لە جۆزەردانی ٢٧٢٥ی کوردیەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شایەتی گۆڕانکارییەکی ژیۆپۆلەتیکی بێوێنەی بەخۆیەوە بینی، کە زلهێزە ناوچەییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو دەگۆڕێت. کۆماری ئیسلامی ئێران کە بۆ دەیان ساڵ خۆی وەک یاریزانێکی سەرەکی لە “میحوەری خۆڕاگری” و پاڵپشتێکی ستراتیجیی بزووتنەوە چەکدارەکانی لوبنان، سوریا، فەلەستین و یەمەن نیشان دەدا، ئێستا لە ئەنجامی زنجیرەیەک پاشەکشەی ستراتیژیدا بووەتە دەوڵەتێکی تەریک کەوتوو، لاواز و لە دۆخی بەرگریدا.
لەو نێوەدا نەتەوەی کورد و حیزبە کوردستانیەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەلومەرجێکی نوێیان بۆ خوڵقاوە: هەلومەرجێک کە لەودا لاوازی ناوەند و تێکچوونی هێڵەکانی نفووزی ناوچەیی کۆماری ئیسلامی ئێران، دەرفەتێکی مێژووییان بۆ وێکگەیشتن، رێکخستن و داڕشتنی ستراتێژییەکی نوێ خوڵقاندووە. بەکار بردنی ئەو دەرفەتە لەو دۆخەدا تەنیا لە رێگەی یەکگرتوویی شوێندانەر و بنەڕەتی لە نێوان هەموو حیزبەکانی کوردستانی مۆسگەر دەبێت؛ یەکیەتیەک کە، ببێتە هۆی ئەوەی پرسی کورد لە پەراوێزەوە بەرەو ئەکتەربوون و شوێندانەری مێژوویی بگوازێتەوە.
بڵێسەی ئاگری گۆڕانکارییەکانی ئەو دواییانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣یەوە دەستی پێکرد، کاتێک تاقمی تیرۆریستی حەماس هێرشێکی لەنەکاو و کوشەندەیان بۆ دژی ئیسرائیل دەستیپێکرد. ئەم کردەوە تیرۆریستییە، کە بە پاڵپشتی هەواڵگری و لۆجیستیکی ئێران ئەنجام درا بوو بەهۆی وەڵامدانەوەی بەرفراوانی سەربازی ئیسرائیل و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بێنیامین نێتانیاهوو هەر بەدوای ئەو هێرشەدا ڕایگەیاند کە ئەوان نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕن. زنجیرەی کاردانەوەی ئیسرائیل دژی هێرشی ٧ی ئۆکتۆبر کە دەکرێ بە ١١ی سێپتامبری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوزەد بکرێت لە غەززەوە دەست پێبوو و دواتر حزب اللەی لوبنان و هێزەکانی سەربە ئێران لە سووریای لە خۆ گرتەوە.
شکستی حزب اللە لە بەرامبەر ئەرتەشی ئیسرائیل و کوژران و لەناوچوونی دەیان کەس لە فەرماندە و کادرەکانی پلەبەرزی ئەو رێکخراوە و لە سەرووی هەموویانەوە حەسەن نەسروڵا رێبەری ئەو تاقمە، بوو بە هۆی ئەوەی کۆماری ئیسلامی لە لوبنان شەلوگێڕ بێت. هاوکات لە ٨ی دێسەمبری ٢٠٢٤دا ڕژێمی دیکتاتۆری بەشار ئەسەد لە سووریا ڕووخا. بە ڕووخانی رژێمی ئەسەد و بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات لەلایەن دژبەرانی نزیک بە تورکیا و سعوودی، تاران یەکێک لە گرینگترین هاوپەیمانەکانی خۆی لە ناوچە و هێلی پێوەندی و لۆجیستیکی خۆی لە گەڵ حیزب اللە و دەریای ناوەڕاست (مدیترانه) لە دەست دا.
شەڕی دوازدە رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل کە لە رۆژی ١٣ی ژووئەنی ٢٠٢٥ دەست پێ بوو، خاڵی وەرچەرخانێکی گرینگ بوو لە ڕووداوەکانی ستراتێژیکی ناوچە و دەسپێکی نسکۆی هێزی ژیۆپۆلیتیکی کۆماری ئیسلامی بوو لە ناوچەدا. ئەم شەڕە دوای شکستی دانوستانەکانی کۆتایی نێوان تاران و واشنتۆن سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و پەسەندکردنی بڕیارنامەیەکی توند لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەستیپێکرد. ئیسرائیل، کە پێیوابوو، ئێران تەنیا چەند هەفتەیەکی ماوە بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناڤۆکی و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دەستپێشخەرانەی ئەنجام دا بە ئامانجی لەناوبردنی توانا ئەتۆمی و مووشەکییەکانی تاران.
هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بە ئاوهاهەنگی هێرشی هەوایی، مووشەکی و سایبری لە جۆری خۆیدا بێ وینەبوو. لەم هێرشانەدا، دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە نەتەنز، فۆردۆ و ئیسفەهان، بنکە مووشەکییەکان لە هەمەدان، تەبرێز و کرماشان، هەروەها ناوەندەکانی فەرماندەیی سوپای پاسداران لە تاران، کەرەج و قوم کرانە ئامانج.
لانی کەم ٣٠ کەس لە سەرداران و فەرماندەکانی باڵای سوپای پاسداران و کەسایەتییە سەرەکییەکانی هێزەکانی بەرگری کۆماری ئیسلامی ئێران لە نێویاندا زیاتر لە ١٤ زانای ئەتۆمی لە ناو چوون. سیستەمی بەرگری ئێران نەیتوانی بەرگەی هێرشە بەرفراوانەکان بگرێت و ئیسرائیل بە گرتنە دەستی ئاسمانی ئێران و ئاشکراکردنی هێزی دزەی قووڵی هەوڵگری خۆی بۆ ناو دامودەزگاکانی سەربازی بوو بە هۆی شکانی شکۆ، شەڕعیەت و ڕەوایی کۆماری ئیسلامی.
دوای ئاگربەستێکی شکێنەر بە نێوینجی گەری دۆنالد ترامپ و قەتەر لە ٢٤ی ژووئەن، ئێران وەک وڵاتێکی وێران کراو، هێزی نیزامی لاواز کراو و ورە ڕووخاو لە ئاستی جیهانی دا تەریکتر کەوتووتەوە. ئەو شەڕە نەک هەر پێگەی ناوچەیی کۆماری ئیسلامی لەناو برد، بەڵکوو بوو بە هۆی خوڵقانی قەیرانی ناوخۆیی لە ناو سپای پاسداران و سیستەمی دەسەڵاتداری و پێگەی کۆمەڵایەتی رژێمی ئیسلامی.
نسکۆی ستراتێژیکی ئێران لە سەر ئاستی ناوچە و لاوازیی دەزگا ئەمنیەتییەکانی رژێم لە ناوخۆدا، بێگومان دەبێتە هۆی بۆشاییەکی ژیوپۆلیتیکی، کە نەک تەنیا بۆ هێزەکانی ناوچەیی، بەڵکوو بۆ هێزەکانی نەتەوە بندەستەکان و گەلانی ئێران دەرفەت خوڵقێنە. لەم هەلومەرجەدا بۆ نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دۆخێکی بێهاوتا خوڵقاوە. دۆخێک کە دەتوانێت ببێتە دەسپێکی قۆناغێکی نوێی مێژوویی بۆ خەباتی نەتەوایەتی خەڵکی کورد؛ بە مەرجێک کەرەسە و دامەزراوەی پێویست بۆ کەڵک وەرگرتن لەو دەرفەتە دابین بکرێت. ئەمڕۆ جوغرافیای سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لێواری پێشکەوتنێکی نوێدایە. ئێستا ساتێکی مێژووییە بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە وەلانانی جیاوازییە سیاسی و ئایدۆلۆژی و کێشەکانی ناوخۆیی تاکتیکییەکان، بەرەو یەکێتی نەتەوەیی هەنگاو بنێن.
بەداخەوە بە درێژایی مێژووی دەیان ساڵەی خەباتی نەتەوایەتیماندا لێکدابڕنەکانی سیاسی و نەبوونی یەکگرتوویی ستراتێژیک لە نێوان حیزبە کوردستانییەکاندا، گرینگترین بەربەست بووە بۆ ئەوەی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پرسێکی خۆجێیەوە ببێتە پرسێکی سەرانسەری، ناوچەیی و ناونەتەوەیی. ئەزموونە تاڵەکانی مێژوو لەوانە ئاخێزی ژن، ژیان، ئازادی لە ساڵی ٢٠٢٢دا نیشان دەدەن کە دەرفەتەکان بە بێ وێکگەیشتن، یەکگرتوویی و بوونی پەیمانێکی کۆمەلایەتی – نەتەوەیی دەگۆڕدرێن بۆ هەڕەشە. بێگومان پێویستە لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بە چاوێکی ڕەخنەگرانە پێداچوونەوە بە ڕابڕدوو و بەتایبەت ڕابردووی خۆیان بکەنەوە و بەرەو داڕشتنی یەکگرتووییەکی نەتەوەیی گشتگر و بەشدارانە هەنگاو هەلگرن. یەکگرتووییەک کە کۆکەرەوەی هەموو هێز و وزەی سیاسی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان بێت بۆ گەیشتن بە ئامانجی ڕزگاری نەتەوەیی.
بنەما بنەڕەتییەکانی یەکگرتوویی هێزە سیاسیەکانی کوردستان:
یەکگرتوویی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان نابێ لە سەر بنەمای تاکتیکی کورتخایەن یان کاردانەوەیەک بێت بەرامبەر بە قەیرانێک، بەلکوو دەبێ لە سەر بنەمای پرەنسیپی نەتەوەیی، ستراتێژیک و ڕوانگەیەکی درێژخایەن بێت. هەندیک لەو بنەمایانە بە شێوەی خوارەوە پێشنیار دەکرێن:
1- قبووڵکردنی فرەچەشنی و پلۆرالیزمی هزری و رێکخراوەیی: یەکریزی بەواتای بێهەڤبەری و یەکسان سازی نیە. سەرەرای بوونی ئایدیۆلۆژی و ئامانجی جیاواز دەکرێ لە پێناو ئامانجی هاوبەشدا یەکگرتوو بین.
2- داڕشتنی جاڕنامەی نشتیمانی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان: ئەم میساقە دەتوانێ بنەماکانی وەک مافی دیاری کردنی چارەنووس، سەروەری سیاسی، سنووری جوغرافیای کوردستان، دێموکراسی، سێکۆلاریزم، دیسانترالیزە، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، ئابووری ئیکۆلۆژیک، هاوژینی لە گەل کەمایەتیەکانی ناو کوردستان، مافی یەکسانی بۆ هەموو لایەنەکان، ژیانی ئاشتیانە لە گەڵ نەتەوەکانی هاوسێی کوردستان و شێوازی چارەسەری کێشەکان لە گەڵ نەتەوە هاوسێیەکان بەتایبەت تورکەکانی ئازەربایجان لە خۆ بگرێت.
3- دامەزراندنی ئەنجوومەنی باڵای هەماهەنگی نشتیمانی کوردستان: ئەم دامەزراوەیە، بە ئامادەبوونی هەموو لایەنەکان و کەسایەتییە سەربەخۆکان دەتوانێت سەرچاوەیەکی ڕەوا بێت بۆ بڕیاردانی سیاسی، پێوەندییە ناودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی و رێکخستنی ناوماڵی کورد.
4- دیاسپۆرا وەک ستراتێژییەکی نەتەوەیی: کۆمەڵگای کورد لە دەرەوەی وڵات دەتوانێت ڕۆلێکی بەرچاو بگێڕێت لە ڕاگەیاندن، لۆبی و دیپلۆماسی و پاڵپشتی ماددی و دەبێ وەک قووڵایی ستراتێژیکی خەباتی نەتەوایەتی چاولێبکرێت و لە چوارچێوەی چەترێکی هاوبەش رێک بخرێت.
5- ئامادەبوون بۆ سناریۆکانی قۆناغی گوزار لە ئێران: هێزەکانی کوردستان دەبێ هەر لە ئێستاوە خاوەنی نەخشەرێگەی خۆیان بن بۆ داهاتووی ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی و لە پێوەندییەکانیاندا لە گەڵ لایەنەکانی دیکەی ئێرانی چ نەتەوە بندەستەکان و چ ئۆپۆزیسیۆنی سەر بە نەتەوەی سەردەست یەکگرتوویی هەڵوێستیان هەبێت.
کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمرۆ ئیتر ئەو ئەکتەرە کاریگەرە نییە کە دوێنێ بوو. شکست لە هەموو بەرەکانی شەڕ- لە شەڕی نیابەتیەوە بگرە تا شەڕی ڕاستەوخۆ لە گەڵ ئیسرائیل -، زەبرەکانی هەواڵگری، لە دەستدانی هاوپەیمانەکانی ناوچەیی و ناسەقامگیری ناوخۆیی کردوویەتی بە قەوارەیەکی "دیفاعی" و شپڕێو. ئەم دۆخە دەرەتانێکی ژیوپۆلیتیکی خوڵقاندووە کە دەرفەتێکی زێرینە بۆ بزاڤی نەتەوایەتی کوردستان و نەتەوە بندەستەکانی ئێران و بزاڤی دێموکراتیکی ئێران.
لە هەلومەرجی ئەمرۆدا یەکگرتوویی حیزبە کوردستانییەکان هەلبژاردەیەک نیە، بەڵکوو پێویستییەکی مێژووییە. ئەو دەرفەتەی ئەمرۆ لە بەردەم بزاڤی کوردستاندایە ئەگەر بە پێگەیشتوویی سیاسی و عەقڵانیەتی ستراتێژیک و کردەوەی هاوئاهەنگ وەڵامی نەدرێتەوە، لەوانەیە بۆ دەیان ساڵی دیکە دووپات نەبێتەوە. ئێستا کاتی ئەوەیە گەلی کورد بە ئیرادەیەکی بە کۆمەڵ دەرکەوێت. نەک لە پەراویز، بەڵکوو لە ناوەڕاستی پێشهاتەکانی ناوچەیی، بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی ئازاد، دادپەروەر و ئاشتیانە.