆریزمی دەروونی" (رۆژنامەی کوردستان ژمارە ٨٥٦)دا توندوتیژییەکانی سیاسی و دەروونی رژێم دژی نەتەوەی کورد ئاماژە پێکراوە. بە کورتیش بێت تەنیا لە ماوەی شۆرشی ژن ژیان ئازادیدا دوای کوژرانی ژینا ئەمینی لە لایەن رژێمی ئێرانەوە ٥٦٪ی کوژراوەکانی خۆپێشاندانەکان لە کوردستان و بەلووچستان بوون. بە پێی ئامارەکان زیاتر لە ٧٠٪ رێژەی زیندانیە سیاسییە ئێعدامکراوەکان کوردن و زیاتر لە ٥٠٪ی زیندانیانی سیاسی سەرانسەری ئێران کوردن. لەکاتێکدا کورد تەنیا ١٤٪ لە دانیشتوانی ئێران پێک دێنێت.

لە گۆڤاری " فصلنامه مطالعات دفاعی استراتژیک" سەر بە زانکۆی سەربازی "دفاع ملی" دا زیاد بوونی ژمارەی دانیشتوانی "سوننە" (بخوێننەوە نەتەوەکانی نافارس) وەک هەڕەشەیەکی ئاسایشی ناوبراوە. لەو ڕووەوە کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵی داوە لە ناوچەکانی وەک رۆژهەڵاتی کوردستان و سیستانی بەلووچستان کارێک بکات کە ڕادەی مەرگ و میر، خۆکوژی، کوژرانی بە ڕووداوی هاتووچۆ و کوشتنی کۆڵبەر و "سوخت بر" پێشی زیاد بوونی ژمارەی دانیشتوانی ئەو نەتەوانە بگرێت. بە پێی توێژینەوەکانی دەزگاری بەرێوەبەری توێژینەوەکانی وەزارەتی تەندوروستی (معاونت تحقیقات وزارت بهداشت) ئاستی شێرپەنجەی کۆئەندامی سەرەوەی گەدە و ڕیخۆڵە بەتایبەتی گەدە و سورێنچک لە پارێزگاکانی کوردستان لە هەموو ئێران بەرزترە. لە کاتێکدا دەرمانی ئەو شێرپەنجەیە لە کوردستان ئەگەر نامومکین نەبێت زۆر زەحمەتە و تووشبووانی ئەو نەخۆشییە دەبێ ڕوو بکەنە شارەکانی تەورێز، تاران و ئیسفەهان. هۆی سەرەکی ئەو شێرپەنجەیە دەگەڕێتەوە بۆ زەختی ئابووری و سیاسی و لە ئەنجامدا بڵاو کردنەوەی سیستماتیکی مادەهۆشبەرەکان لە ناو خەڵکی کوردستاندا.

ئاپارتایدی یاسایی دژی کەمایەتییەکان لە ئێران

جیا لە بابەتەکانی سەرەوە ئاماژە کراو دستووری کۆماری ئیسلامی ئێران ئاپارتایدی سیاسایی و سیستماتیک بە شێوەکانی خوارەوە جێبەجێ دەکات: جیاوازی نێوان موسوڵمان و ناموسوڵمان، جیاسازی ناموسوڵمانەکان (بۆ نموونە: مەسیحی، جوو، زەردەشتی، یارسنای و بەهایی و بی ئایین)، جیاوازی مەزهەبی شیعەی اثنی عشری و مەزهەبەکانی دیکەی ئیسلام، جیاوازی موسوڵمانانی جەعفەری اثنی عشری بە خۆیی و ناخۆیی، جیاکردنەوەی ژن و پیاو و لەوانەشدا جیاوازی خستن لە نێوان ژن و مێردی موسوڵمان و ژن و مێردی ناموسوڵمان، ....

ئایدیۆلۆژی پاکاوتەکردنی شوناسەکانی جگە لە شوناسی فەرمیی کە کۆماری ئیسلامی ئێران و پێش لەویش رژێمی پاشایەتی بۆخۆی لە ئامانج داناوە بەشێوەیەکی سیستماتیک و یاسامەند بەرێوە دەچێت، ئەو ئەو سیاسەتەی کە لە ئەفریقایش باشووریش دژی رەشپێستەکان بەرێوە دەچوو. هەموو یاساکانی پێوەندیداری کۆماری ئیسلامی ئێران دژی پەیماننامەکان و جاڕنامەکانی مافی مرۆڤن کە ئێرانیش واژۆی کردووە و لە ڕووی یاساییەوە دەبێ پابەندی بێت. ئێران بۆ یاساکانی خۆی هەوڵی داوە بیانووی "فقهی" و "شەرعی" بۆی بدۆزێتەوە و لەو رێگەیەوە ئاپارتاید بکاتە ڕەوتێکی ئایینی و بەشێک لە "جیهادی بە ئیسلامی کردنێ" نەتەوەی کورد. کاتێک رێبەری رژێمێک دژی نەتەوەیەک فەرمانی جەهاد دەردەکات، ئەوا بە واتای دەرکردنی ئەو نەتەوەیە لە ئایینی ئیسلام دێت و ئەرکی ئوممەتی ئیسلامییە یان ئەو نەتەوەیە لە سەر گۆی زەوی پاک بکاتەوە یان بە زۆر بیکاتە موسوڵمان.

 

[1] محمد مولائی قلیچی؛ مجید رمضانی مهریان؛ حمیدرضا طهوری: ، سطح‌بندی استان‌های ایران بر مبنای سهم آن‌ها در تولید ناخالص داخلی منطقه (GDPR) با روش CoCoS، انتشار آنلاین از تاریخ 18 خرداد 1402

 

 

بۆچونی نوێ