ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان: تاکە ڕێگەی دەربازبوون لە پیلانەکانی دژی ڕۆژئاوا، یەکێتی و ئیرادەی نیشتمانییە

نوسراو لە بەرواری 2026 , January 28
0 0

تۆڕێکی بەرفراوان لە ڕێکخراوە مەدەنی، فەرهەنگی و پیشەییەکانی شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا وێڕای ئیدانەکردنی توندی هێرشەکانی ئەم دواییەی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، داوای بەدەنگەوەچوونی بەپەلەی سەرجەم چین و توێژەکانی کورد دەکەن بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی خەڵک و نیشاندانی هەڵوێستی نیشتمانی.

 

بەپێی ئەو بەیاننامەیەی کە کۆپییەکی دەست (ژینامێدیا) کەوتووە، نۆ ڕێکخراوی چالاکی شاری مەریوان نیگەرانیی قووڵی خۆیان بەرانبەر بە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان دەربڕیوە و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە هێزە کوردییەکان لەو بەشەی نیشتمان، ساڵانێکە پارێزەری هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکان بوون لە بەرانبەر تیرۆریستانی داعشدا، بەڵام ئێستا ڕووبەڕووی "بێ‌ئەمەگی و ناپاکی" نێودەوڵەتی بوونەتەوە.

 

لە بەشێکی بەیاننامەکەدا هاتووە: "ڕووداوەکانی ڕۆژاوای کوردستان نیشاندەری ئەو ڕاستییەن کە تەنیا ڕێگە بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە و ئەو شاڵاوە دژەکوردەی دەستی پێ کردووە، بریتییە لە بازنەی برایەتی و پشتیوانیی هەمەلایەنەی خەڵکی سەرجەم پارچەکانی کوردستان."

 

ڕێکخراوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە گەلی کورد سەدان ساڵە بۆ ئازادی و کەرامەت تێدەکۆشێت و ئەزموونەکان سەلماندوویانە کە هەر کات کورد یەکگرتوو بووبێت، سەرکەوتوو بووە. لەو سۆنگەیەوە هێرشەکانی میلیشیاکانی سەر بە (ئەبو محەمەد جەولانی)یان بە توندی شەرمەزار کردووە و بە "نیوداعشیزمی نێودەوڵەتی" ناوزەدیان کردووە.

 

لەم بەیاننامەیەدا داوا لە جەماوەری کوردستان کراوە بە هەر بیروباوەڕێکەوە خاوەندارێتی لە خوشک و برایانیان لە ڕۆژئاوا بکەن و هاوکار بن بۆ کەمکردنەوەی مەینەتییەکانیان. هاوکات پەیامێکی ڕاشکاویان ئاراستەی هێزە سیاسییە کوردستانییەکان کردووە و داوایان لێ دەکەن "ئیرادەی نیشتمانیی خۆیان بنوێنن".

 

**لایەنە واژۆکارەکانی ئەم بەیاننامەیە پێکهاتوون لە:**

١. ئەنجومەنی فەرهەنگی - ئەدەبیی مەریوان

٢. ئەنجومەنی سەوزی چیا

٣. ناوەندی زانستی - فەرهەنگیی ڕۆنان

٤. ناوەندی فەرهەنگی - هونەریی ڤەژین

٥. ئەنجومەنی پێشگیری لە ماددە هۆشبەرەکان (ژیانەوە)

٦. ناوەندی سەلامەتیی ژین

٧. یەکێتیی مامۆستایانی ئایینیی مەریوان و هەورامان (یەمامە)

٨. سەندیکای کرێکارانی بیناسازی

٩. ئەنجومەنی فەرهەنگی - ئەدەبیی ڕۆجیار

 

پاشخان:

ئەم هەڵوێستەی چالاکانی مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای ئەوە دێت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، گرووپە چەکدارەکانی (دەستەی تەحریری شام) و میلیشیاکانی دیکەی نزیک لە تورکیا، هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ سەر ناوچەکانی باکووری سووریا و بەتایبەت ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات (HSD)دان دەست پێ کردووە، کە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی هەزاران هاووڵاتی کورد و مەترسیی گەورەی لەسەر ناوچەکە دروست کردووە.

بۆچونی نوێ