حیزبی دێموکرات: بەرگریی ڕەوا لە بەرامبەر هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی مافی بێ ئەملاولای ئێمەیە

نوسراو لە بەرواری 2026 , April 18
0 0

هەولێر – ژینامێدیا: ناوەندی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕایدەگەیەنێت، لە ئەنجامی هێرشێکی نوێی مووشەکی و درۆنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر کەمپێکی نیشتەجێبوونی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچەی جێژنیکانی سەر بە پارێزگای هەولێر، سێ کەس شەهید بوون و دوو پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون. حیزبی دێموکرات جەخت دەکاتەوە کە ئەم کردەوانە پێشێلکاریی ئاشکرای سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستانن و بە "تاوانی جەنگ" ناوی دەبات.

 

بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوەی کە ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، هێرشەکە دوانیوەڕۆی ڕۆژی ٢٨ی خاکەلێوە ئەنجام دراوە. لەو هێرشەدا دوو پێشمەرگە بە ناوەکانی "نەدا میری" و "سەمیرا ئەڵڵایاری" و هاووڵاتییەک بە ناوی "شاهین ئازەربەرزین" گیانیان لەدەست داوە.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی مانگ و نیوی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠٧ جار بە مووشەک و درۆن هێرشی کردووەتە سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات. حیزبی دێموکرات ئەم هەڵمەتانە بە بەشێک لە سیاسەتی "تۆڵەسەندنەوەی ڕێژیم بەهۆی شکستە سیاسی و ئەمنییەکانی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات" وەسف دەکات.

 

بەرگریی ڕەوا مافێکی یاساییە

ناوەندی هێزی پێشمەرگە بە ئاماژەدان بەوەی کە تاران بەردەوام ڕێککەوتننامە ئەمنییەکانی لەگەڵ عێراق پێشێل کردووە، ڕایدەگەیەنێت: "ئێمە بەرگریی ڕەوا بە مافی خۆمان دەزانین و وێڕای مەحکوومکردنی ئەم دەستدرێژییانە، ڕێگەی خەبات بۆ گەیشتن بە ئامانجە ڕەواکانی گەلی کورد بەردەوام دەبێت."

 

داواکاری لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی

حیزبی دێموکرات لە پەیامەکەیدا داوا لە وڵاتانی دێموکرات و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات کە پرسی مافی مرۆڤ و خەباتی دێموکراسیخوازانەی گەلی کورد نەکەنە قوربانیی بەرژەوەندییە ئابووری و ئەتۆمییەکان. هەروەها داوایان لێ دەکات بە کردەوە فشار بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشانە و ئەنجامدانی لێپرسینەوەی یاسایی بەرامبەر بەو کردەوانەی کە بە "تاوانی جەنگ" دژ بە خەڵکی مەدەنی و پەنابەران ئەژمار دەکرێن.

 

پاشبنەما

دوای دەسپێکی شەڕی نێوان هاوپەیمانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، رژێمی ئێران دەستی کردووە بە هێرشی درۆنی و مووشەکی بۆ سەر بنکەکانی مەدەنی و پێشـەرگەی هێزە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان. ئەم هێرشانە کە زۆرجار کەمپ و شوێنە نیشتەجێبوونەکانی پەنابەرانی مەدەنی دەکەنە ئامانج، لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەندە نێودەوڵەتییەکانەوە بە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان ناوزەد کراوە.

بۆچونی نوێ