حەسەنزادە: ئێستا ساتێکی گونجاوە بۆ یەکڕیزیی هێزە کوردییەکان

نوسەر: اخبارکم – اخبارنا / مسعود محمد
نوسراو لە بەرواری
0 0
06:06 2025 , June 20

عەبدوڵا حەسەنزادە لە وتووێژێکدا لە گەڵ «اخبارکم – اخبارنا»: کاتی یەکگرتوویی کوردانی ئێران هاتووە... و گرەوکردن لەسەر ڕووخانی ڕێژیم "پێشوەختە و مەترسیدارە".

 

اخبارکم – اخبارنا / مسعود محمد

لە کاتێکدا کە ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و ئێران توندتر بووە و ململانێیە گۆراوە بۆ شەڕێکی ئاشکرا، کە دەتوانێت ببێتە هۆی گۆڕانی هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا، عەبدوڵڵا حەسەنزادە، سکرتێری گشتی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بیرمەند و نووسەری سیاسیی کورد، لە وتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ سایتی هەواڵی " اخبارکم – اخبارنا "، داوای پێکهێنانی بەرەیەکی سیاسی یەکگرتوو لە نێوان هەموو لایەنە کوردییەکانی ئێران کرد.

.

🔻 حەسەنزادە: ئێستا ساتێکی گونجاوە بۆ یەکڕیزیی هێزە کوردییەکان.

حەسەنزادە وتی:

"ئەمە ساتێکی سیاسی چارەنووسسازە. چیتر قبوڵکراو نییە کوردەکانی ئێران لە ڕووی سیاسی و ڕێکخراوەییەوە بە لێکترازاو  بمێننەوە، لە کاتێکدا ئێران لە ئاستی ناوخۆیی و ناوچەییدا لە ناو توونێلێکی تاریکدا چەقیوە. ئێمە وەک هێزە کوردییەکان دەبێ لە چوارچێوەی بەرەیەکی سیاسیدا بە بەرنامەیەکی کورتخایەن و واقیعبینانە یەکبگرین. ئامانجی ئێمە دەبێ بەدەستهێنانی ئەو دەستکەوتانە بێت کە لەو قۆناغەدا مومکینە. بەبێ وەهمەکانی جیایی خوازی و دروشمەکانی ماکسیمالیستیانەی کە هەندێک رێکخراو بەرزی دەکەنەوە".

ناو براوی دریژەی دا:

" باسی جیایی لە ئێران هەروەک یەکێک لە حیزبەکان باسی لێ دەکات، لە هەلومەرجی ئێستادا واقعبینانە نیە و لە لایەن هێزەکانی ناوخۆیی وەک پاساو بۆ سەرکوتی ئێمە بەکار دەهێندرێت. ئەوەی ئێستا پێویستە بۆچوونێکی سیاسی واقعییە کە وردە وردە بتوانێت ئامادەیی و داخوازییەکانی کورد بەرەو پێش ببات و هاوکات ئامانجە درێژخایەنەکانی پێوەندیدار بە مافە سیاسییەکانمان بپارێزێت."

🔻 🔻 هۆشداری سەبارەت بە گرەوکردن لەسەر ڕووخانی تەواوەتی ڕژیم

حەسەنزادە سەرەڕای پێشهاتە سەربازییە بەرفراوانەکان، ڕەشبینی خۆی لە گریمانەی ڕووخانی نزیکی ڕێژیمی ئێران دەربڕی و وتی؛

ڕووخانی ڕژیم گەرەنتی نییە، زۆرن هێزی ناوچەیی و نێونەتەوەیی هەن کە بە دوای ڕووخاندنی دەسەڵاتدا نین، بەڵکو بە دوای لاوازکردن و کۆنتڕۆڵکردنی لە چوارچێوەیەکدا کە بتوانرێت دانوستان و کارلێکی لەگەڵدا بکرێت..

ئەوەشی خستەڕو:

"نیگەرانم لەوەی کە ڕووخانی ناتەواو یان پشێوی ڕژێم لە کۆتاییدا بە زیانی کورد کۆتایی پێبێت، وەک ئەوەی لە ڕابردوودا ڕوویدا کە کورد بە تەنیا مایەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تۆڵەسەندنەوە و خیانەت(ی ناونەتەوەیی)، وەک ئەوەی دوای ڕاپەڕینی جەماوەری لە عێراق لە ساڵی ١٩٩١ ڕوویدا".

🔻 لە ناوەڕاستی شەڕدا... کورد دەبێت لە ڕووی سیاسییەوە ئامادەبێت

حەسەنزادە لە هەڵسەنگاندنی شەڕی ئێران و ئیسرائیلدا جەختی لەوە کردەوە کە کورد نابێت تەماشاکەر بێت، بەڵکو پێویستە سوود لەم ساتەوەختە مێژووییە وەربگرێت و  یەکگرتووانە و پێکەوە داواکارییەکانی خۆی لە شێوەی ڕوانگەیەکی سیاسی و دانوستانکاریدا ڕێکبخات، جا چ لەگەڵ ڕژێمی ئێستا بێت یان بە واقیعێکی سیاسیی ئەڵتەرناتیڤ کە ڕەنگە سەرهەڵبدات.

ناو براو لە درێژەدا دەڵێت:

ئەگەر دەسەڵات بڕووخێت بۆشایی گەورە دروست دەبێت. وە ئەگەر نەڕوخێت لە هەموو کاتێک لاوازتر دەبێت. لە هەردوو حاڵەتەکەدا کورد بە پلانێکی ڕوون ئامادە بێت نەک بە دروشمی گشتی و ناڕوون.

🔻 بەکورتی: ڕیالیزمی سیاسی و دوورکەوتنەوە لە ماجەراجوویی

لێدوانەکانی حەسەن زادە ڕەوتێک لەناو بزووتنەوەی کوردی ئێراندا دەردەخەن کە باوەڕیان بە پراگماتیزمی عەقڵانی و پراگماتیزمی هەنگاو بە هەنگاو هەیە نەک ماجەراجویی شۆڕشگێڕانە. ئەم ڕەوتە جەخت لەسەر کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتە مێژووییە دەکاتەوە کە شەڕی ئێستا دەیخاتە ڕوو، بەبێ زیادەڕەوی یان پشتبەستن بە حیساباتی ئەکتەرە دەرەکییەکان.

 

بەڵام پرسیارەکە سەرەکییەکە هێشتا ماوە:

ئایا حیزبە کوردییەکانی ئیران وەڵامی ئەو بانگەوازە دەدەنەوە؟ یان دەبنە دیلی جیاوازییە مێژوویی و لێکدانەوە بەرچاوتەنگەکانی خۆیان، لە ساتێکدا کە ڕەنگە گرینگترین سات بێت بۆ داهاتوویان لە دەیان ساڵی داهاتوودا؟

 

سەرچاوە:

عبد الله حسن زاده لـ”أخباركم – أخبارنا”: حان وقت وحدة الكورد الإيرانيين… والرهان على سقوط النظام “مبكر وخطر” - أخباركم اخبارنا

بۆچونی نوێ