هونەرمەندی دیاری کوردستان، ئەحمەد نەبەز، لە ناڕەزایەتییەکدا بەرامبەر بە کەیسی گیانبەختکردنی "غەزاڵ مەولان"، بە کفنپۆشییەوە چووە بەردەم نەخۆشخانەی بەخشین لە شاری سلێمانی و چالاکییەکی جیاوازی هونەری ئەنجامدا.
لە چالاکییەکەدا کە لە شێوەی پیرفۆرمانسێکی هونەریدا پێشکەش کرا، ئەحمەد نەبەز بۆ ماوەی ٢٣ خولەک و بە بەکارهێنانی سەتڵێک ڕەنگی سوور، گوزارشتی لەو ٢٣ خولەکە کرد کە غەزاڵ لەبەردەم دەرگای نەخۆشخانەی بەخشین چاوەڕێی کردبوو هەتا ئەو ساتەی گیانی لەدەستدا. ڕەنگە سوورەکە هێمایەک بوو بۆ خوێن و ئەو کاتە زێڕینەی کە دەکرا ژیانی پێ ڕزگار بکرێت.
سەبارەت بە پاشخانی ڕووداوەکە، جێگەی باسە کە ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی خاکەلێوە، لە ئەنجامی هێرشێکی تیرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر کەمپی سوورداش، پێشمەرگەی کۆمەڵە، هاوڕێ "غەزاڵ مەولان چەپەرئاباد" بە سەختی بریندار بوو. پاش گواستنەوەی بۆ سلێمانی و وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی لە نەخۆشخانەی شۆڕش، بە مەبەستی ڕزگارکردنی ژیانی و وەرگرتنی چارەسەری بەپەلە، ڕەوانەی نەخۆشخانەی "بەخشین" کرا.
بەڵام وەک لە زانیارییەکاندا هاتووە، نەخۆشخانەی بەخشین دوور لە هەموو پرەنسیپێکی مرۆیی و پیشەیی پزیشکی، وەرگرتن و چارەسەرکردنی ئەو بریندارەیان ڕەتکردەوە، کە لە ئەنجامدا بووە هۆی ئەوەی غەزاڵ دوای ٢٣ خولەک چاوەڕوانی بێئاکام لەبەردەم نەخۆشخانەکەدا، گیان لەدەست بدات.