ئێران.. دەسەڵاتی دیکتاتۆری و تامی تاڵی ژەهر! - It's Over 9000!

ئێران.. دەسەڵاتی دیکتاتۆری و تامی تاڵی ژەهر!

نوسەر: عەبدوڕەحمان گەورکی
نوسراو لە بەرواری
0 0
04:08 2024 , August 25

ڕەنگە ئەم وتەیەی پاسدار (محەمەدباقر قالیباف) کە دوای تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنیە کوژرا، ئاماژەیەک بێت بۆ دۆخی ئێستای رێژیمی ئێران. ناوبراو وتی: "تامی شیرینی مەراسیمی دەستبەکاربوونی پزیشکیان بە "تاڵ" دەرچوو!"

دوای رێوڕەسمی سوێندخواردنی پاسدار مەسعوود پزیشکیان، ئیسماعیل هەنیە، رێبەری حەماس لە تاران تیرۆر کرا. پاسدار قالیباف، سەرۆکی مەجلیسی رژێم وتی: "رایدەگەیەنم کە پەرلەمان داوای کاردانەوەی بەرەنگاربوونەوە دەکات و لە هەمان کاتدا بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان بپارێزێت".

سەرەڕای سەرنجە جۆراوجۆرەکان سەبارەت بە شێوازی ئەم کوشتنە، هێشتا بە وردی نازانرێت کە ئەمکارە چۆن روویداوە و هیچ هێزێک بەرپرسیارێتی ئەمکارەی لە ئەستۆ نەگرتووە. ئەوەی گرنگە "دۆخی دەسەڵات"ە و "ئایا دەسەڵات بەرامبەری دەبێتەوە؟" بەرامبەر بە کێ و چۆن؟". گریمانەکردن و شیکاری زۆرە. بەڵام ئەوەی روونە و هەمووان لەسەری کۆکن ئەوەیە کە هەر کاردانەوەیەک لەلایەن رژێمەوە روو بدات، کاریگەری لەسەر "داهاتووی رژێم" و "دۆخی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست" دەبێت!

هەڵوێستەکان!

ئاخوند رەحیمی، جێگری دەزگای دادوەریی رژێم رایگەیاند: "داواکاری گشتی فەرمانی ناسینەوە و دەستبەسەرکردنی ئەو کەسانەی دەرکرد کە دەستیان لە تیرۆرکردنی (هەنیە)دا هەبووە یان وەک بریکاری نفوز بەکارهێنراون".

پەرەسەندنی قەیرانەکان و مەترسییەکانی شەڕ لە ناوچەکە وایکردووە چەند وڵاتێک لە وڵاتانی وەک لوبنان و ئیسرائیل و ئێران، هاووڵاتیانی خۆیان ئاگادار بکەنەوە و داوایان لێبکەن دەستبەجێ ناوچەکە بەجێبهێڵن. ژاپۆن، تورکیا، فەرەنسا، بریتانیا، ئەمریکا، سوید، سعودیە، ئوردن، ئیتاڵیا و نیوزلەندا هۆشدارییاندا بە هاوڵاتیانی خۆیان کە دەستبەجێ لوبنان بەجێبهێڵن بەهۆی تێکچوونی دۆخی سەربازی و ئەمنیەوە.

هەندێک لە گرنگترین هێڵە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکانیش گەشتەکانیان بۆ وڵاتانی ناوچەکە هەڵوەشاندەوە یان هێڵی هاتووچۆی خۆیان گۆڕیوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرانی حکومەتی ئێران چەندین جار لە دهۆڵی هێرش و "تۆڵەسەندنەوەی سەخت" لە دوای تیرۆرکردنی هەنیە لە تاران و لێدوانەکانی خامنەیی سەبارەت بە "خوێنخوازی" و "سزادان" دەژەنن. کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رژێم، وتی: رژێم "بە دڵنیاییەوە بە هێز و ئیرادەوە، هەنگاوی جیددی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم هێرشانە ئەنجام دەدات".

ڕۆژی دووشەممە ١٥ی گەلاوێژ، ماتیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان وتی: ئێمە بەردەوام لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە پەیاممان ناردووە و هانی وڵاتانمان داوە بە رژێمی ئێران بڵێن کە پەرەسەندنی گرژییەکان لە بەرژەوەندی ئەواندا نییە و ئێمە بەرگری لە ئیسرائیل دەکەین".

وەزیرانی دەەرەوەی حەوت وڵاتی گەوری پیشەیی جیهان (گروپی 7) لە کۆبوونەوەی بەپەلەی خۆیداندا، خوازایاری لەسەرەخۆبوون و کەمکردنەوەی ئاڵوزییەکان لە ناوچەدا بوون. لە بەیاننامەکەی گروپی ٧دا بۆ نموونە هاتووە: "ڕووداوەکانی ئەمدواییە هەڕەشەی هەڵگیرسانی شەڕێکی فراوانتر لە ناوچەکەدا دەکەن".

بەپێی راپۆرتی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، رژێمی ئێران هەوڵی نێوەندگیریی ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی رەتکردووەتەوە. رێبەرانی رژێمی ئێران بە دیپلۆماتکارە عەرەبییەکانیان راگەیاندووە، ئەگەر وەڵامدانەوەی سەربازی ئێران ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی شەڕ لە ناوچەکەشدا، گرنگ نییە.

سیناتۆر مارکوەین مولین، ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزارییە چەکدارەکانی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا رایگەیاند: (ئەوەی پێویستە حکومەتی ئەمریکا بزانێت ئەوەیە کە ئاشتی لە رێگەی سازانەوە بەدەست نایەت، بەڵکو بە رێگەی هێزەوە بەدەست دێت. ئێستا سەری مارەکە، رژێمی تارانە و بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بووە و دەبێت ئەم سەرە بقرتێنرێت).

حەسەن نەسروڵڵا، بەرپرسی حزبوڵڵا لە لوبنان لە 16ی گەلاوێژ وتی: (ئێران ئێستا خۆی پابەند کردووە بە وەڵامدانەوەی توند لە دوای تیرۆرکردنی هەنیە. بێگومان نابێ چاوەڕوانی ئەوە بکرێت کە ئێران بە هۆی کێشە ناوخۆییەکانیەوە لەگەڵ ئیسرائیل بچێتە شەڕەوە).

مایک پۆمپیۆ، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا بە فۆکس نیوزی راگەیاند: (کاتێک ئێوە ئیرادە خۆتان لە دژی رژێمی ئێران نیشان دەدەن، وەک چۆن لە کاتی لە ناوبردنی "قاسم سولەیمانی"دا کردمان، رژێمی ئێران خۆی کۆ دەکاتەوە و سیاسەتی رێگریکردنمان لە بەرانبەریاندا سەرکەوتوو دەبێت. زمانی هێز، تاکە زمانە کە ئەم دەسەڵاتە لێی تێدەگات”. (فۆکس نیوز ١٦ی گەلاوێژ)

رۆژی سێشەممە 6ی ئابی 2024، حەماس، یەحیا سینوار، فەرماندەی حەماس لە غەززەی، وەک سەرکردەی سیاسی نوێ و جێنشینی هەنیە راگەیاند. سێنوار وتی کە "دەبێت ئیسرائیل لە ناو بچێت". ئەندامێکی باڵای بزووتنەوەی حەماس بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، بە هەڵبژاردنی سێنوار وەک سەرۆکی حەماس، پەیامێک بۆ ئیسرائیل دەنێرین کە حەماس درێژە بە شەڕەکەی دەدات.

ئایا رێژیمی ئێران هێڕش دەکات؟

ئەگەچی دەوڵەتانی جیاواز بە شێوازی جۆراوجۆر داوایان لە رژێمی ئێران کردووە خۆیان لە تۆڵەسەندنەوە بەدوور بگرێت، بەڵام ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە ئایا رژێم خۆی لە تۆڵەسەندنەوە دەپارێزێت و ئەگەر کشانەوەی رابگەیەنێت، متمانە لە دەست نادات؟

بە پێی ئەو کۆدەنگییە تیۆرییەی هەیە، دوای تیرۆرکردنی هەنیە لە تاران، رژێمی ئێران خاڵی وەرچەرخانێکی تێپەڕاندووە، کە یان دەبێت "دەڤری ژەهرەکە بخواتەوە" و ریفۆرمخوازان و رۆژئاواییەکان رازی بکات کە نایەوێت ئەنجامی بدات و ئەوپەڕی، هەنگاوێکی بچووک لە خۆی نیشان دەدات، یان پەنا بۆ "خوێنڕشتن" و "سزای سەخت"ی خامنەیی دەبات!

میدیای رۆژئاوایی و لە نێویاندا رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، رۆژی پێنجشەممە 18ی گەلاوێژی نووسیویانە: رژێمی ئێران دەیەوێت هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، بەڵام توانای شەڕێکی بەرفراوانی نییە. تاران و هاوپەیمانەکانی ئامادەنین بۆ ململانێی تەواو لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا. عەلی فەزڵوڵڵا، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە بەیروت، کە ئاشنایە بە رێکخراوی حزبوڵڵا، دەڵێ نە حزبوڵڵا و نە ئێران شەڕێکی بەرفراوانیان ناوێت. عادلی، باڵیۆزی پێشووی رژێم لە بریتانیا، کەنەدا و ژاپۆن، وتی: ئامانج لە تیرۆرکردنی هەنیە، راکێشانی رژێمی ئێرانە بۆ شەڕێکی راستەوخۆ.

دوا وشە!

رژیمی ئایینیی ئێران لە لاوازییەکی تەواودایە! خەڵکی ئێران ئەم رژیمەیان ناوێت و بەدوای راپەڕینێکدا دەگەڕێن بۆ رووخاندنی. جیهان لە تەنیشت خەڵکی ئێران وەستاوە. ئەوەی بەتەنهایە و دۆڕاوە، رژێمی دەسەڵاتی ئایینی ئێرانە. خەڵک و موقاومەتی ئێران براوەی سەرەکی هەموو پێشهاتەکانن لە پێوەندی لەگەڵ ئێراندا. ئەوان بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕێن بۆ تەواوکردنی کارەکەیان!

ئێستا موقاومەتی ئێران لە سەرتاسەری ئێران لە هەموو کاتێک بەهێزتر و رێکخراوترە. جگە لە (ئەڵتەرناتیڤی دێموکراتیکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران) هیچ هێزێکی واقیعی و کردەیی لە مەیدانەکەدا نییە. ئەوانەی چاویان لە هێزێکیترە بۆ رووخاندنی رژێمی، تەمەنیان لە بێهودەیی تەواودا بەسەر دەبەن!

بۆیە هەڕەشەکانی رژێمی ئایینی، "کێش" و "مەودا"ی کرداریی نییە و بێ کاریگەرییە و زیاتر بابەتی پڕوپاگەندەییە بۆ رازیکردنی ئەوانتر. تەمەنی ئەم دەسەڵاتە روو لە تەواوبوونە و رووخاندنی رژێم لەلایەن خەڵکەوە و موقاومەتی ئێرانەوە بێ مشتومڕە و گومان هەڵناگرێت!

***

بۆچونی نوێ