ڕۆژی هەینی ٩ی کانونی دووەمی ٢٠٢٦، شاندێکی هاوبەش کە پێکهاتبوو لە نوێنەرانی بەڕێوەبەریی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و فیدراسیۆنی کوردانی فینلاند، بە سەردانکردنی وەزارەتی دەرەوەی فینلاند، لەگەڵ بەڕێز یانە ئۆکسانێن، بەرپرسی مێزی سووریا لەو وەزارەتە، کۆبوونەوە و گفتوگۆیان کرد.
لەم کۆبوونەوە یەک کاتژمێرییەدا، دواین پێشهاتە مەیدانییەکان و دۆخی مەترسیداری مرۆیی لە ناوچە کوردنشینەکانی شاری حەلەب، بەتایبەتی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، تەوەرەی سەرەکیی گفتوگۆکان بوون. ئەندامانی شاندەکە بە ئاماژەدان بە توندتربوونی هێرشە سەربازییەکانی حکوومەتی دیمەشق بۆ سەر ناوچە مەدەنییەکان، داوایان لە حکوومەتی فینلاند و وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا کرد کە بە دروستکردنی گوشاری سیاسی و دیپلۆماسی، بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەم هێرشانە بێنە سەر خەت.
لە میانی ئەم دیدارەدا، داواکارییەکی فەرمی بە نوێنەرایەتیی کۆمەڵگەی کوردانی دانیشتووی فینلاند ڕادەستی وەزارەتی دەرەوە کرا. لەم یاداشتەدا بە جەختکردنەوە لەسەر بەپەلەیی دۆخەکە، داوا لە فینلاند و یەکێتیی ئەورووپا کراوە کە بۆ پاراستنی مەدەنییەکان و ڕێگریکردن لە توندتربوونی زیاتری تێهەڵچوونەکان، هەنگاوی کردەیی و کاریگەر بگرنەبەر.
بەپێی ناوەڕۆکی ئەم داواکارییە، لە ڕێکەوتی ٦ی کانونی دووەمی ٢٠٢٦ـەوە ناوچە پڕ دانیشتووان و مەدەنییەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە کراونەتە ئامانجی هێرشی بەرفراوانی هێزەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا؛ هێرشگەلێک کە بە بەکارهێنانی تۆپخانە، مووشەکهاوێژ، تانک، خومپارەهاوێژ و درۆنی خۆکوژ ئەنجام دراون و ڕاستەوخۆ مەدەنییەکانیان کردووەتە ئامانج. لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا، زیاتر لە ٨٠ کەس کوژراون یان بریندار بوون کە ژمارەیەکی زۆریان ژنان، منداڵان و بەساڵاچووانن. هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە خانووەکان، قوتابخانەکان و ژێرخانە مەدەنییەکان بەتوندی زیانیان بەرکەوتووە.
داواکارییەکە هەروەها ئاماژە بە گەمارۆی هەمەلایەنەی ئەم ناوچانە دەکات؛ گەمارۆیەک کە لە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ـەوە بە بڕینی کارەبا، ڕێگریکردن لە چوونی سووتەمەنی و گازوئیلی گەرمکردنەوە، داخستنی قوتابخانەکان بەهۆی سەرمای توند و داڕمانی وردەوردەی خزمەتگوزارییە تەندروستی و گشتییەکانەوە دەستی پێکردووە. داخستنی هەموو ڕێگەکانی هاتنەژوورەوە، جگە لە یەک ڕێگە کە بە توندی کۆنترۆڵ کراوە و تێیدا مەدەنییەکان ڕووبەڕووی پشکنینی هەڕەمەکی و پارەوەرگرتنی بەزۆر دەبنەوە، دۆخی مرۆیی زیاتر لە جاران قەیراناوی کردووە.
لەم بەڵگەنامەیەدا جەخت کراوەتەوە کە ئەم کردەوانە تەنیا ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی کاتی نین، بەڵکو بەشێکن لە سیاسەتێکی سیستماتیک بۆ دروستکردنی گوشار لەسەر دانیشتووانی مەدەنی؛ سیاسەتێک کە بە ئاشکرا بنەما سەرەکییەکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی، لەوانەش قەدەغەکردنی سزادانی بەکۆمەڵ و پێویستیی پاراستنی مەدەنییەکان، پێشێل دەکات.
شاندی نوێنەرایەتیی کۆمەڵگەی کوردانی فینلاند لە بەشێکی تری ئەم داواکارییەدا، بە وەبیرهێنانەوەی ڕۆڵی کورد لە زیاتر لە ١٥ ساڵ خەباتی بەردەوام دژی تیرۆر و بەتایبەتی داعش، هۆشداریی داوە کە بەجێهێشتنی ئەم کۆمەڵگایانە لە بەردەم بۆردومان و گەمارۆداندا، بەبێ دەستێوەردانی نێودەوڵەتی، ناوبانگی ئەورووپا و فینلاند وەک پارێزەرانی مافی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتی بەتوندی لاواز دەکات.
لەو داواکارییە دیاریکراوانەی کە لەم یاداشتەدا خراونەتەڕوو دەتوانرێت ئاماژە بەمانە بکرێت: ڕاگرتنی دەستبەجێی توندوتیژیی سەربازی و جێگیرکردنی ئاگربەست، هەڵگرتنی خێرای گەمارۆ و مسۆگەرکردنی دەستگەیشتنی ئازادانەی هاوکارییە مرۆییەکان، بەهێزکردنی میکانیزمە نێودەوڵەتییەکانی چاودێری و لێپرسینەوە، و پشتگیریکردن لە چارەسەرێکی سیاسیی دادپەروەرانە و دیموکراتیک لە سووریا کە مافی هەموو پێکهاتەکان بە کوردیشەوە بە فەرمی بناسێت.
بەڕێز ئۆکسانێن، بەرپرسی مێزی سووریا لە وەزارەتی دەرەوەی فینلاند، لەم دیدارەدا بەڵێنی دا کە داواکاری و نیگەرانییە باسکراوەکان بگەیەنێتە وەزیری دەرەوە و حکوومەتی فینلاند و لەم ڕێگەیەوە لە ئاستی یەکێتیی ئەورووپاشدا بەدواداچوونی بۆ بکات. ناوبراو هەروەها جەختی کردەوە کە فینلاند پشتگیری لە چارەسەری ئاشتییانە، دیموکراتیک و دادپەروەرانە بۆ قەیرانی سووریا دەکات.
ئەندامانی شاندە کوردییە بەشداربووەکەی ئەم دیدارە بریتی بوون لە: خەڵات دەمیر، شێڤین نەبی، هیوا شوانی و دکتۆر مەجید حەقی.
بە وتەی ڕێکخەرانی ئەم دیدارە، بێدەنگی و بێهەڵوێستیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە دۆخی ئێستای ناوچە کوردنشینەکانی حەلەب، بە واتای چاوپۆشیکردنە لە پێشێلکارییە مەترسیدارەکانی مافی مرۆڤ؛ پرسێک کە نەک تەنیا بە چارەنووسی مەدەنییەکان لە حەلەب، بەڵکو بە شکۆی یاسای نێودەوڵەتی و بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی ئەورووپا لە ناوەڕاستی جەنگدا گرێ دراوە.